لەم دۆخە نەخوازراوە کە پێویستە هەموو لایەک بە جیاوازی ئینتیمای سیاسیەوە، هاوکاربن و وەک یەک تیم کاربکەین بۆ ئەوەی میللەتەکەمان بە کەمتریین زیان ڕزگاری بێت، بەداخەوە هەندێک کەس بەمەبەست لە مەترسی ئەو دۆخە تەندروستی و داراییە خۆیان نادان دەکەن و هەوڵی بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست و چەواشە دەدەن و یاری بە هەست و سۆزی هاوڵاتیان دەکەن. بە پێویستمان زانی ڕوونکردنەوە لەسەر دوو هەواڵی هەڵبەستراو بدەین کە بریتیین لە:
1- لەماوەی هەشت مانگی دەستبەکاربوونمان لەکابینەی نوێدا هەشت مانگ مووچەمان دابەشکردووە، وە هەروەها بەغداش هەشت مانگ تەمویلی ناردوە لەو ماوەیەدا بۆ مووچە (لە ساڵی 2020 تەنها سێ تەمویلی ناردووە، وە ئێمەش سێ مانگ موچەمان لە ساڵی 2020 دابەشکردووە، وە بە بڕوایەکی تەواوە دەڵێین نە حکومەتی بەغدا ئامادەیە موچەی زیاد بنێرێت بۆ هەرێم، وە یاسای بودجەی عێراقیش ڕێگرە لەوەی هیچ موچەیەکی زیاد خەرج بکرێت). بەڵام بەرێزێک ئاماژە بەوە دەکات کە لە ماوەی 23 ڕۆژدا بەغدا دوو مووچەی بۆ هەرێمی کوردستان ناردووە، بەڵام ئەو بەرێزە ئاماژە بەوە ناکات، کە بەشێکی زۆری وەزارەت و دامەزراوەکان موچەی مانگی 11 ی 2019 یان لە ڕۆژانی نێوان 2 بۆ #07-03-2020# وەرگرتووە، وە خشتەی دابەشکردنی موچەی مانگی 12ی 2019 لە ڕۆژی #09-03-2020# دەستی پێکرد. دەبوایە بەرێزیان ئاماژەیان بەوە بکردایە کە تەمویلی بەغدا هی مانگی ڕابردوو دواکەوت بۆ بەرواری #02-03-2020# وە هەروەها تەمویلی مانگی 3 دواکەوت بۆ 26-3-2020 کە هەردوو نووسراوی تەمویلی مانگی 2 هەروەها مانگی 3 ی 2020 کە ئێمە مووچەی مانگی 11 و 12 ی 2019 پێ دابەشدەکەین هاوپێچ دەکەین لەگەڵ ئەم ڕوونکردنەوەیە بۆ ئەوەی ڕاستیەکان وەک خۆیان بگەن بە هاوڵاتیانی ئازیزی خۆمان.
2- لەماوەی ڕابردوودا لە لایەن بەرێز خاوەنی ئاسیا حەواڵەوە پێشنیارێک دراوە بە بەرێز پارێزگاری #سلێمانی#، ئەویش بەرزی کردۆتەوە بۆ #وەزارەتی دارایی# وئابووری و ئەنجومەنی وەزیران بۆ ئەوەی مووچە لە ڕێگای ئەوانەوە دابەش بکرێت، بەڵام ئەم پێشنیارە لە لایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە پەسەند نەکراوەو ڕەتکراوەتەوە، وە هەروەها بەرێز پارێزگاری سلێمانی و خاوەنی ئاسیا حەواڵە لەو بریارە ئاگادارکراونەتەوە، بەڵام ئەم بابەتەش لە لایەن ئەو بەڕێزەوە بە شێوەیەکی نەشیاو بڵاوکراوەتەوە بە بێ ئەوەی پرسیار لە لایەنی تایبەتمەند بکات کە وەزارەتی دارایی و ئابورییە بۆ ڕاستی و دروستی بابەتەکە.
لە کۆتاییدا هیواخوازین لە نزیکتریین کاتدا ئەم قەیرانی ڤایرۆسی کۆرۆنایە کۆتایی پێبێت بۆ ئەوەی بتوانین بەپشتیوانی خوای گەورە هەنگاوی گرنگ لە پرۆسەی چاکسازی و پەرەپێداندا بنێین. وە دڵنیایی دەدەیین بە مووچە خۆرانمان کە هەموو توانایەکمان بەکاردەهێنین بۆ دابینکردنی مووچە، وە ئەوەش دوپات دەکەینەوە کە بەرێز وەزیری دارایی و ئابووری پێشنیاری دەستکاریکردنی موچەی نەکردووە، وە هەروەها یاساش دەسەڵاتی دەستکاریکردنی مووچەی نەداوە بە وەزارەتی دارایی و ئابووری.[1]
#27-03-2020#