ڤیگنەکانی کوردستان (بە ئینگلیزی: kurdistan vegans) ڕێکخراوەیەکی مافی ئاژەڵانە کە لە 24ی حوزەیرانی 2018 لەلایەن زانکۆ بەخشی و ژیار عەلییەوە لە شاری هەولێر دامەزراوە. ڕێکخراوەکە تیشک دەخاتە سەر مافی ئاژەڵان و لە هەمان کاتیشدا هانی ژینگەپارێزی و پاراستنی تەندروستی دەدات لە ڕێگەی بانگەشەکردن بۆ ڤیگنیزم و تەکینەوە لە بەکارهێنانی بەرهەمە ئاژەڵییەکان.
ڕێکخراوەکە لە ڕۆژی جیهانیی ڤیگنەکاندا لە 1ی تشرینی دووەمی 2018، دوای 5 مانگ لە دامەزرانی، لە هەردوو شاری هەولێر و #سلێمانی# بە یەکەم چالاکیی فیزیکی خۆی هەستا. لە سلێمانی، لە پاڕکی ئازادی و لە هەولێریش لە پاڕکی سامی عەبدولڕەحمان، ڕێکخراوەکە چەندین زانیارییان دەربارەی ڤیگنیزم و شێوازی ژیانی ڤیگن بڵاو کردەوە بە بەخشینی چەند نامیلکە و سووکەکتێبێک کە زانیارییەکانی لەخۆ گرتبوو.
لەدوای چالاکییەکەی ڕێکخراوەکەوە، کەناڵە ناوخۆییەکانی وەک ڕووداو، ئێن ئاڕ تی، کوردستان 24 و چەندین کەناڵی تر چاوپێکەوتنیان لەگەڵ ئەندامانی ڕێکخراوەکە ئەنجام داوە و تیشکیان خستۆتە سەر فەلسەفەی ڤیگنیزم.
سەرەتا ڕێکخراوەکە وەک بلۆگێک بۆ هۆشدارکردنەوەی خەڵکی دەربارەی ڤیگنزم دروست کرا لە ساڵی 2017. تاکوو دامەزراندنی ڕێکخراوەکە بە فەرمی، چالاکییەکانی ڤیگنەکانی کوردستان تەنیا لە بڵاوکراوە پێکهاتبوو لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی فەیسبووک و ئینستاگرام. دوای ئەوەی سەرۆکی ڕێکخراوە چەند چالاکوانێکی مافی ئاژەڵانی ناسی، پێکەوە بڕیاریان دا کە کارەکانیان فەرمی بکەن و وەک ڕێکخراوەیەک کار بکەن، بەم شێوەیە ڕێکخراوەکە لە 24ی حوزەیرانی 2018 بە فەرمی لەلایەن فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومییەکانی کوردستانەوە، لەژێر ماددەی 10 و 11ی ساڵی 2011، بڕوانامەی پێ درا و مۆڵەتی کارکردنی وەرگرت.
ڕێکخراوەکە لە ڕۆژی جیهانیی ڤیگنەکاندا لە 1ی تشرینی دووەمی 2018، دوای 5 مانگ لە دامەزرانی، لە هەردوو شاری هەولێر و سلێمانی، بە یەکەم چالاکیی فیزیکی خۆی هەستا. لە سلێمانی بە ستافێکی 5 کەسییەوە لە پاڕکی ئازادی بە نوێنەرایەتی جێگری سەرۆک ژیار عەلی و لە هەولێریش بە ستافێکی 4 کەسییەوە لە پاڕکی سامی عەبدولڕەحمان بە نوێنەرایەتی بەخشی خۆی ڕێکخراوەکە بۆنەکەی بەڕێوەبرد. ناوەڕۆکی چالاکییەکە پێکهاتبوو لە دابەشکردنی چەند نامیلکە و سووکەکتێبێک کە زانیاری دەربارەی ژەمە خۆراکییەکان و ڤیتامیناتەکان و کەسایەتییە ناودارە ڤیگنەکانی لەخۆ گرتبوو، لەگەڵ لێدوانی نوێنەران بۆ ئامادەبووان دەربارەی ڤیگنیزم و هەوڵدانیان بۆ تێگەیاندنی خەڵکی لە فەلسەفەکە.
ڤیگنەکانی کوردستان لەسەر بنەمای فەلسەفەیەکی ئەخلاقی بەناوی ڤیگنیزم ڕێکخراوەکەیان دامەزراندووە. ڕێکخراوەکە پێی وایە کە ئاژەڵەکان نابێت بۆ هیچ مەبەستێک لەلایەن مرۆڤەکانەوە بەکار بهێندرێن و سوودیان لێ ببیندرێت. لە چاوپێکەوینێکدا لەگەڵ میدیای (ژیان)دا، بەخشی وتی:
(ڤیگنەکان بە فەلسەفەیەکی ئەخلاقی پابەندبوون کە تێیدا ئەو کەسانەی کە باوەڕیان پێی هەیە، نەک تەنیا لە خواردنەکانیان بەروبوومی ئاژەڵ دەردەکەن، [بەڵکو لە بەکارهێنانی پۆشاکی ئاژەڵیش دەوەستن]، لەبەر ئەوەی بڕوامان وایە [هەتاکوو جێگرەوە بۆ ئەو شتانە هەبێت، ئاژەڵەکان] نایانەوێت ببن بە بەشێک لەو جۆرە ئازاردانەی کە لە بازرگانیکردن بە ئاژەڵ دەکرێت.)
لە چاوپێکەوتنێکی تردا، بەخشی جیاوازی ڤیگنیزم، کە فەلسەفەی ڕێکخراوەکەیە، لەگەڵ ڤێجێتێریانزیم بۆ ئێن ئاڕ تی ڕوونکردەوە و وتی: (ڤێجێتێریان دەتوانرێت وەک ڕژێمێکی خواردن سەیربکرێت، ئەو کەسانە تەنها گۆشتی ئاژەڵەکان ناخۆن، بەڵام ڤیگنیزم بەرهەمی ئاژەڵەکانیش ناخۆن و بەکاری ناهێنن، وەک هێلکە و بەرهەمە سپیایی و شیرەمەنییەکان، چونکە بڕوایان وایە ئەوەی کە لەکێڵگە پەلەوەرییەکاندا دەگوزەرێت کە مترنییە لە کوشتنی ئاژەڵەکان.) ڕێکخراوەکە و ئەندامەکانی هەڵگری ئەو بیر و باوەڕەن کە بەکارهێنانی ئاژەڵەکان و پاشماوەکانیشیان هەڵەیە بەهۆی ئەو مامەڵە نائەخلاقییانەی لەگەڵ ئاژەڵەکان دەکرێت و ئەو ئەشکەنجەیەی ئاژەڵەکان لە پیشەسازییەکاندا پێیدا تێپەڕ دەبن.[1]