کینۆ گابریەڵ وتەبێژی #قەسەدە# ڕایگەیاند، هیچ چەتەیەکی #داعش# هەڵنەهاتووە و زیندانەکان لەژێر کۆنتڕۆڵی ئەواندایە.
چەتەکانی داعش هەوڵیاندا لە زیندانی سینای گەڕەکی خوێرانی #حەسەکە# هەڵبێن، لەو زیندانەدا بە هەزاران داعشی گرتنی ڕاگیراون، هێزەکانی ئەنتی تیرۆر و هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە هاوکاریی فڕۆکەکان، شوێنی ڕووداوەکەیان گەماڕۆدا.
'زیندانەکە کۆنتڕۆڵکراوەتەوە'
کینۆ گابڕیەڵ وتەبێژی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (قەسەدە) لەسەر ماڵپەڕی فەرمی قەسەدە ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە، گابڕیەڵ ئاماژەی بە ڕووداوەکانی دوێنێ کرد و ڕایگەیاند، هەواڵی هەڵهاتنی ژمارەیەک داعش ڕاست نییە.
گابڕیەڵ ئەوەی خستەڕوو، چەتەکانی داعش دوێنێ دەرگای قاوشی زیندانەکانیان شکاندووە و دیواری نێوان ژوورەکانیان ڕووخاندووە و چەتەکان بەشی قاتی خوارەوەی زیندانەکەیان کۆنتڕۆڵکرد.
وتەبێژی قەسەدە وتیشی، هێزەکانی ئەنتی تیرۆری سەر بە قەسەدە یەکسەر دەستوەردانیان کرد، دۆخەکەیان کۆنتڕۆڵکرد و ئاژاوەگێڕیی چەتەکانیان کۆتاییپێهێنا و هەموو زیندانیەکان لە ناو زیندانەکە کۆنتڕۆڵ کران.
گابڕیەڵ ئاماژەی بەوەشکرد، هیچ چەتەیەکی داعش لە زیندانەکە هەڵنەهاتووە، ئێمە تەئکید لەسەر ئەوە دەکەینەوە و دۆخە بە تەواوی کۆنتڕۆڵکراوە.
'پێویستە هاوکاریمان بکرێت'
لە کۆتایی ڕاگەیەنراوەکەیدا گابڕیەڵ باسی ئەوەیکرد ئەم جۆرە ڕووداوانە جارێکیتر دەردەخات کە هێزەکانی سوریای دیموکرات گەرەنتی لەناوبردنی تیرۆری داعشە، بەڵام ئێمە دووبارەی دەکەینەوە، پێویستیمان بە پشتگیریی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش هەیە بۆ ئەوەی بتوانین ناوەند و کەمپەکان کە چەتە و خانەوادەکانیان تێیایدا ڕاگیراون کۆنتڕۆڵ بکەین.[1]
#30-03-2020#