کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان
فەرمانده و پێشمەرگە قارەمانەکان
کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان
لە کاتێکدا یادی 29 ساڵەی داستانی کۆڕێ دەکەینەوە، جیهان بە گشتی و هەرێمی کوردستان لە قۆناغێکی هەستیار و تایبەتدایە لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و جێبەجێکردنی ڕێکار و ڕێنماییە تەندروستیەکان بۆ پاراستنی گیانی هاوڵاتیان، لە هەمانکاتدا بیرخستنەوەی داستان و سەروەرییەکانی ڕابردوو ئەرک و بەرپرسیارێتیەکی گرنگ و مێژوویین.
29 ساڵ لەمەوبەر و لە ڕۆژی 1991/4/11 هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە چیا سەربەرزەکانی کۆڕێ داستانێکی گەوره و بێ وێنەیان لەمێژووی گەلەکەماندا تۆمارکرد، ئه و نەبەردییە مەزنەش لە دیرۆکی گەلەکەماندا وێنەی کەمه و دوابەدوای هەڵکردنی گڵۆپی سەوز بۆ ڕژێمی بەعسی فاشی لەلایەن وڵاتانی زلهێزی جیهانەوە، کەلە باشووری کوردستان جەماوەری گەلەکەمان بەپاڵپشتی هێزی پێشمەرگە و شانە چەکدارەکانی بروسک و شاڵاوو سوپای ڕزگاری کوردستان لە ژێر ڕێنمایی و سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی سەرکرایەتی (ی.ن.ک)، سەرجەم شار و شارۆچکەکانی لە دوژمن پاککردەوه و ڕاپەرین لەسەرتارسەی کوردستان سەرکەوتنی گەوەری بەدەستهێنابوو.
بە ئاگاداری و پشتیوانی بەشێک لە وڵاتان، هێزە شکستخواردووەکەی ڕژێمی بەعسی دیکتاتۆر خۆی ڕێکخستەوە و بەدەیان هەزار سەرباز و هەزاران تانک و تۆپی دوورهاوێژ و دەیان فڕۆکەی جەنگی و بارهەڵگر، بەره و کوردستانی ژێر دەسەڵاتی گەل بەرێکرا، بۆ سەرکوتکردنی جەماوەری ڕاپەریوو و کارەساتی گەورەی مرۆیی بەبەرچاوی هەموو دونیاوە ئەنجامدا، کە ویژدانی مرۆڤایەتی هەژاند و کۆڕەوە ملیۆنەکەی خەڵکی کوردستانی لێکەوتەوه و گەورەترین نەهامەتی بەسەر گەلەکەمان لە باشووری کوردستان و برا شیعە شۆڕشگێڕە ڕاپەریوەکان هێنا لە باشووری عیراق، کە هەزارانی لێ کوشتن و هەزارانی تریشی دەربەدەر و ئاوارەکردن و بەتەواوی ڕاپەڕینەکەی سەرکوتکردن.
ئەوێ ڕۆژێ، تەنها چیا سەرکەشەکانی کوردستان سەنگەری خۆڕاگری میللەتەکەمان بوون، کە هێزەکانی یەکێتی لە دەربەندی کۆڕێ بەسەرپەرشتی هەڤاڵ کۆسرەت ڕەسوڵ عەلی و بە لێپرسراوێتی ڕاستەوخۆی شەهیدی سەرکردە حەسەن کوێستانی کۆبونەوه و بڕیاریاندا بەدوو هێڵی بەهێز ڕووبەرووی دوژمن ببنەوە، کە هێڵی یەکەمیان لە ڕۆژهەڵاتی دەربەندی کۆڕێ و زنجیرە چیاکانی شاخی سپی و شاخی زێوکە بوون و هێڵی دووەمیش لە ڕۆژئاوای دەربەندی کۆڕێ و چیای کانی گردە چاڵ بوو، شەڕێکی قورس دەستپێکردو فەرمانده و پێشمەرگە بەورەکانی(ی.ن.ک) لە هەڵمەت بردن بەردەوام بوون، تا ڕۆژی1991/4/11. ئه و داستانە مەزنە، بە خوێنی گەشی 11 قارەمان و 37 بریندار تۆمار کرا، کە لەناویاندا 9 شەهیدیان پێشمەرگه و فەرماندەی ئازای یەکێتی بوون.
جەماوەری بەشەرەفی کوردستان:
سەرکەوتنی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و تۆمارکردنی ئه و داستانە پڕ لەسەروەرییە، وەرچەرخانێکی مێژوویی گەورە بوو له و ڕۆژگارەدا، کە سنووری بۆ بیرکردنەوەی سەرانی ڕژێمی بەعسی ڕووخاو داناو شاڵاوە بەدناوەکانی هێزی بەعسی فاشی تێکشکاندو سەدام و دارودەستەکەی ناچار کرد ملکەچ بن بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ بەرەی کوردستانی، کە ئه و سەرکەوتنە گەورەیە ئومێدی بۆ خەڵکی ستەمدیدەی کوردپەروەری ئاوارەبووی ڕەوە ملیۆنەکەی کوردستان گێرایەوه و ڕۆڵەکانی یەکێتیی سەلماندیان لە پێناو بەدیهێنانی ئامانجەکانی گەلەکەمان ئامادەیی هەموو جۆرە قوربانی و گیانفیداییەکن و مەحاڵ دەکەنە واقیع و ئیرادەی گەل سەردەخەن.
هەزاران سڵاو بۆ گیانی پاکی شەهیدە سەربەرزەکانمان دەنێرین...
هەزاران سڵاو له و فەرماندە و پێشمەرگە قارەمانانەی لە داستانی گەورەی کۆڕێ بەشداربوون...
بەرزو پیرۆز بێت، یادی 29 ساڵەی داستانی کۆرێ...
بژی کورد و کوردستان
هەر شەکاوەبێ ئاڵا سەوزەکەی ی.ن.ک
مەڵبەندی 6 #سۆران#ی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان
#11-04-2020#