رژێمی ئێران سەرەڕای قەیران و کێشە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی، بەردەوامە لە تاوانەکانی دژ بە خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان. ئەو تاوانانە هەموو توێژەکانی کۆمەڵگەی گرتۆتەوە. گرتن و ئەشکەنجەو لە سێدارەدانی چالاکوانانی سیاسی و چالاکوانانی مافەکانی مرۆڤ و خەڵکانی کاسبکار بە هەموو شێوەیەک بەردەوامە.
ڕۆژی شەممە ڕێککەوتی 2020-04-11 مستەفا سەلیمی لە زیندانی #سەقز# لە سێدارە درا و تەرمەکەی تەسلیمی بنەماڵەکەی کرا. ناوبراو بۆ ماوەی حەفدە ساڵ لە زیندانەکانی #سنە# و سەقز زیندانیی بوو.
مستەفا سەلیمی پاش سەرهەڵدانی زیندانیە کان لە ڕۆژی سێ مانگی چواردا لە گەڵ دەیان زیندانیی تر هەڵدێت و لە سنووری سەیرانبەنی شاری بانەوە خۆئ دەگەێنێتە گوندی گەرمک لە نزیکی #پێنجوێن# ولەوێ دەگیرێت. بەپێی هەندێک دەنگۆ هەر لەو سنوورەوە دەنێردرێتەوە دیوی ڕۆژەهەڵات و ئەکەوێتە دەست ڕژێمی ئێران.
بێگومان پاساوێک نییە بۆ ئەوەی هیچ کەس و هێزێکی کوردستانی کوردێکی پەنابەر ڕادەستی داگیرکەرێکی کوردستان بکاتەوە.کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان وێڕای هاوخەمی لەگەڵ بنەماڵەی مستەفا سەلیمی. بە پێویستی ئەزانێت کە حکومەتی هەرێمی کوردستان لێکۆڵینەوە لەو بابەتە بکات و ڕاستییەکان بۆ خەڵکی کوردستان ئاشکرا بکات. هەروەها بەرپرسانی ئەو کارە دادگایی بکرێن.
هەر لەو ڕووەوە پێویستە پەرلەمانی باشووری کوردستان یاسایەک سەبارەت بە نەگەڕاندنەوەو ڕادەست نەکردنەوەی کوردانی پارچەکانی کوردستان بە ڕژێمە داگیرکەرەکانی کوردستان دەربکات و بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە. چونکە لە ئێستادا نەیارانی کوردستان هەڵئەدەن بە هەموو شێوەیەک درز و کەلەبەر بخەنە ناو ڕیز و پارچەکانی کوردستان و لەو ڕێگایەشەوە پلانە چەپەڵەکانیان دژ بە بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستان، پیادە بکەن.[1]
#12-04-2020#