ئەمڕۆ 16ی ئازار، 32 ساڵ تێپەڕدەبێ بەسەر کارەساتی کیمیابارانکردنی #هەڵەبجە# لەلایەن ڕژێمی بەعسی فاشیستەوە، کە لەم کارەساتەدا 5 هەزار هاووڵاتی شارەکە شەهید بوون و چەندانی تریش بریندار بوون، تاوانێکی ئەوەندە دڕندانەبوو هەرگیزاو هەرگیز لەبیرناچێتەوە.
کیمیابارانکردنی هەڵەبجە لەلایەن ڕژێمی لەناوچووی بەعس درێژکراوەی زنجیرە تاوانکارییەکانی تری بەعس بوو کە بەرامبەر گەلەکەمان ئەنجامی دا بە ئامانجی قەتڵوعامکردن و لەڕیشە دەرهێنانی گەلەکەمان و کۆتایی هێنان بە خەباتی ڕەوای گەلەکەمان دژ بە ڕژێمە فاشیست ودیکتاتۆرەکان، بەڵام قارەمانی و خۆڕاگری گەلەکەمان هەموو ئەو ئاواتانەی لەگۆڕنا.
ئەمڕۆ کە یادی ئەم تاوانە قێزەونە دەکەینەوە و پەڵەیەکی ڕەشە بەنێوچەوانی ڕژێمی لەناوچووی بەعس، جەخت لەوە دەکەینەوە کە دەبێت قوربانیانی ئەم کارەساتە دڕندانە قەرەبوو بکرێنەوە و چارەسەری پێویستیش بۆ برینداران ئەنجام بدرێ و ئەنجامدەران و بەشداران وهاوکارانی ئەم تاوانە بەسزای خۆیان بگەن.
لەدوای تێپەڕبوونی 32 ساڵ بەسەر کارەساتی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە، سەری ڕێزو نەوازش بۆ شەهیدانی ئەم تاوانە دڕندانەیە دادەنوێنم، دووپاتی دەکەمەوە کە مێژوو سەلماندوویەتی دوژمنانی کورد هەرگیز درێغیان نەکردووە و نایکەن بۆ لەناوبردنی کورد، بۆیە ئەرکە لەسەرمانیەکگرتوو بین و خاوەنی یەکگوتاری نەتەوەیی بین و لەپێناو بەرژەوەندییەکانی گەلەکەمان بەرژەوەندییە کەسی و حزبییەکانمان وەلا بنێین.
کۆسرەت ڕەسوڵ عەلی
سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان#
#16-03-2020#