ئامادەکردنی: م.#سوداد ڕەسووڵ#
کورد لە گورجستان
Kurds in Georgia
kurd li Gurcistane
چاوپێکەوتن لەگەڵ دوو پیری ئێزیدی #عەگیدێ میرزاۆڤ# و #دیما پیر# لە تبلیسی پایتەختی گورجستان (جۆرجیا)
کورد لە وڵاتی گورجستان گشتیان ئێزیدین، 12 هەزار کەسێک دەبن. بوونی ئەم کوردانە لە وڵاتی گورجستان دەگەڕێتەوە بۆ دوو سەد ساڵێک پێش ئێستا کە لە باکووری کورستانەوە ئاوارە بوون بۆ گورجستان. کوردی گورجستان وەک کوردی ئەرمەنستان گوندیان ئاوەدان نەکردووەتەوە بە پەرشوبڵاوی لە شارەکانی گورجستان وەک تبلیسی و باتومی نیشتەجێ بوون.
لە ساڵی 2015 کوردە ئیزیدییەکانی ئەم وڵاتە لە دەوروبەری تبلیسی لە شوێنێک بە ناوی ڤارکێتیلی زیارەتگایەکی ئێزدیان دروست کردووە بە ناوی (#قوبەی سوڵتان#) لە تەنیشتی #سەنتەری لێکۆڵینەوەی کولتووری ئێزدی#ش کراوەتەوە.
لە سەفەرم بۆ گورجستان پێم خۆش بوو سەردانی ئەو شوێنە بکەم. پێشتر بیستبووم کە بەشێکی زۆری ئێزیدیانی ئەم وڵاتە خۆیان بە کورد نازانن. زۆرم پێ خۆش بوو لە ئێزیدی خۆیان ببیستم کە بۆچی نکوولی لە کوردبوونی خۆیان دەکەن، ئەوەبوو لەم سەردانە چاوم بە دوو پیری ئیزیدی کەوت، عەگیدێ پیر و دیما پیر، هەندێک لەبارەی ڕەوشی ئێزدییەکان و پرسی ناسنامەیان قسەمان کرد، کە هەردوویان تەئکیدیان لەوە دەکردەوە کە ئێزیدی کورد نین بەڵام لەسەر کورد حیساب کراون.
عەگیدێ پیر (پسپۆری قانونی نێودەوڵەتی و پارێزەری مافی مرۆڤ) دەیگوت:
لە گورجستان 12، 500 ئێزیدی هەیە لەوانە 8 هەزاریان خۆیان بە ئێزیدی دەناسێنن و 2، 500 خۆیان بە کورد دەناسێنن 2000 هەزاریش ئاسیمیلە بوون نە کوردن و نە ئێزیدین.
لەبارەی کورد نەبوونی ئێزیدی دەیگوت:
بە درێژایی مێژوو کوردی موسڵمان ئێمەیان قڕ کردووە، 70 فەرمانیان لە دژی ئێمە کردووە، کوردی موسڵمان ئێمە بە مرۆڤی پیس دادەنێن و دەستاوی ئێمە و خواردنی ئێمەش ناخۆن، ئیمەیان زۆر پێ کەمە و وەک کۆیلە تەماشای ئێمە دەکەن، هەر کاتێک دەستیان بڕوات هەوڵ دەدەن ئێمە لەناو ببەن. ئێزیدی ناتوانێت وەک هاووڵاتییەکی ئاسایی لە کۆمەڵگەی کوردی موسڵمان بژیێت، ئێزیدی لەم کۆمەڵگەیە هیچ پلەوپایەکی نییە و ئاستی زۆر نزمە. ئێزیدی بە ئاسانی کاری دەست ناکەوێت، ئەگەر کار و دوکانیشی هەبێت کەس مامەڵەی لەگەڵ ناکات و شتی لێ ناکرێت هەر لەبەر ئەوەی ئێزدییە و موسڵمان نییە. ئەگەر کوردی موسڵمان ئەوە مامەڵەی بێت لەگەڵ ئێمە کەواتە ئێمە بۆ خۆمان بە کورد بزانین؟!
منیش گوتم: ئەگەر کورد ئەو شتانەی نەبوایە زۆر ڕێزی ئێوەی بگرتایە و وەک هاووڵاتیەکی ئاسایی مامەڵەی ئێوەی بکردایە، ئێوە هەر سوور بوون لەسەر ئەوە کە کورد نین؟ گوتی: ئەگەر ئەوانەش نەبوایە، ئێمە هەر ناتوانین کورد بین، چونکە ئیمە گروپێکی ئەتنیکی جیاوازین لەگەڵ کورد بە دین و دابونەریت و کولتوور تەواو جیاوازین، ئەمە هەرچەندە بە یەک زمان قسە دەکەین. ئەمەش ئاساییە وەک لەنێوان زۆر گەل و نەتەوە هەیە، ئینگلیزێکی بەریتانیا لەگەڵ ئینگلیزێکی ئەمەریکا دوو نەتەوەی جیاوازن، بەریتانی و ئەمەریکی بە یەک زمانیش قسە دەکەن، دەکرێ ئێمەش وا بین. منیش گوتم: دەکرێ وا بێت و دەکرێ واش نەبێت، چونکە نەتەوەش هەیە دوو دینی جیاوازیان هەیە وەک نەتەوەی عەرەب کە زۆربەیان موسڵمانن، بەڵام مەسیحیش هەیە لە لوبنان و سووریا بە ئەسڵ عەرەبە، بۆ نابێ کورد و ئێزیدیش وا بن یەک نەتەوە بن بە دوو دینی جیاواز.
هەروەها گوتی: لەسەردەمی سۆڤیەت ئێمە هەموو بە کورد دانراوین نەک ئێزدی، بۆیە لە سەرژمێری بە کورد نووسراوین. بەڵام لە ساڵی 1980 بۆ یەکەمجار پاسپۆرتم وەرگرت پێم گوتن بنووسن ئێزیدی نەک کورد.
لەبارەی خوێندن بە زمانی کوردی، عەگیدێ پیر گوتی: تا ئێستا هیچ قوتابخانەیەک نییە بە کوردی تێیدا دەرس بڵێنەوە، چونکە مامۆستا نییە و قوتابخانە نییە و کتێبیش نییە. بەڵام لە سێنتەری ئێزیدی هەندێک لە منداڵەکانمان فێرە دینی ئێزیدی و زمانی کوردی دەکەین.
لەبارەی دۆخی ڕۆشنبیری و ڕۆژنامەوە عەگیدێ پیر گوتی: ڕۆژنامەیەکمان هەبوو بە ناوی (نێرینا نو) بە سێ زمان کوردی و گورجی و ڕووسی بۆ ماوەی هەشت ساڵ بەردەوام بوو، بەڵام ئێستا وەستاوە، ڕادیۆشمان هەبوو ئەویش وەستاوە. هەروەها گوتی: بە داخەوە میللەتی ئێزیدی حەزی لە خوێندن نییە و بۆیە ئاستی خوێندەواری و ڕۆشنبیریی کۆمەڵگەی ئێزیدی نزمە.
دیما پیر (توێژەری بواری ڕۆژهەڵاتناسی) دەیگوت:
ئیمە ناتوانین کورد بین چونکە کورد ئێمەی ناوێت و مێژوویەکی خوێناوی پڕ لە فەرمان و قڕکردنمان لەگەڵ کورد هەیە. هیچ شتێک نییە ئێمە بە کورد ببەستێەوە تەنیا زمان نەبێت، زمان بۆ ئێمە گرنگ نییە، ئێمە گروپێکی ئەتنیکی دینین نەک گروپێکی ئەتنیکی زمان. لەسەردەمی سۆڤیەت نەتەوە لەسەر زمان حیساب دەکرا نەک دین بۆیە ئێمە لە سەرژمێرییەکان بە کورد نووسراوین نەک ئێزیدی، بەڵام لەسەر پاسپۆرتەکان زۆربەمان بە ئێزیدی نووسراوین، ئێستا لە دوای سەردەمی سۆڤیەت لە سەرژمێری و لەسەر پاسپۆرتیش هەر بە ئێزیدی خۆمان تۆمار دەکەین.
ڕۆشنبیرە ئێزدییەکانی ئەو سەردەمە هەوڵیان داوە ئێزیدی بکەن بە کورد، چونکە ڕۆشنبیرەکان زیاتر بایەخیان بە هەستی نەتەوەیی دەدا نەک دین، بۆیە ئێزدییە ڕۆشنبیر و نووسەرەکان لە ئەرمەنستان هەموو خۆیان بە کورد داناوە.
هەروەها گوتی:
ئەمڕۆ ئێزیدی کەمایەتییەکی ئەتنیکی دینین، زۆر گرنگە کورد و موسڵمان ئەو ڕاستییە بزانن و ئەو جیاوازییە قبووڵ بکەن و پێکەوە ژیان لەگەڵ ئێمە دروست بکەن.
هەروەها گوتی: پەیوەندیی ئیمە لەگەڵ کوردی موسڵمان وەک پەیوەندیی سرب و بۆسنەیە کە یەک نەتەوە بوون و یەک زمانیان هەبوو، بەڵام دواتر کە شەڕ کەوتە نێوانیان، چیدی یەک نەتەوە نەمانەوە و ئێستا لەسەر ئەساسی دین لەیەک جودا بوونەوە، بۆسنی لەگەڵ سرب دوو نەتەوەی جیاوازن ئەمە هەرچەندە یەک زمانیان هەیە.
منیش گوتم: ئەو شەڕەی کە سرب و بۆسنە لەگەڵ یەک کردوویانە کورد و ئێزیدی ئەو شەڕەیان نەبووە، ئەو فەرمان و قڕانەی ئێزیدی کە ئێوە باسی دەکەن لە مێژوو ڕووی داوە وەک کوشتاری ئێزیدی لە لایەن میری سۆران ئەوەش تەنیا کوشتارێک نەبووە لە دژی ئێزدییەکان وەک گروپێکی دینی بەڵکو لە دژی مەسیحی و لە دژی کوردیش کردوویەتی کە ئەو کاتە لە ململانێدا بووە لەگەڵ هەر سێ میرنشینی بابان و بۆتان و بادینان. هەر کوشتارێک کە لە دژی ئێزیدی لە لایەن کوردەوە بووە، ئەمە لە لایەن چینێکی نەخوێندەوار و نەفامی کۆمەڵگەی کوردی بووە کە ئەوانەش لەسەر گشت کۆمەڵگەی کوردی حیساب ناکرێن، چونکە کورد بە گشتی ئێزیدی بە برا و هاونەتەوەی خۆی دەزانێت، هەرچەندە کە بە دینیش لە یەک جودا بین.
لەم چاوپێکەوتنە زیاتر لەوە گەیشتم کە بۆچی هەندێک لەو ئێزیدییانە خۆیان پێ کورد نییە، هۆکاری سەرەکی ئەوەیە کە کوردی موسڵمان بە چاوێکی نزم تەماشایان دەکات و بە خراپی مامەڵەیان دەکات، بۆیە لەم ڕووەوە زۆر پێویستە ئەم هەڵوێستە نامرۆڤانەیە بەرانبەریان ڕاست بکرێتەوە و ئێزیدی وەک هاووڵاتییەکی ئاسایی و خاوەن دین و دابونەریتی خۆی ڕێزی لێ بگیرێت و پارێزگاری لێ بکرێت. لە لایەکی دی ئەوان وا هەست دەکەن کە کورد بە گشتی دژی ئێزدییە، و ئەو کوشتارانەی بە سەر ئێزیدییەکانیشدا هاتووە لایان چەند ڕووداوێکی ئاسایییە، بەڵام لەوە بێئاگان کە کورد هەتا ئەوپەڕی هاوسۆزی و هاوخەمی لەگەڵ قوربانیانی ئێزیدی هەیە. ئێزیدی وەک مرۆڤ، باوەڕ ناکەم هیچ مرۆڤێکی خاوەن ویژدان هاوخەمی بۆ قوربانییەکانی ئێزیدی نەبێت، ئێزیدی وەک کورد، هیچ کوردێکی دڵسۆز ناتوانێت خەمبار نەبێت بەو کارەساتە ناخهەژێنەی کە بە سەر ئێزیدییەکاندا هات، کە ئەم کارەساتە برینێکی ئەوەندە قووڵی دروست کرد بە سەد ساڵی دیکە ساڕێژ نەبێتەوە!!.