لە کۆنفراسێکی ڕۆژنامەوانیدا، هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری #سلێمانی# چەند بڕیارێکی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا ڕاگەیاند:
1. ڕاگرتنی هاتووچۆ لەنێوان قەزاو شارو شارۆچکەکانی سنوری پارێزگای سلێمانیدا، جگە لە تیمە تەندروستیەکان و وەفدی ڕەسمی و (ڕێکخراوو ئاژانسەکانی UN)و هێزە ئەمنیەکان و ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان، بۆ هەر حاڵەتێکی تر پێویستە بە ڕەزامەندیی قائیمقامیەتی سنورەکە بێت بە هەماهەنگیی لەگەڵ بەڕێوەبەرێتی ئاسایشدا. ئەم بڕیارە لە سەعات 12ی ئەمشەوەوە دەچێتە باری جێبەجێکردنەوەو تا 28/ 3/ 2020 بەردەوام دەبێت.
2. ڕاگرتنی هەموو هێڵەکانی گواستنەوەی گشتی (پاس و مینی پاس)ی ناوشارو دەرەوەی شارەکان لە سنوری پارێزگای سلێمانیداو ڕێ بە هاتنی هیچ گواستنەوەیەکی گشتی لە پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆکانەوە بۆ سلێمانی نادرێت. لە سەعات 12ی ئەمشەوەوە تا 1/ 4/ 2020.
3. ئاڵوگۆڕی بازرگانیی بۆ پێداویستیە سەرەکییەکان و سوتەمەنی بەردەوام دەبێت و لەژێر ڕێنماییەکانی بەڕێز وەزیری داراییدا ئاڵوگۆڕو جموجوڵە بازرگانییەکاندا لە مەرزەکاندا باشتر ڕێکدەخرێنەوە.
4. قائیمقامیاتی شارۆچکەی مەڵبەندی سلێمانیت و ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی و بازرگانەکان ڕاسپێردران بە پەیڕەوکردنی گەیاندنی پێداویستیە سەرەکیەکان بۆ گەڕەکەکان، بۆئەوەی هاووڵاتیان پێویستیان بە سەردانکردنی بازاڕەکان نەبێت.
5. لەژێر ڕێنماییەکانی #وەزارەتی ناوخۆ#دا، داوا لەو هاووڵاتیانە دەکەین، کە هەڵگری پاسپۆرتی عێراقین و بە ڤیزەی شنگن سەردانی ئەوروپایان کردووە لەوماوەیەی کە وەزارەتی ناوخۆ ڕایدەگەیەنێت بگەڕێنەوە بۆ کوردستان بەمەبەستی کەرەنتینەکردنیان، ئەو هاووڵاتیانەشی پاسپۆرتی وڵاتێکی تر یان مافی مانەوەیان لە وڵاتانی تر هەیە داوایان لێدەکەین بەهیچ شێوەیەک سەردانی کوردستان نەکەن.
6. هەرکەسێک بەقاچاخ خەڵک بێنێتە کوردستانەوە، یان بە قاچاخ بگەڕێتەوە هاوشێوەی تاوانبار مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت و ڕووبەڕووی توندترین سزای یاسایی دەکرێتەوە.
7. داخستنی هەموو کافتریاو چایخانەو ئەو شوێنانەی خەڵک تیایاندا کۆدەبێتەوە تا کاتێکی نادیار.
8. پێویستە هاووڵاتیان لە ماڵەکانی خۆیاندا بمێننەوەو بۆ کاری زۆر پێویست نەبێت نەیەنە دەرەوەو وەزارەتی ناوخۆ لە نزیکترین کاتدا هاتووچۆ لە سەنتەری شارەکانی سلێمانی و #هەولێر#دا قەدەغە دەکات و پێویستە هەموولایەک پابەندبن پێیەوە.
9. هەر بازرگان و فرۆشیارو تاکسییەک قۆرخکاریی بکات و نرخی کاڵاکان و گواستنەوە بەرز بکاتەوە، بەتوندترین شێوە سزای یاسایی دەدرێت.
10. پێویستە هەموو هاووڵاتیان بەتەواوی پابەندی ڕێنماییەکانی خۆپاراستن لە ڤایرۆسی کۆرۆنا ببن، کە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان و لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەکانی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا لە پارێزگای سلێمانی دەرچوون.
#13-03-2020#