ئەمڕۆ سی و دوو ساڵ بەسەر کارەساتی کیمیابارانکردنی #هەڵەبجە#ی شەهيددا تێدەپەڕێت کە لەلايەن ڕژێمی پێشووی عێراقەوە ئەنجام درا و بووە هۆی شەهيدبوونی پێنج هەزار هاووڵاتیی بێتاوان و برینداربوونی هەزارانی دیکە و ئاوارەبوونی هەزاران خێزان، تا ئێشتاش کاریگەریی لێکەوته مەترسيدارە کانی بەسەر باری تەندروستی و دەروونیی خەڵک و ژینگەی ناوچەکەوە هەر بەردەوامە.
یادکردنەوەی ئەم کارەساتە، ڕێزگرتنە لە قوربانییانی گەلەکەمان، بەتایبەت شەهيدانی ئه و کارەساتە و جەختکرنەوەی بەردەواممانە لەسەر گرتنەبەری هەموو ڕێوشوێنێک بۆ ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی تاوانی ئاوا و جینۆسایدی گەلی کوردستان و هەر گەل و پێکهاتەیەک لە هەر شوێنێکی جیهاندا بە هەر بیانوویەکی سیاسی، ئایینی و ئیتنی بێت. ئەم ئامانجە پیرۆزە بۆ ئێمە، یەکڕیزیی زیاتر و تەبایيی بەردەواممان لێ دەخوازێت.
لەم یادەدا دووبارە جەخت دەکەینەوە لە بایەخدانی تایبەت و زياتر بە ژیان و خزمەتکردنی برینداران و خانەوادە و کەسوکاری قوربانییانی چەکی کیمیايی، لەم لایەنەشەوە بێگومان کاری زۆر ماوە بکرێت کە شایستەی پارێزگای هەڵەبجە و دانیشتووانە سەربەرزەکەی بێت.
بەداخەوە تا ئێستا حکوومەتی عێراقی فیدراڵ، هیچ هەنگاوێکی کردەیی نەناوە بۆ قەرەبووکردنەوەی ماددی و مەعنەویی دانیشتووان و ژینگەی وێرانکراو و ژاراویکراوی پارێزگای هەڵەبجە و هیچ دەڤەرێکی دیکەی کوردستان وەک قوربانیی دەستی دەوڵەتی عێراق. داواکارین حکوومەتی عێراق وەک بەرپرسیارییەکی یاسایی و ئەخلاقی، لەمبارەيەوە ئەرکی خۆی جێبەجێ بکات.
مرۆڤایەتی پێویستی بە کاری جددییە بۆ قەدەغەکردن و ڕێگریکردن لە بەکارهێنانی هەموو جۆرە چەکێکی کۆمەڵکوژ. وەک چۆن ئەمڕۆ هەموو جیهان لە خەمی بنەبڕکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنادان وەک هەڕەشەیەکی ترسناکی سەر تەواوی مرۆڤایەتی، بە هەمان شێوەش کارکردن بۆ بنەبڕکردنی چەکی کۆمەڵکوژ و تەکنۆلۆژیای مردن، دەبێ خەمی هەموو جیهان بێت لەپێناو پاراستنی ژیان و ژینگە و شارستانییەتی مرۆڤایەتیدا.
شەهيدانی هەڵەبجە و هەموو قوربانییانی گەلەکەمان هەمیشە لە یادمانن و لە ویژدانی کوردستانیياندا زیندوون، لە کاتێکيشدا بە ڕێز و شکۆوە يادی شەهيدان دەکەينەوە، بە ئومێدەوە لە داهاتوو دەڕوانين.
سڵاو و دروود بۆ گيانی پاکيان.
#نێچیرڤان بارزانی#
سەرۆکی هەرێمی کوردستان
#16-03-2020#