ئامادەکردنی: باخان مەحمود کەریم
بەشی زانستی بایۆلۆجی
زانکۆی #سلێمانی#
ڤایرۆسی #کۆرۆنا# گەورەترین گروپی ناسراوی RNA ڤایرۆسەکانە کە دابەش ئەبن بۆ چوار ڕەگەز و ئەوانیش بریتین لە: α-CoVs, β-CoVs, γ-CoVs, and δ-CoVs، کە لە نێوانیاندا ڤایرۆسەکانی ڕەگەزی ئەلفا و بێتا تووشی شیردەرەکان ئەبن لە کاتێکا دوو ڕەگەزەکەی تر ئەتوانن باڵندەکان و هەروەها شیردەرەکانیش تووش بکەن.
تا ئێستا حەوت جۆری ڤایرۆسی کۆرۆنا دۆزراونەتەوە کە تووشی مرۆڤ ئەبن و ئەبنە هۆی نەخۆشیەکانی کۆئەندامی هەناسە کە یەکەم جۆریان لە ساڵی 1960کان دۆزراوەتەوە و کۆتا دانەیشیان لە ساڵی 2019 و لە چین دۆزرایەوە.
سێ باوترینیان بریتین لە SARS-CoV کە لە ساڵی 2002 لە چین دۆزرایەوە، MERS-CoV لە سعودیە کە بە ناوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناونراوە، SARS-CoV-2 ئەم جۆرەیان کە مەبەستمانە لە ئێستادا لە سەرتاسەری جیهاندا بڵاوبۆتەوە ئەم ڤایرۆسە توشی خانەکانی ڕێڕەوی هەناسەدانی مرۆڤ ئەبێ هەروەها بەشی خوارەوەی کۆئەندامی هەناسە، بەپێی لێکۆڵینەوەکان: سەرچاوە و خانەخوێی سەرەکی ئەم ڤایرۆسە: شەمشەمەکوێرەیە کە لەوەوە بۆ مرۆڤ گوازراوەتەوە که ئەمیان مەترسی زیاتری بۆ سەر کەسانی بەساڵاچوو لەگەڵ ئەو کەسانەی کە نەخۆشییەکانی دڵ، بەرزەپەستانی خوێن، کۆئەندامی هەناسە، ئەوانەی بەرگرییان لاوازە هەیە.
ماوەی مانەوەی ڤایرۆسەکە لە ناو دڵۆپەکان لە هەوادا نزیکەی 30 خولەکە، وە لەسەر مادە ستیل و پلاستیکەکان بۆ ماوەی زیاتر لە 72 کاتژمێر زیاتر ئەمێنێتەوە، بەڵام لەسەر ئەو شتانەی لە مس دروستکراون بۆ ماوەی 4 کاتژمێر ئەمێنێتەوە و لەسەر کارتۆن و مادە کاغەزییەکان بۆ ماوەی کەمتر لە 24 کاتژمێر ئەمێننەوە.
ئەو نیشانانە چین کە کەسی هەڵگری ڤایرۆسەکە هەیەتی: ئەم نیشانانە لە ماوەی 2 بۆ 14 ڕۆژ دەرئەکەون و باوترین نیشانە بریتیە لە هەبونی:
تا
ئازاری ماسولکەکان و شەکەتبون
هەناسە توندی
کۆکەی وشک
وە لە هەندێک نەخۆشدا پژمە، ئازاری قوڕگ، سکچوونیش ڕووئەدات.
چارەسەری #کۆڤید 19# چییە:
تا ئێستا هیچ چارەسەرێکی یەکجاری کە بە تەواوی چارەسەری نەخۆشییەکە بکات: قبوڵ نەکراوە. بەڵام لە ئێستادا چەن دەرمانێک وەک چارەسەر بەکارئەهێنن لەوانە:
• هایدرۆکسی کلۆرۆکین، کلۆرۆکین: دەرمانێکی دژە مەلاریایە کە لە چەند وڵاتێک لە لیستی چارەسەرەکاندا سڕاوەتەوە ئەویش بە هۆی بوونی کاریگەری نەرێنی لەسەر دڵ.
• ڕێدیمسیڤیر (Redemsivir)فاڤیپیراڤیر(favipiravir): دژە ڤایرۆسن کە کاریگەری باشیان هەبووە لە ئێستایا لە قۆناغی سێیەمی تاقیکردنەوەکاندان کە بریتیە لە تاقیکردنەوەی دەرمانەکە لەسەر زیاتر لە 3 هەزار کەس.
• پلازمای نەخۆشی چاکبوەوە لە کۆڤید-19 کە بریتیە لە بەکارهێنانی پلازمای خوێنی کەسی چاکبوەوە لە نەخۆشیەکە.
ئایا پێکوتەی سیل(BCG)کاریگەری لەسەر کۆڤید-19 هەیە؟:
بە پێی توێژینەوەکانی توێژەرانی پەیمانگای نیۆرکی تەکنۆلۆجی و هەروەها زانکۆی فوجیتای ژاپۆنی پێکوتەی سیل کاریگەری هەیە لەسەر کەمکردنەوەی خێرا بڵاوبونەوەی ڤایرۆسەکە.
چۆن خۆمان بپارێزین:
1. دوورکەوتنەوە لە شوێنی قەرەباڵغ کە هەست بە باشی ناکەن با ماوەی نێوانتان لە مەتر زیاتر بێت.
2. دەستەکانت لە پاش هەر کارێک کە ئەیکەی بۆ ماوەی 20 چرکە بە ئاوو سابوون یاخود ئەو کە ئەلکهولیان تێدایە بشۆ.
3. لە کاتی پژمین یاخود کۆکین کلێنکس بەکاربێنە.
4. دەست مەدە لە دەموچاوو لوتت کاتێک دەستت خاوێن نییە وە پێش ئەوەی دەستت بشۆی.
5. ماسک کاتێک بەکاربێنە کە هەڵسوکەوت لەگەڵ کەسی نەخۆش یان کاتێک ئەپژمی یان ئەکۆکیت. [1]