لە قازاغستان گەلێک گوند و ئاوایی کوردان هەیە، لە زۆربەی گوندەکان کورد لەگەڵ قازاغی و ڕووس تێکەڵن وەک گوندی گرۆدیکۆڤۆ و جاسورکێن، کە دوو گوندن لە نزیک شاری (تەراز) لە باشووری قازاغستان. کوردەکانی ئەم دوو گوندە ئەو کوردانەن کە لە ئازەربایجان و گورجستانەوە کۆچبەر کراون بۆ ئێرە. هەر لە دەوروبەری شاری تەراز گوندێک هەیە کە هەموو دانیشتوانەکەی کوردە ئەویش گوندی (قاشقا بولاق)ە. ئەم گوندە لە باشووری قازاغستان لە دووری 80 کیلۆمەتری باکووری ڕۆژئاوای شاری تەراز هەڵکەوتووە. لە دەشتێکی کاکی بە کاکی وشکی بیابانیدایە. دوای دوورخستنەوەی کوردەکانی قەوقاز بۆ ئاسیای ناوەڕاست لە ساڵی 1937 بەشێک لەم کوردە نەفیکراوانە لەم ناوچەیە نیشتەجێ دەکەن، سەرەتا بێ ماڵ و بێ خانوو بوون لە ناو ڕەشماڵدا ژیاون، ساڵێک دواتر ئەم گوندەیان دروست کردووە. لە سەرەتا تەنیا 30 ماڵیک بوون، بەڵام ئێستا 130 ماڵێک دەبن و نزیک بە 1300 کەس دەبن، گشتیان سەر بە عەشیرەتی (بروکا)ن. لە گوندەکانی ناوچەی نەخچیوانی ئازەربایجان نیشتەجێ بوون. ناوی قاشقا بولاق لە ناوی کانیی چیایەکی نزیک ئەم گوندەوە هاتووە. نادر نادرۆڤ خەڵکی ئەم گوندەیە و لێرە گەورە بووە، کە ئێستا نیشتەجێی شاری ئالماتییە.
لە سەردانیم بۆ شاری تەراز چاوم بە لەتیف هەمزە ئایدارۆڤ و سەرتیف عەلیێڤ کەوت کە سەرۆک و بەڕێوەبەری کۆمەڵەی کوردین لە تەراز. لە شاری تەراز نزیک بە 1300 کورد دەژین، لە گوندەکانی دەوروبەری ئەم شارە نزیک بە 20000 کورد دەژین. لەتیف دایکی ڕووس بووە و باوکی کورد بووە، گەورە بووە و کوردی نەزانیوە، پێی خۆش بووە کوردی فێر بێت، ساڵح کەڤربری کە کوردێکی خەڵکی باکووری کوردستانە و هاتووە بۆ تەراز، فێرە کوردیی کردووە، هەر ئەویش لە نێوان ساڵانی 2012 هەتا 2016 دەرسی کوردی داوەتەوە و 22 مامۆستای زمانی کوردی ئامادە کردووە، دواتر قوتابخانەیان لە گوندەکانی دەوروبەر کردووەتەوە، ئەو مامۆستایانەش لەوێ دەرسیی کوردییان داوەتەوە.
بە سەیارەی سەرتیف لەگەڵ ئیسمانئەلی عەلیێڤی باوکی، سەردانی گوندی قاشقا بولاقمان کرد. ئەوان بۆ پرسەیەک دەچوون بۆ ئەم گوندە، منیش پێم خۆش بوو گوندێکی کوردان لە قازاغستان ببینم.
لەم گوندە لەگەڵ شائیسماعیل محەمەد دوام کە بە ئەسڵ خەڵکی ئەم گوندەیە و ئێستا لە قەرغیزستان دەژیێت و بە سەردان بۆ پرسە هاتووە بۆ گوندەکەی. ناوبراو کۆمەڵێک بیرەوەری و زانیاری گرنگی سەبارەت بەم گوندە بۆ باس کردم، لەبارەی خوێندن بە زمانی کوردی گوتی: بۆ یەکەمجار لە ساڵی 1939 قوتابخانە لەم گوندە کراوەتەوە، سەرەتا خوێندن تەنیا بە قازاغی بووە، لەساڵی 1962 بە زمانی ڕووسیش خوێندراوە، بەڵام بۆ یەکەمجار لە ساڵی 1973 لەم گوندە دەرسی زمانی کوردی خوێندراوە و کتێبی دەرسی لە ئەرمەنستانەوە بۆ هاتووە، هەر هەفتەی دوو سەعات دەرسی کوردی هەبووە بۆ ماوەی دە ساڵی قۆناغی خوێندن بەردەوام بووە، دەرسەکانیش زمان و ئەدەبیاتی کوردی بووە بە ئەلفوبێی کریلیکی.. خۆشم لە ساڵی 1979 ەوە بۆ ماوەی 10 ساڵ لە قوتابخانەیەکی ئەم گوندە مامۆستا بووم. هەروەها گوتی: لە گوندێکی دیش لە (چوو)ی لە قازاغستان دەرسی کوردی هەبووە، تەنیا لەم دوو گوندە دەرسی کوردی هەبووە لە بەشەکانی دی لە ئاسیای ناوەڕاست خوێندنی کوردی نەبووە. هەروەها دەڵێت: لە حەفتاکان موسا تەمۆ لە ئالماتییەوە هات بۆ ئەم گوندە و لێرە خوێندنی کوردی دامەزراند، ئیدی دوای ئەم خوێندنە بە کوردی هەتا ئێستاش هەر بەردەوامە، بەڵام کتێبی دەرسی ئێستا نوێ بووەتەوە و ئەلفوبێی کریلیک نەما، ئێستا کتێبەکان بە ئەلفوبێی لاتینییە.
هەروەها دەڵێت: لە سالی 1978 بۆ یەکەمجار ئاهەنگی جەژنی نەورۆزمان گێڕا، ئەمە بێجگە لەوەی جەژنەکانی دیکەشمان هەیە وەک جەژنی ڕەمەزان و قوربان. بە داخەوە ئێمە هیچ شتێک لەبارەی مێژووی کوردەوە نازانین، چونکە نەمان خوێندووە، بەڵام سیاسەت هەموومان دەیزانین، چونکە لە تەلەفزیۆن دەیبینین، لێرە تەماشای کەناڵەکانی تەلەفزیۆنی باشووری کوردستان دەکەین وەک ڕووداو، کورد سات.
ئەوانیش زۆر سەرقاڵی هەواڵەکانی داگیرکاری ئەردۆغان بوون لە ڕۆژئاوای کوردستان، خەمێکی گەورە بوو بۆیان کە بەشێک لە وڵاتەکەیان کۆمەڵکوژ دەکرێت.
هەروەها لەبارەی بایەخدانی بە فەرهەنگی کوردی گوتی: ئێمە لێرە لە دووری کوردستان بووین ئاگامان لە هەواڵی وڵات نەبووە، ئەوە نەبێت لە ڕێی پۆستەوە ڕۆژنامەی ڕیا تازە و کتێبی دیکەی کوردی دەگەیشتە دەستمان و دەمانخوێندەوە، گوێمان لە ڕادیۆی کوردیی یەریڤانیش دەگرت، کە هەواڵی بە کوردی بڵاو دەکردەوە و گۆرانی کوردی لێ دەدا، لەم دوو کەناڵەوە خۆمان ناسیوە و کوردبوونی خۆمان پاراستووە.
ئەوەی بە جوانی هەستی پێ دەکرێت دانیشتوانی ئەم گوندە و گوندەکانی دیکە زمانی کوردییان باش پاراستووە، بە کوردییەکی زۆر ڕەوان قسە دەکەن، بە دەگمەن نەبێت وشەی ڕووسی و قازاغی بە کار ناهێنن. ئەوان هەرچەندە بە دیالێکتی کوردیی باکوور قسە دەکەن، بەڵام کوردییەکەیان زۆر لە دیالێکتی کوردیی ناوەند (سۆرانی) نزیکە زۆر بە ئاسانی لێیان تێدەگەی، ئەمەش دیارە لەبەر ئەوەیە کە لە سەد ساڵی ڕابردوو ئەم کوردانە لە ژێر کاریگەریی زمانی تورکی نەبوون و بە تورکییان نەخوێندووە، هەر بۆیە زمانەکەیان هیچ وشەیەکی تورکی تێدا نییە، بەڵام کوردەکانی باکوور بەهۆی خوێندن بە زمانی تورکی و قەدەغەبوونی زمانی کوردی، تەواوێک زمانەکەیان لە کوردیی ناوەند دوور کەوتووەتەوە.
حوسێن عەلی خەلۆ کە ئەویش خەڵکی ئەم گوندەیە باسی ئەوەی کرد کە بۆ یەکەمجار کوردێکی کوردستان سەردانی ئەم گوندەی کردبێت (نەزان کنداڵ) بوو لە ساڵی 1976 بە سەردان هات بۆ ئێرە. هەروەها لە ساڵی 1995 یش ڕەمزی قەرتاڵ و محەمەد ئەمین پێنجوێنی لەگەڵ نادر نادرۆڤ هاتوون بۆ سەردانی ئەم گوندە. ناوبراو دەیگوت محەمەد ئەمین پێنجوێنی بە سۆرانی قسەی دەکرد، کاتێک لەسەرخۆ قسەی دەکرد بە باشی لێی تێدەگەیشتین. بۆ یەکەمجار بوو کوردێکی سۆرانی زمان ببینین و گوێمان لە کوردیی سۆرانی بێت. هەروەها گوتی: ئەوان کە هاتن بۆ ئەم گوندە ناویان لە گوندەکە نا (کوردستانی بچووک).
حەسەن عەلی خەلۆ کە دانیشتووی ئەم گوندەیە بۆ نێوەڕۆ لە ماڵەکەی مێوان بووین، باسی ئەوەی دەکرد کە لە گوندەکەیان خەریکی کشتوکاڵ و بەخێوکردنی حەیوانن، کاری ڕەسمی حکومەت لێرە نییە مەگەر کەسێک موختاری گوند بێت یان مامۆستا بێت، ئەوەی دی هەموو بە کشتوکاڵ دەژیێت. گەنجەکان کاریان دەست ناکەوێت دەچن بۆ شاری دەوروبەر بۆ کار. هەروەها گوتی: ئێستا ژیان لێرە خۆشە و کێشەمان نییە، لەگەڵ قازاغەکانیش پەیوەندیمان باشە، لە سەرەتا کە گەیشتووینە ئێرە خەڵکی قازاغ داڵدەیان داوین و یارمەتیان داوین، بەڵام لە سەردەمی ستالین سەرکووتکردن و زیندانی سیاسی زۆر بووە، لە ساڵی 1938 حەڤدە پیاوی ئەم گوندە گیراون و بێسەروشوێن کران، دواتر زانیمان گوللە باران کراون بە تۆمەتی ئەوەی کە ئەوانە جاسوسیان بۆ تورکیا کردووە.
گوندی قاشقا بولاق هەموو تایبەتمەندیی گوندێکی کوردی تێدایە لە ڕووی زمان و دابونەریت و خۆراک تەواو هەست دەکەی لە کوردستانی، بەڵام هەندێک کولتووری قازاغی و ڕووسیش تێکەڵ بە ژیان و دابونەریتیان بووە، کە بەمەش لە ڕووی کولتوورییەوە زیاتر دەوڵەمەند بوون.
[1]