بۆ/ هەموو یەکە کارگێڕیی و فەرمانگە پەیوەندیدارەکانی سنوری پارێزگای #سلێمانی#
بابەت/ گشتاندن
بەناوی پارێزگای سلێمانی و لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەکانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا، پاڵپشت بەو دەسەڵاتەی لە بەیانی ژمارە (25)ی ساڵی (2020)ی #وەزارەتی ناوخۆ#دا پێمان بەخشراوە. بڕیارماندا بە:
1-قەدەغەکردنی هاتووچۆ لەنێوان یەکە کارگێڕییەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی و پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆکانی ترو پارێزگاکانی عێراقیشدا تا (10/ 4/ 2020) بەردەوام دەبێت.
2-قەدەغەکردنی هاتووچۆی تەواو لە سەعات (6)ی ئێوارە بۆ سەعات (12)ی شەو تا ڕۆژی (10/ 4/ 2020) شەوانە بەردەوام دەبێت.
3-دەسەڵاتی تەواو دەدەینە هەموو قائیمقامیەتەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی، بۆئەوەی لەماوەی سەعات (12)ی شەو تا (6)ی ئێوارە، بەپێی تایبەتمەندیی سنورە کارگێڕییەکانیان، خزمەتگوزارییە گشتییەکان و پێداویستییەکانی ڕۆژانەی هاووڵاتیان بەپێی ڕێکارەکانی لەلایەن پارێزگای سلێمانی پەسەندکراون و لەسەر بنەمای ڕێنماییە تەندروستیەکان، پلانەکانیان جێبەجێ بکەن.
4-شەوانە لە سەعات (12)ی شەو بۆ سەعات (6)ی بەیانی هاتووچۆی سنوردارکراو بۆ کاری زۆر پێویست بەپێی ڕێنماییە تەندروستیی و کارگێڕیی و ئارامییەکان، لە سنوری قائیمقامیەتی شارۆچکەی مەڵبەندی سلێمانیدا، ڕێگەپێدراو دەبێت.
5-قەدەغەکردنی هاتووچۆ ئەو سێکتەرانە ناگرێتەوە کە لە بەیانەکانی وەزارەتی ناوخۆو بڕیارەکانی لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەکانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا دیاریکراون، بەتایبەتیش پزیشکانی هەڵگری ناسنامەی سەندیکای پزیشکانی کوردستان.
6-هاتووچۆی کارمەندانی فەرمانگە خزمەتگوزارییەکانی کە (پشوو نایانگرێتەوە)، بەپێی ئەوکاتانەی لەلایەن لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەکانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆناوە دیاریکراون لەڕێی ناسنامەو پێناساندنی فەرمیی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی و بەڕێوەبەرێتی فەرمانگەکانی خۆیانەوە دەبێت، وەک (تەندروستی، کارەبا، ئاو، زیادەڕەوی شارەوانیی، بەڕێوەبەرایەتی کۆمپانیای گشتی دروستکردنی دانەوێڵە، بەڕێوەبەرایەتی کۆمپانیای گشتی بازرگانی خۆراک، بانکە حکومییەکان، گەنجینەکانی 1 و 2، کشتوکاڵ، ڤێتێرنەری، دەروازە سنورییەکان، گومرگ، فڕۆکەخانە، شێڵتەرو خانەکانی ژنان و مناڵان و نەوجەوانان و بەساڵاچووان).
7-کەرتی تایبەت لە بوارەکانی (ئاڵوگۆڕی بازرگانیی، سوتەمەنیی، پاڵاوگە، کارەبا، پەیوەندییەکان، ئینتەرنێت، سیتیەکان، کۆمپانیاکانی سکوریتی، عەلوە، کۆمپانیاکانی کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشاک، بانکی ئەهلی، کارگەکانی بەرهەمهێنانی پێداویستیە تەندروستیەکان و پاککردنەوە، کۆمپانیاکانی خۆراک، پەلەوەر، خانووی پلاستیکی و کێڵگە کشتوکاڵییەکان، مەڕوماڵات، شیرەمەنیی، کۆمپانیاکانی دابەشکاریی، چالاکیی فرۆشتنی کارگە پیشەسازییەکان، کارگەکانی دەرمان) بەردەوام دەبن بەپێی ڕێکارە تەندروستیی و کارگێڕیی و ئارامییەکانی پێشتر دیاریکراون.
8-کارمەندو ڕۆژنامەوانانی کەناڵەکانی ڕاگەیاندن ڕێگەپێدراو دەبن، بەمەرجێک لەگەڵ باج یان ناسنامەی کەناڵەکەیاندا نووسراوی ڕاسپاردنیان بە ئەرکی ڕۆژانەی ڕاگەیاندنکارانەیان هەبێت لەلایەن دەزگاکەیانەوە.
9-بەپێی لیستی موچە، ڕۆژانە کارئاسانیی بۆ موچەخۆرانی ئەو شوێنانە دەکرێت کە موچە وەردەگرن، بەمەرجێک بەڵگەی فەرمیی پیشانبدەن و پابەندی ڕێنماییە تەندروستی و کارگێڕی و ئارامییەکان بن.
10-هەموو هێزەکانی پۆلیس و ئاسایش و پۆلیسی هاتوچۆ و لیوای یەکی پاراستنی سلێمانی و لیواکانی سکرتاریەت و هێزەکانی پێشمەرگە، بە شێوازێکی نوێ و بەپێی دابەشبوونی گەڕەکەکان، لە تیمی هاوبەشدا ئەرکی چاودێریکردنی پابەندبوون بە قەدەغەی هاتووچۆوە جێبەجێ دەکەن، تەنها پۆلیسی هاتووچۆ مافی لێپێچینەوەی لە شۆفێرو ئۆتۆمبێلەکان هەیە، لەگەڵ هەموو تیمێکدا ڕێبەرێکی تەندروستی بەشدار دەبێت بۆ ڕێنماییکردنی شۆفێرو سەرنشینان.
11-لەدوای سەعات (12)ی شەوی (6/ 4/ 2020)ەوە، هەموو چالاکییە ئابووریی و بازاڕگەریی و دارایی و عەلوەو یەکەکانی نیشتەجێبوون و کۆمپانیاکانی سکوریتی و سیتیەکان و کۆمپانیاکانی دابەشکاریی و مارکێت و خزمەتگوزاریی ڕۆژانە پێویستەکان وەک (مارکێت، بەقاڵ، شیرەمەنیی، نانەواخانە، سەمونخانە، قەسابخانە، دەرمانخانە، (چێشتخانەو خواردنی خێرا – کە پێویستە تەنها بەشێوەی دلیڤەری بن)، لەلایەن قائمقامیەتی سلێمانی و (یەکە کارگێڕییەکانەوە) بەهاوبەشی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی چاودێری بازرگانی و بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ئابووریدا، بە هەماهەنگیی (ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی و کۆمەڵەی هاوردەو هەناردەکاران و یەکێتی کۆمپانیاکانی دابەشکاریی) ڕێکدەخرێنەوە، بەمەرجێک کە پابەندی ڕێنماییە تەندروستی و کارگێڕی و ئارامییەکان بن، (قائیمقامەتی قەزای مەڵبەندی سلێمانی و (یەکە کارگێڕییەکان) ڕێکاری پێویست بۆ هەر بوارێکیان دیاریدەکەن و ڕایدەگەیەنن).
12-جوڵەو کاروباری دامودەزگا حکومیەکان و کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت لەلایەن پارێزگای سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتی کاروباری ناوخۆی پارێزگاو فەرمانگەی پەیوەندیدارەوە ڕێکدەخرێنەوە.
13-پێویستە هەموو هاووڵاتییەک لەکاتی هاتنە دەرەوەو مامەڵەی ڕۆژانەدا، دەستکێش و ماسک بەکاربهێنێت و پابەندی ڕێنماییە تەندروستی و کارگێڕی و ئارامییەکان بێت.
14-هەموو کارێکی خێرخوازیی پێویستە بە ئاگاداری یەکە کارگێڕییەکان و لیژنەی سەرژمێریکردنی خێزانە کەمدەرامەتەکانەوە بێت لە پارێزگاو یەکە کارگێڕییەکاندا.
15-بانکە ئەهلییەکان بەهەمان پەیڕەوی ڕاگەیەندراوی پێشوو بەردەوام دەبن.
16-بازاڕی دراوی سلێمانی و هەر شوێنێکی تریش دادەخرێن تا ئەوکاتەی لەلایەن قائمقامیەتی قەزای مەڵبەندی سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتی ئاسایش و ژوری بازرگانی و پیشەسازییەوە بەشێوەیەکی تەندروستی گونجاو ڕێکدەخرێنەوە.
17-پێویستە هەموو هاووڵاتیان و دامودەزگاکانی کەرتی گشتیی و تایبەت و مێدیاکان و ڕێکخراوەکان بایەخی تەواو بە کەلتوری (خۆپارێزیی و تاکپارێزیی) بدەن و برەو بە پەروەردەی تاکپارێزیی بدەن بۆ سەرلەنوێ کردنەوەی بوارە جیاجیاکان لە ئایندەدا بەجۆرێک، کە تاک خۆی، خۆی بپارێزێت.
د. هەڤاڵ ئەبوبەکر
پارێزگاری سلێمانی
سەرۆکی لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەکانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا
#06-04-2020#