رژێمی بەعسی عێراق لە مەودای دەسەلاتیدا هەوڵی زۆری بۆ پاکتاوکردنی گەلی کوردستانی دا. هەر لەسەرەتای کۆدێتاکانییەوە لە 1963 و دواتریش لە 1968دا، چەندین پڕۆسەی کۆمەڵکوژیی دژ بە خەڵکی کوردستان جێبەجێ کردووە. بێگومان ئەم سیاسەتە هەڵقولاوی ئایدیۆلۆژیاو ڕوانینی ڕەگەزپەرستانەی ئەو پارت و دەسەڵاتە بووە بەرامبەر خەڵکی باشووری کوردستان.
لەو چوارچێوەیەشدا لەسەرەتای ساڵی هەشتاکانی سەدەی ڕابردووەوە بە پاکتاوکردنی کوردانی فەیلی دەستی پێکرد. سەدان هەزاری لێ گرتن. چەکە بایۆلۆژی و کیمیاویەکانی لەسەر جەستەی بەشێکیان تاقیکردەوەو کۆمەڵکوژی کردن. هەمانکات سەدان هەزار کوردی فەیلی لە وڵات دەرکرد. هەر لەو ساڵانەدا پەلاماری خێزانە بارزانیەکانی داو هەزاران بارزانی سڤیلی گرت و بێسەروشوێنی کردن.
لە ساڵی 1987 بەدواووە کەوتە داڕشتن و جێبەجێکردنی پڕۆسەیەکی فراوانتر تر، کە بە پڕۆسەی بەدناوی ئەنفال ناسراوە. لە ناویشیدا بەکارهێنانی چەکی کیمایی. ئەمەش ترۆپکی ئەو سیاسەتە شۆڤێنی و ڕەگەزپەرستییە بوو کە ڕژێمی بەعس بۆ پاکتاوکردنی ڕەگەزیی لە باشووری کوردستان دەستی پێکردبوو. لە هێرشەکانی ئەنفالدا کە بە هەشت قۆناغ و لە سەرانسەری باشووری کوردستاندا بەڕێوەچوون، هەزاران گوندو شارۆچکە لەگەڵ زەوی تەخت کران و دەیان هەزار لە دانیشتوانی ئەو ناوچانە گیران و لە بیابانەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراقدا کۆمەڵکوژ و زیندە بە چاڵکران.
ئەنفال لە پارچە جیاوازەکانی کوردستانشدا بە شێواز و ڕێبازی جیاواز لە لایەن ڕژێمە داگیرکەرەکانی کوردستانەوە پەیڕەو ئەکرێن. دەوڵەتی تورکیاش هەر لە ساڵانی 1990وە و تا ئێستاش بە هەزاران گوند و شارۆچکەی باکوری کوردستانی خاپوورکردووەو خەڵکەکەی دەربەدەر کردوون. ئاوارەکانی کەمپی مەخموری باشووری کوردستان کە ئێستا لە ژێر ئابڵوقەدان، نموونەیەکی ئەو هێرشە ئەنفالئاسایانەی تورکیان. ڕژێمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش لە دوای ساڵی 1980وە بە هەمانشێوە چەندین هێرشی کۆمەڵکوژیی لە ئاستی جیاوازدا دژ بە خەڵکی کوردستان بەڕێوەبردووە. لە هێرشەکانی ڕژێمدا بۆ سەر ڕۆژهەڵاتی کوردستان و داگیرکردنەوەی ئەو پارچەیە، لە شارەکانی #سنە#و #سەقز# و #مەهاباد# و گەلێک ناوچەی تر، گولەبارانکردن و کوشتنی بەکۆمەڵی خەڵک بەڕێوەچوون. لە ئێستاشدا دەوڵەتی تورکیا لە ڕۆژاوای کوردستان، هەمان پڕۆسە بە شێوازێکی تر پەیڕەو ئەکات. کوشتن و ئاوارەکردن و گۆڕینی دیمۆگرافیای شاری #عەفرین# و ناوچە کوردییەکان، بە هەمانشێوە ئەچنە چوارچێوەی پاکتاوکردنی نەژادییەوە.
هەموو ئەم ڕاستییانە ئەوەمان بۆ ساغ ئەکەنەوە کە داگیرکەرانی کوردستان تا ئێستاش ڕوانینێکی هاوبەشیان هەیە لە بەرامبەر چارەسەرکردنی پرسی کوردستاندا. ئەویش پاکتاوکردنی خەڵکی کوردستانە. ئایا لەبەرامبەر ئەم سیاسەت و پراکتیکە هاوبەشەی ئەواندا، ئیتر کاتی ئەوە نەهاتووە کوردانیش سیاسەت و پراکتیکێکی هاوبەشیان بۆ وەلامدانەوەی ئەم تاوانانە هەبێت؟ کاتی ئەوە نەهاتووە بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستان بخرێنە پێش بەرژەوەندییە تەنگە حزبی و کەسییەکانەوە؟ کاتی ئەوە نەهاتووە هەنگاو بۆ داڕشتنی ستراتیژێکی نەتەوەیی هاوبەش بنرێت، کە بتوانێ زامنی ڕێگریی لە دووباربوونەوەی ئەم هێرشانە بۆسەر خەڵکی کوردستان بێت؟
دوای ڕاپەڕینی گەلی باشووری کوردستان و دەرکردنی دامودەزگا سەرکوتکەرەکانی ڕژێم لە ساڵی 1991دا، هەروەها دوای ڕوخانی ڕژێمی بەعسی عێراق لە 2003. بە هەزاران دۆکۆمێنت دەرکەوتن کە ئەو ڕاستیانەیان پشتراست کردنەوە. لە چەندین شوێنی جیاواز گۆڕی بە کۆمەڵ دۆزرانەوە. بەڵام تا ئێستاش کەسوکاری ئەنفالکراوان و ئەوانەی لەو پڕۆسە نامرۆڤانەیەدا ڕزگاریان بوو، چارەنووسی کەسو کارە ئەنفالکراوەکانیان بە تەواوی نازانن. سەرەڕای ئەوەش وەک ئەوەی پێویستە هاوکاری نەکراون. بێگومان هیچ شتێک ناتوانێ قەرەبووی گیانی ئەو دەیان هەزار قوربانییە بکاتەوە. بەڵام ئاوڕدانەوەی جدیی لەو کەسانەی لە ئەنفال ڕزگاریان بووە، ئەرکێکی گرنگ و سەرەکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراقیشە. دوای ئەوەی کە هەموو بەڵگە یاساییەکان ڕاستییەکانی ئەو تاوانەیان سەلماند و هەندێک کەس لە سەرانی ئەو کاتەی عێراق سزای مەرگ دران، پێویست بوو ڕێکارە یاساییەکانی تریش بگیرێنە بەرو حکومەتی عێراق بە شێوازێکی شایستە قەرەبووی زیانلێکەوتووان بکاتەوە.
ئێمە لە کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان جارێکی تر سەری ڕێز لە بەرامبەر قوربانیان ئەنفال و هەموو کۆمەڵکوژییەکاندا دائەنەوێنین. هەمانکات داوا لە دەسەلاتدارانی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەکەین، بە تەنگ داواکاریی خەڵکی ناوچە ئەنفالکراوەکانەوە بچن. هیچ نەبێ قەرەبووی زیانە مادییەکانیان بکەنەوە و ژیانێکی شایستەتریان بۆ بڕەخسێنن. هەروەها داوا لە خەڵکی کوردستان، پارت و ڕێکخراوە سیاسییەکان، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ئێلیتە جۆراوجۆرەکانی کوردستان ئەکەین، هەنگاوی جدیی بۆ یەکدەنگی و یەکڕیزیی لە پێناو دووبارە نەبوونەوەی ئەم تاوانانەدا بنێن.
#14-04-2020#