سزای لەسێدارەدان بەگشتی و بە تایبەت لەسێدارەدانی موستەفا سەلیمی هاووڵاتی خەڵکی شاری #سەقز#، کە لە ڕۆژی 22ی خاکەلێوە، لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەری ئێرانەوە جێبەجێ کرا بە توندی شەرمەزار دەکەین. هاوکات سەرەخۆشی لە بنەماڵە، خزم و دۆستانی دەکەین. هاووڵاتی موستەفا سەلیمی بە هەر هۆکارێک لە زیندانی ڕژێمی ئیسلامیدا بووبێت، لەسێدارەدانی جارێکیتر ڕووی نامرۆڤانە و دژە کوردی دەوڵەتی داگیرکەری ئێران نیشان دەدات. ڕژێمی ئیسلامی ئێران بۆ خۆی سەرچاوەی تاوانی مرۆڤایەتی و کۆمەڵایەتییە. هاوکات ڕژێمێکی داگیرکەرە بەسەر کوردستانەوە.
وێڕای ئەو کردەوە دزێوەی دەوڵەتی داگیرکەری ئێران، بابەتی ئێعدامی ئەم هاووڵاتیە ڕەهەندێ دڵتەزێنی بە خۆیەوە گرت، ئەویش دوای ئەوەی لە زیندانی سەقز هەڵات بۆ ئەوەی گیانی خۆی ڕزگار بکات، وادیارە لە لایەن کەسانێکەوە لە ئاسایشی #پێنجوێن#ی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، بە شێوازێکی نامرۆڤانە هەڵس و کەوتی لە گەڵ کراوە.
لە دەستپێکردنی ئەم بابەت و ڕوداوە دڵتەزێنە تا ئێستا ئێمە وەک پارتی ژیانی ئازادی کوردستان چاودێڕی بابەتەکەمان کردووە و بەدوای بەرچاوڕوونی بووین. هەرچەند کە سیاسەتی لە سێدارەدان بابەتێک نییە کە لەسەر شەرمەزارکردنی چاوەڕوان بکرێت، بەڵام بۆ ڕەهەندی دوومی بابەتەکە، واتە مژاری ڕادەستکردنەوەی پێویست بە بەرچاوڕوونی زیاتر هەبوو.
هەرچەند پێشتریش لە نێو مێژووی کوردا ڕووداوی هاوچەشن ڕوویانداوە و بەردەوام شەرمەزار کراون و وەک پەڵەی ڕەشی خیانەت چاوی لێکراوە، کاتێک ڕۆژی ئەوڕۆ دووپات دەبێتەوە، هەموو ئەو برینە پێشویانەمان دەکولێنێتەوە. ئەم کردەوە هەم لەبواری مرۆڤایەتیدا، هەم لەبواری نەتەوایەتیدا تاوانە و تاوانێکی بچوک و ئاسایی نییە کە هەم وەک مرۆڤ، هەم وەک کورد مایەی قبووڵ کردن بێت. بۆیە داوای ڕوونکردنەوە لە لایەنە پێوەندیدارەکان دەکەین و کاردانەوەی بەرفراوانی گەلەکەمان لەم ڕووداوەدا نیشانی دا کە ئیدی هاوکاری لە گەڵ داگیرکەران و خەیانەت وەک پێشتر قەبووڵ ناکرێت و هەر کەس و لایەنێک پێویستە بە سەر کرداری خۆیدا بچێتەوە.
لە کۆتاییدا جارێکی تر وێڕای شەرمەزارکردنی سیاسەتی سێدارەی دەوڵەتی داگیرکەری ئێران و کردەوەی هاوکاری داگیرکەران و ڕادەستکردنەوەی تاکی کورد بە دەوڵەتی داگیرکەر لەلایەن هەر تاک، گروپ و لایەنی بەناو کوردیەوە شەرمەزار دەکەین و هاوکات سپاسی هەستیاری و کاردانەوەی گەلەکەمان بە تایبەت ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەین کە لە بەرامبەر داگیرکەر و سیاسەتی داگیرکاریدا لە خۆیان نیشاندا.
#12-04-2020#