بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
ماوەی چەند ڕۆژە هەواڵێک لە ڕاگەیاندنەکان بڵاو بووەتەوە، کە ژمارەیەک کەسی سەر بە هێزەکانی حەشد و پۆلیسی عێراقی لە نزیکە بازگەی پردێ دەستدرێژییان کردووەتە سەر ژنێکی کورد کە خاوەن پیداویستی تایبەتە و لە خێزانێکی زۆر هەژار و بێدەسەڵاتی سنووری پارێزگای #کەرکووک#ە.
داوا لە حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێم دەکەم بە هاوبەشی لێکۆڵینەوەی تەواو لەم تاوانە قێزەونە بکەن و ئەنجامدەرانی ئەم تاوانە بێنە سزادان. ئەمە تاوان و ستەمێکی زۆر گەورەیە، کە لە هاووڵاتییەکی بێپەنای کورد لەژێر سایەی ئیدارە و واقعی سەربازی سەپێندراوی کەرکووک کراوە، کە هەر لە سەرەتاوە هەتا ئێستا ئەم دەسەڵاتە لەسەر ئەوە ڕاهاتووە لەرێگەی جۆراوجۆرەوە دژایەتیی هاووڵاتیانی کوردی کەرکووک و مافەکانیان بکات.
با هیچ کەس و لایەنێک وا بیر نەکاتەوە کە تاوانی لەمجۆرە بەسەریاندا تێدەپەڕێ یان چاوپۆشییان لێ دەرکرێ، ئەم دەستدرێژییە شکاندنی کەرامەتی هاووڵاتییانی نەک تەنیا کەرکووک بەڵکو هەموو کوردە و، ئەنجامدەرانی ئەم بێویژدانییە دەبێ بە توندترین شێوە سزا بدرێن.
#مەسعود بارزانی#
#10-04-2020#