ئەمڕۆ چوارشەممە #04-03-2020# بە سەرپەرشتیی #نێچیرڤان بارزانی# سەرۆکی هەرێمی کوردستان و بە ئامادەبوونی جێگرانی سەرۆکی هەرێم، کۆبوونەوەی هاوبەشی لایەنە سیاسییەکانی کوردستانی بەشدار لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە #هەولێر#، ئەنجام درا.
کۆبوونەوە تایبەت بوو بە هەڵسەنگاندنی دۆخی سیاسیی عیراق دوای سەرنەکەوتنی هەوڵەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی فیدرالی عیراق و هەنگاوەکانی داهاتوو بۆ پێکهێنانی حکوومەت.
سەرەتا سەرۆک نێچیرڤان بارزانی سوپاسی لایەنە سیاسییەکان و فراکسیۆنە کوردستانییەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقی کرد بۆ یەکهەڵوێستییان لە مامەڵەکرن لەگەڵ دۆخی ئێستای عیراقدا و جەختیشی لەوە کردەوە کە پارێزگاری لەم یەکڕیزی و یەکهەڵوێستییە بکرێت و سەرۆکایەتیی هەرێمیش وەک چەتری کۆکەرەوەی هەموو لایەنە کوردستانییەکان، لەسەر بنەمای ئەرک و مافەکان پشتگیر و پارێزەری ئەم یەکڕیزی و یەکهەڵوێستییە دەبێت.
کۆبوونەوە جەختی لەسەر پەرۆشیی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی عێراق کردەوە و هەموو هاوکاری و پشتگیرییەکی بۆ هەوڵەکانی چارەسەری و دەربازکردنی عێراق لە کێشە و قەیرانەکان لە چوارچێوەی دەستووردا و لەسەر بنەمای هاوبەشیی ڕاستەقینە و دابینکردنی مافی هەموو پێکهاتەکانی عێراق، کردەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا دووپات کرایەوە کە لایەنە کوردستانییەکان وەک هەمیشە بەشێک دەبن لە چارەسەر و لەم پێناوەدا هەموو توانایەک دەخەنە گەڕ، هەروەها هەموو لایەنە سیاسییەکان ئامادەییی خۆیان دووپات کردەوە بۆ چوونەناو پرۆسەی گفتوگۆیەکی گشتگیری نیشتمانیانە بۆ پێکهێنانی کابینەی ئایندە بە شێوەیەک وەڵامدەرەوەی داوا ڕەواکانی تێکڕای گەلی عیراق بێت، توانای چارەسەرکردنی کێشە و قەیرانەکانی وڵاتی هەبێت، ببێتە مایەی ڕەزامەندیی تەواوی پێکهاتەکانی عیراق و مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان دابین بکات.
#04-03-2020#