هاووڵاتییانی بەڕێزی کوردستان!
دانیشتووانی مرۆڤدۆست و نیشتمانپەروەری ناوچەی #پیرانشار#!
هەر وەک ئاگادارن، ڕێکخراوەکان و چالاکانی کۆمەڵگای مەدەنیی پیرانشار بە هەستکردن بە ئەرکی مرۆیی و نیشتمانیی خۆیان و بە پشتبەستن بەو متمانە گەورەیەی لە ڕابردوودا لەلایەن ئێوە هاووڵاتییانی نیشتمانپەروەر و دەروەستەوە پێمان بەخشراوە، هەروەها بە ڕەچاوکردنی دۆخی تایبەتی وڵات و بە مەبەستی خۆپارێزی و پاراستنی تەندروستیی خەڵک، لە کەمپەینێکی تەواو ئینتەرنێتی و مەجازیدا (کە یەکەمین ئەزموونی گشتگیری لەو چەشنەیە)، هەڵمەتێکی کۆکردنەوەی یارمەتیی نەغدیی بۆ زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەی کوتۆلمان ڕاگەیاند و ئێستا بەوپەڕی شانازییەوە ڕادەگەیەنین:
1 کەمپەینەکەمان لە ماوەی 9 ڕۆژ کار و چالاکیی بەردەوام و چڕوپڕ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، لەگەڵ شەپۆلێکی بێ وێنەی پاڵپشتی لە هەموو شار و ناوچەکانی کوردستان ڕووبەڕوو بووە.
لە ئاکامدا، کەمپەین ڕۆژی هەینی 17ی ڕەشەمە، سەرکەوتووانە کۆتایی بە چالاکییەکانی هێنا.
2- کۆی ئەو یارمەتییانەی بۆ ژمارە حیسابەکانی کەمپەین نێردراوە، بریتییە لە حەفتا و دوو ملیۆن و دە هەزار تمەن.
3- بەڕێوەبەرایەتیی کەمپەینەکەمان بە هاوکاری لەگەڵ کەمپەینی زاگرۆس و بە ڕاوێژ لەگەڵ کەمپەینی سەرەکیی ناوچەی کوتۆل، بە شەفافییەت و ئەمانەتەوە هەموو یارمەتییەکان دەگەیەنێتە دەستی زیانلێکەوتووان و ئاکامەکەی لە ڕێگەی ڕاگەیاندنە گشتییەکانەوە بە ئاگاداریی ڕای گشتی دەگەیەنێت.
4 ڕێکخراوەکان و چالاکانی مەدەنیی پیرانشار، وێڕای ئاراستەکردنی گەرمترین سپاس و پێزانینی خۆیان بۆ ئەو هەڵوێستە نیشتمانییەی هاووڵاتییانمان، بەڵێن نوێ دەکەنەوە کە تا هەمیشە داکۆکی لەو بەها بەرزە مرۆیی و نیشتمانییانە بکەن کە کۆمەڵگاکەمان پێیان پابەند و سەربەرزە و پێیانەوە دەناسرێتەوە.
کەمپەینی ڕێکخراوە مەدەنییەکانی پیرانشار بۆ یارمەتیدانی زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەی کوتۆل:
بنکەی مەدەنیی کافە کتێبی ئەندێشە (پیرانشار)
ڕێکخراوەی ژینگەپارێزانی پیرانشار
ئەنجومەنی ئەدەبیی ڕووناک
باشگای شاخەوانیی هەڵگورد
ئەنجومەنی هونەریی شانۆی پیرانشار
18ی ڕەشەمەی 2719
#08-03-2020#