کۆمیتەی تەندروستیی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) لەبارەی پەتای جیهانی ڤایرۆسی کۆرۆنا (Covîd-19) کە مانگی کانوونی یەکەمی 2019 سەریهەڵدا و بەسەرتاسەری جیهاندا بڵاوبوویەوە، ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە. کۆمیتەکە سەرنجی خستە سەر ئیمکانیەتی کەمی کوردستان و گەمارۆ و نیگەرانییەکانی خۆیان لەبارەی لێکەوتنەوەی ئەنجامێکی مەترسیدار، بۆیە داوای لەگەل کرد ڕێوشوێنەکان توند بکەنەوە و بۆ ئەوەش 12 خاڵی لەبارەی ڕێوشوێنەکان و چۆنیەتیی خۆپاراستن بە هاووڵاتییان پێشنیازکردووە.
لە ڕاگەیاندراوەکەی کەجەکەدا هاتووە:
بە ناوی کۆمیتەی تەندروستیی کەجەکەوە بە ڕێزەوە سڵاو لە زەحمەتکێشانی کەرتی تەندروستیی کوردستان، ڕێکخراو و هێزەکان دەکەین، کە لە دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا تێدەکۆشن و بە ئەرکی خۆیان هەڵدەستن. ڕایدەگەیەنین، لە کاتی لەمشێوەیەدا هەر کەسێک بە کاری پاراستن و هۆشیارکردنەوەی گەل هەڵبسێت بە ئەرکی مێژوویی خۆی هەڵدەستێت. هەروەها ئەو زەحمەتکێشانەی کەرتی تەندروستی کە بۆ پاراستنی مرۆڤایەتی لە بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنادا گیانی خۆیان بەخشیوە بە ڕێزەوە یادیان بەرز ڕادەگرین و سەرەخۆشی لە بنەماڵەکانیان و کەسوکاریان دەکەین.
لە چوارپارچەی کوردستان بە تایبەتی لە ڕۆژهەڵات، باکوور و باشووری کوردستان ژمارەیەکی نەخۆشی تووشبوو بە ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمارکراون، سەرباری ئەوەی لە سوریادا چەند نەخۆشی تووشبوو بە ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمارکراون، بەڵام تاوەکو ئێستا لە ڕۆژئاوای کوردستان هیچ حاڵەتێکی تووشبوو بە کۆرۆنا تۆمار نەکراوە. ئەوە بەو مانایە نییە، کە مرۆڤەکان لەوێ تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا نابن.
ئەگەری ئەوە هەیە لە کوردستان دۆخەکە بگاتە ئاستی مەترسیدار
لە هەر چوارپارچەی کوردستان گەلەکەمان هەندێک دەستکەوتیی بەدەستهێناوە، بەڵام دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و ڕژێمی ئێران لە چوارچێوەی کۆنترۆڵکردنی ئەو نەخۆشییەدا لە بەرامبەر دەستپێشخەرییەکانی گەلەکەمان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو نەخۆشییە بوونەتە ڕێگر، لە باکووری کوردستان لەم کاتەدا شارەوانییەکانی گەل لەلایەن قەیومەەکانی دەوڵەتەوە دەستیان بەسەردا گیرا. ئەگەر گەلەکەمان بۆ خۆی ڕێوشوێنی پێویست نەگرێتەبەر، ئەوا جوگرافیای کوردستان کە پارچە کراوە، تواناکانی زۆر کەمن، کە لەلایەن هێزەکانی دوژمنەوە گەمارۆدراوە، بۆیە ئەگەری زۆرە دۆخی مەترسیدار ڕووبدات.
لە زیندانەکانی دەوڵەتانی تورک و ئێراندا پاکوخاوێنی و ئیمکانیەتەکان زۆر کەمن، بۆیە دەبێت بۆ ئازادیی ڕێبەر ئاپۆ و هەموو زیندانییە سیاسییەکان هەموو کەسێک بەرپرسیارانە بجوڵێتەوە.
'ئێمە ناچارین بە دیسیپلین بین و ئاگاداری خۆمان بین'
ڤایرۆسی کۆرۆنا ئەگەریش بە ئەنقەست لەلایەن هێزەکانی شەڕەوە لە دژی کۆمەڵگە دروستکرابێت، یان وەک کاردانەوەیەکی سروشتی لە دژی تاڵانکاریی سروشت لە دژی شەڕ سەریهەڵدابێت، بەو مانایە نییە کە لەلایەن جیهان و لەلایەن گەلی کوردەوە بە نەبوو بزانرێت.
بۆ ئەوەی ئەنجامی مەترسیدار ڕوو نەدەن، ئێمە ناچارین زۆر بە دیسیپلین بین و ئاگاداری خۆمان بین. دەبێت گەلەکەمان لە چوارچێوەی ڕێوشوێنە پێویستەکاندا، بەبێ ئەوەی چاوەڕێی هێزە دەوڵەتپەرستەکان بکات، ڕێوشوێنی پێویست بۆ پاراستنی خۆی بگرێتەبەر.
'نابێت کەس خۆی غافڵ بکات و ڤاپرۆسەکە بە کەم بزانێت'
دەبێت هیچ کەسێک بەرامبەر بە پەتای جیهانیی ڤایرۆسی کۆرۆنا خۆی غافڵ نەکات و ئەو دۆخەی ئێستا پێشتگوێ نەخات و دۆخەکە بە کەم بایەخی نەزانێت و بە وتنی 'ئێمە هیچمان لێ نایەت' ڕێوشوێنەکان لە دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا سست نەکەن. دەبێت ئەوە بزانرێت، کە هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە بۆ خۆپاراستن و ئامادەکاریی پێویست بۆ خزمەتکردنی چارەسەری، ژیانی هەزاران مرۆڤ ڕزگار دەکات.
دەبێت لە چوار پارچەی کوردستان و هەموو ناوچەکانی تردا، زەحمەتکێشانمان لە کەرتی تەندروستی، بەڕێوەبەرانی پەیوەندیدارمان و ڕێکخراوەکانمان تاوەکو ماوەیەک ڕێوشوێنەکانیان لە بەرزترین ئاستدا بەڕێوەببەن و بەپێی گرتنەبەری ڕێوشوێنە پێویستەکان خۆیان و کاروباری خۆیان ڕێکبخەنەوە. گەلەکەمان لە هەر شوێنێک بێت، دەبێت بەشێوەی ڕێکخراو، بە پلان و بەبێ ئەوەی تووشی شڵەژان بێت، بە پشتوانییەکی بەهێز مەترسیی پەتای جیهانیی کۆرۆنا کەم بکەنەوە.
'بە گرتنەبەری ڕێوشوێنی لاواز، خۆمان و کۆمەڵگەکەمان دەخەینە مەترسیی گەورەوە'
بە داخەوە بە ڕێوشوێنی لاواز و کەم، نا ئامادەیی و گوێنەدان و کەمتەرخەمی، خۆمان و کۆمەڵگەکەمان دەخەینە مەترسیی گەورەوە، بۆیە هەر کاریک لەو بوارەدا ئەنجام بدرێت گرنگە. لە ڕووی ژیانەوە ئیمە ناچارین ڕێوشوێن بگرینەبەر.
رێوشوێنەکان بۆ خۆپاراستن
لە ڕاگەیاندراوەکەی کۆمیتەی تەندروستیی کەجەکەدا ئەم خاڵانەی خوارەوە بۆ ڕێوشوێن لەدژی ڤایرۆسی کۆرۆنا خراوەنەتەڕوو:
1 – ئەگەرناچاری نەبێت، دەبێت هەموو جموجوڵێک بۆ دەرەوە کەم بکرێتەوە.
2 – دەبێت مرۆڤ نەچێتە شوێنە قەرەباڵغەکان، بەلانیکەمەوە 1-2 مەتر لە یەکترەوە دوور بن و کاتێکیش سڵاو لە یەکتر دەکەن، دەست لەگەڵ یەک مەدەنەوە.
3 - دەبێت لە شوێنە قەرەباڵغەکان کەمامە و دەستکێش بەکار بهێنین. ئەگەر کەمامەش دەستنەکەوت دەبێت هەمو کەسێک بەپێی تواناکانی خۆی کەمامەیەک دروست بکات، کە توانای شۆردنی هەبێت و هەموو جارێک دوای شۆردنی بەکار بهێنرێتەوە، تەنها دەتوانێت ئەوە بەکار بهێنێت و ڕێکارەکانی دژە ڤایرۆسی بگرێتەبەر و بە باشی پاکی بکاتەوە.
4 – خۆپاراستن بەبێ پاوکوخاوێنیی دەورووبەر، پاکوخاوێنیی ناوماڵ، پاکوخاوێنیی کەسی و پاکوخاوێنیی شوێنە هاوبەشەکانی ژیان بەدی نایەت. دەبێت ئێمە ئەوە بکەینە خوویەک بۆ خۆمان کە بە بەردەوامی دەستمان بە سابوون بشۆرین و هەموو کەسێک کەسانی دەورووبەری خۆی هان بدات بۆ پاکوخاوێنی. ڤایرۆسەکە لە پلەی گەرمیی 60-90 دا، یان لەو شوێنانەدا کە پاکوخاوێنن و شۆردراون و کاتێک بە کلۆر پاکوخاوێن بکرێنەوە، لەناو دەچێت و کاریگەریی نامێنێت. لەبەر ئەوەش دەبێت هەموو کات پاکوخاوێنی کەسی و دەوورووبەر ڕەچاو بکرێت.
5 – هەر کەلوپەلێک کە لە دەرەوە دهێنرێن بۆ ماڵەوە یان کڕدراون، لەبەر ئەوەی مەترسیی بوونی ڤایرۆسیان لەسەر هەیە دەبێت بە باشی پاکبکرێنەوە و ڕێوشوێنی پاکوخاوێنییان بۆ بگیرێتەبەر.
6 – پێویستە مرۆڤە بە تەمەن و تووشبوانی نەخۆشییە قورسەکان تاوەکو ئەو شوێنەی دەکرێت نابێت بچنە دەرەوە، خواردنی پڕ لە ڤیتامین و پڕۆتوین بخۆن، ئەو مرۆڤانەی لە دەرەوە دێن تاوەکو ئەو شوێنەی دەکرێت خۆیان لە کەسە بە تەمەن و نەخۆشەکان نزیک نەکەنەوە.
7 – دەبێت مرۆڤەکان ئاو زۆر بخۆنەوە و قورسایی بخەنە سەر خواردنی میوە و سەوزە، کە ڤیتامینی سی یان تێدایە.
8 – ئەگەر لە شوێنی داخراویش بێت دەبێت مرۆڤ وەرزش بکات و سیستمی بەرگریی جەستەی بەهێز بکات.
9 – ئەگەر شوێنێک گومانی ڤایرۆسی کۆرۆنای لەسەرە و کەسێک گومانی تووشبونی ڤایرۆسی کۆرۆنای لێدەکرێت، بۆ پاراستنی خۆی و کۆمەڵگە دەبێت ڕێوشوێنەکان بە باشی بگیرێنەبەر، بە هەڵوێستی بەرپرسیارانە ڕێگا نەدەن ڤایرۆسەکە بگوێزرێتەوە بۆ مرۆڤەکانی تر. ئەگەر لە گوندێک، گەڕەکێک، لە ماڵێک نیشانەی ڤایرۆسی کۆرۆنا هەبێت، دەبێت هەموو کەسەکانی ئەو شوێنە خۆیان کەرەنتینە بکەن.
10 – لەم کاتەدا دەبێت گەلەکەمان خاوەنداری لە زەحمەتکێشانی تەندروستی بکەن و هۆشیارانە بجوڵێنەوە و پشتیوانیان لێ بکەن.
11 – لە دۆخێکی قەیراوانی لەمشێوەیەدا دەبێت ڕێکخراوەکان، حیزەبکان و کەسایەتیەکان، کە نوێنەرایەتیی گەلەکەمان دەکەن بە هۆشمەندییەکی نەتەوەیی هاوبەش بجوڵێنەوە و لە هەر پارچەیەکی کوردستان بەبێ جیاوازیی بۆچۆنی سیاسی و ئیتنیکی، مافی ژیانی مرۆڤەکان بپارێزن و ورە و ئامانج و پێویستیی خۆپاراستن بەرزتر بکەنەوە.
12 – کۆمەڵگەیەک کە بەپێی شڵەژانی سیستمەکە ڕێوشوێن بگرێتە بەر، ئەوا ڕێوشوێنەکانی لە ئاستێکی کاڵ و کرچدا دەبن و دوای ماوەیەک کەمتەرخەمانە دەجوڵێنەوە و ڕێوشوێنەکان سست دەکەن و بەو هۆیانەوە دەکەونە دۆخێکی مەترسیداراەوە. دەبێت کۆمەڵگەکەمان نەشڵەژێت و خۆی بۆ هەموو بارودۆخێکی خراپ ئامادە باکات و ڕەوتی ڕووداوە چاوەڕوانکراوەکان بە شێوەیەکی کۆنترۆڵکراو بەڕێوەببات.
نزیکایەتی و هەڵوێستی لەو جۆرە بۆ گەلێک کە هەموو کات هێرش دەکرێتە سەر مافەکانی ژیانی، بە ڤایرۆسی کۆرۆنا ناشڵەژێت و نەشڵەژانیش هەموو کاتێک پێویستە.[1]
#02-04-2020#