لەپێناو چەواشە کردنی ڕایگشتی و بۆ داپۆشینی شکستەکانی حکومەت، ئەمڕۆ 19ی 3ی 2020، بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی #هەولێر# لە ڕوونکردنەوەیەکدا، بڵاویکردۆتەوە گوایە کەسێک بەناوی (ڕۆژگار ڕزگار محەمەد) لەژێر سەرپەرەشتی دەزگای زانیاری، کاری کردووە بۆ لایەنێکی بیانی!
ئێمە لەم بوارانەدا، باش دەزانین کە یەکێتی و (دەزگای زانیاری)، بوختانی وا هەڵناگرێت، ئەم کارانە ئەگەر بکرێن، ئەوا لە خودی نووسەرانی ڕونکردنەوەکەی ئاسایش دەوەشێتەوە، بۆیە نە ئاسایش و نە پاراستنی پارتی، بە شایانی وەڵامدانەوە نازانین، چونکە تازە هەموو خەڵکی کوردستانیش شارەزای گوفتار و کرداری نابەجێیانن، بەڵام کەسی یەکەمی حکومەتی هەرێم بەرپرسیاردەکەین لەم پەلامارەی بۆ سەر ناوبانگی دەزگاکەمان، لەبەرئەوەی ناوبراو تا ئێستا و بەنایاسایی سەرپەرشتیاری دەزگاکانی ئاسایش و هەواڵگری هەرێمشە، بەمافی دەزگاکەمانی دەزانین کە ڕاستەوخۆ سکاڵای یاسایی لەسەر ئەم و هەر کەسێکی تر تۆمار بکەین کە بێ بەڵگەی باوەڕپێکراو، هەوڵی لەکەدارکردنی پیرۆزییەکانی گەلەکەمان بدات، بۆ ڕای گشتی خەڵکی کوردستانیش چەند خاڵێک ڕادەگەیەنین:
1. ئێمە بە هەموو شێوەیەک ناوەڕۆکی ڕوونکردنەوەکەی ئاسایشی هەولێر لەسەر (دەزگای زانیاری) ڕەتدەکەینەوە، ئه و بابەتەی ئاسایشی هەولێر، درۆ و دەلەسە و پیلان و شەڕی سیاسییە و هیچ ئەسڵ و ئەساسێکی نییە، دەزگای زانیاری نە ئه و کەسە دەناسن و، نە بەهیچ لایەنێکی تری ناوخۆیی یان بیانییان ناساندوه و نەکاری لەوجۆرەشیان لێدەوەشێتەوە، ئەوە ئاسایشەکەی هەولێرە کە له و کارانە شارەزایە، ئەوانن هەموو جارێک لەکاتی قەیرانێکدا بابەتێک دروست دەکەن، لە ژێر ئەشکەنجە، سیناریۆ و دانپێدانانی جیاجیایان پێ بەرهەم دەهێنن و خەڵکی بێ تاوان وەکو تاوانبار دەخەنە سەر تەلەڤزیۆن، لەمەشدا بە دووری نازانین بۆ سەرقاڵکردنی خەڵک و بیربردنەوەی قەیرانی حوکمڕانیی و هەوڵە نهێنییەکان بۆ پاشەکەوتکردنەوەی مووچە، سیناریۆکانی #سەردەشت# عوسمان و قوربانییەکانی تر، دووبارە بکەنەوە، ڕوونکردنەوەی بنەماڵەی (ڕۆژگار ڕزگار)یش، کە پاش ڕوونکردنەوەکەی ئاسایش بڵاویان کردۆتەوە، هەمان بۆچوون پشتڕاست دەکاتەوە.
2. ئاژاسی زانیاری، لەچوارچێوەی (ئاژانسی پاراستن و زانیاری \ زانیاری) هەرێمی کوردستان دا، دەزگایەکی فەرمی هەرێمی کوردستانە و سەر بە ئەنجومەنی ئاسایشە، کە خودی #مەسرور بارزانی# ماوەیەک ڕاستەوخۆ سەرپەرەشتیاری بووە، بۆیە هەر جوڵەیەک کرابێت دیارە (مەسرور بارزانی) ئاگاداری بووە، ئەگەریش ئاگادار نەبووبێت هەڵبەت ناوبراو، شایستەی ئه و پۆستە نەبووە و نەیتوانیووە ئاگاداری کاروباری ڕۆژانەی دامەزراوەکانی بێت.
3. ئێمە چاوەڕوانی ئەوەمان دەکرد ئاسایشەکەی سەرۆکی حکومەت لەم کاتەدا، لەجیاتی چەواشەکردن بەدواداچوونی کردبا بۆ ئه و (250) ملیۆن دۆلارەی کە قووتی میللەتەکەمانە و لەلایەن کۆمپانیایەکی وزەی ڕوسیاوه، بە بەرتیل دراوە بە یەکێک لە کوڕەکانی بنەماڵەی سەرۆکی حکومەت، لەم دۆخە ناخۆشەدا کە بەناوی دابەزینی نرخی نەوت و هەڕەشەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە لەسەر خەڵکی کوردستان، خەریکە موچەی موچەخۆرانمان دەخەنە ژێر هەڕەشەی شەپۆلێکی تری بڕین و برسێتی، پێویستبوو ئاسایشی هەولێر، ناوی ئه و کوڕە ئاشکرا بکات کە (250) ملیۆن دۆلار بەرتیلی وەرگرتوە تا غاز و نەوتی کوردستان و ناوچەی دەسەڵاتی ئیدارەی #سلێمانی#، بۆ کۆمپانیایەکی بیانی هەڕاج بکات، ناوی ئه و کەسەی بەرتیلەکەی وەرگرتوە، لای ئێمە پارێزراوە و، ئەگەر بێدەنگییمان لێ کردوە، بۆ ئەوەیە خەڵکی کوردستان لەمەزیاتر بە هەواڵی ناخۆش نیگەران نەکرێن، دەرفەتێکیش بدرێت بە ئاسایشی هەولێر ناوەکە ئاشکرا بکات، لەم کاتی قاتوقڕییەدا، لەجیاتی تۆمەت دروستکردن بۆ (دەزگای زانیاری)، ئەرکی ئاسایشی سەرۆکی حکومەتە بە خەڵکی کوردستان بڵێت ئه و (250) ملیۆن دۆلارە لای کێیە.
4. ئێمە لە (دەزگای زانیاری)، لەپێناو پاراستنی ژیانی خەڵکی کوردستان، گوێمان بە هەڵوێست و کەمتەرخەمییەکانی ئاسایشی هەولێر نەداوە و، هەرکات هەڕەشە و مەترسیمان لەسەر پایتەختی کوردستان درک پێکردبێت، ئاگادارمان کردوون، بەڵگەمان هەیە کە چەندین جار زانیاری گرنگمان پێداون لەسەر بوونی کردوەی تیرۆریستی و تەقینەوە لە هەولێر، و هەموو جارێک بەهۆی ئه و زانیارییانە، کە بەشەونخوونیی تێکۆشەرانی (دەزگای زانیاری) بەدەستهاتوون، هەولێر و ئاسایشەکەی پارێزراوە. بەداخەوە، جارێکیش کە هۆشدارییەکەی ئێمەیان لەسەر بوونی کردەوەیەک بە هەند وەرنەگرت، کارەسات ڕوویدا. وێڕای ئەم ڕاستیانە، هیچ کات ئاسایشەکەی سەرۆکی حکومەت، ماندونەبوونێکیشی لێ نەکردین.
5. دەزگای زانیاری لە مێژووی درەوشاوەی خۆی دا، سەدان شەهید و قوربانیی داوە لەپێناو پاراستنی ئاسایش و ئارامیی خەڵک و هەرێمی کوردستان. لەبیری سەرۆکی حکومەتدا ماوە ئه و شەوەی #داعش# لە هەولێر نزیک بۆوە، سەرۆکی دەزگای زانیاری هاتە هەولێر و دڵنەوایی کاک مەسروری دایەوە و وتی مەترسن ئێمە پارێزگاریتان لێ دەکەین، وەڵامی ئه و پارێزگارییە ئەوە نەبوو، ئێستا تۆمەتمان بۆ دروست بکەن!
6. بۆ ئاگاداریی خەڵکی بەشەرەفی کوردستان، هەموو کادر و کارمەندانی (دەزگای زانیاری) و (دەزگای دژە تیرۆر)، لەگەڵ بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و بەڕەچاوکردنی پێویستییەکانی هەرێمی کوردستان لەبواری تەندروستی، لە مانگی ڕابردۆوە، نیوەی موچەی خۆیان بەخشیوە بە کاری خێرخوازی بۆ بیناکردنی نەخۆشخانە و پێداویستییەکانی و، (رێکخراوی مام)، بێ جیاوازی لە ناو هەرێمی کوردستان و #کەرکووک# و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، سەرقاڵی دابینکردنی پێداویستییەکانن بۆ خەڵکی کوردستان.
7. دوای ئەم پەلامارە ناوەختە، ئیتر ئێستا بە ڕوونی دەرکەوت، کە وەکچۆن خۆدی سەرۆکی حکومەت، حکومەتێکی فاشیل بەڕێوە دەبات، دامودەزگاکانیشی کە لەرابردو سەربەئه و بوون، خەڵکانێکی فاشیل بەڕێوەی دەبەن کە هیچ هەستێکی بەرپرسیارێتییان نییە و تاکە ئینتمایەک کە هەیانبێت تەنها ئینتمایە بۆ بنەماڵە، ئەوانەش کە نەچوونەتە ژێر باری بنەماڵە، لە بوارەکەی خۆیاندا چەند بەزر و دڵسۆز و شارەزاش بووبن، دووریان خستونەتەوە، کە ئێمە بە توندی ئەم ڕفتار و شێوازی کارکردنە ڕەتدەکەینەوە و قبوڵی ناکەین.
وتەبێژێک بەناوی دەزگای زانیاری
#19-03-2020#