#هەدەپە# بە بۆنەی ساڵیادی کۆمەڵکوژیی ئەنفالەوە ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، کۆمەڵکوژیی ئەنفال ئیدانە دەکەن و ڕاشیگەیاند بێدەنگی دەبێتە هۆی کۆمەڵکوژییەکی نوێ.
هەدەپە کۆمەڵکوژیی ئەنفالی لە نێوان ساڵەکانی 1986 – 1989 لەسەر دەستی ڕژێمی سەدام لە دژی کورد بەبیر هێنایەوە و ڕایگەیاند، زیاتر لە 180 هەزار مرۆڤی کۆمەڵکوژکرد، 4 بۆ 5 هەزار گوندی چۆڵکرد و خاپوریکردن و زیاتر لە ملیۆنێک کەسی لەسەر ماڵ و حاڵی خۆیان دەرکرد.
هەدەپە ئەوەشی ڕاگەیاند، پرۆسەی کۆمەڵکوژیی ئەنفال بە کیمیابارانکردنی #هەڵەبجە# لە 16ی ئاداری 1988 لە باشووری کوردستان گەیشتە لوتکە، بەڵام جیهان بێدەنگبوو و خۆی لە بەرامبەر ئەو کۆمەڵکوژی و قەڵاچۆیەدا کوێرکرد، هەر چەند دادگای باڵای سزاکانی عێراق لە ساڵی 2007 شاڵاوەکانی ئەنفالی وەک قەڵاچۆکردن و کۆمەڵکوژکردنی کورد پەسەند کردووە، بەڵام هێشتا بەشێکی زۆری کۆمەڵکوژکارەکان و تاوانباران دادگایی نەکراون.
هەدەپە ئەوەشی ڕاگەیاندووە، لە سەدەی 20 دا هەڵوێستی جیهان بە گشتی بەرامبەر بە قەڵاچۆکردن و کۆمەڵکوژکردنی گەلێک ئەوە بوو، کە خۆی بێدەنگ بکات و دواتر لە بیری خۆی بباتەوە و دواتریش فەرامۆشکردنی بسەپێنێت، ئەو هەڵوێستەی جیهان ڕێگا بۆ قەڵاچۆ و کوشتار و کۆمەڵکوژیی نوێ دەکاتەوە.
هەدەپە باسی ئەوەشیکردووە، ڕۆژی 14ی نیسان ڕۆژی یادی ئەنفالە و ئەو کۆمەڵکوژییە ئیدانە دەکەین و سەرمان لە بەرامبەر شەهیدانی ئەو کۆمەڵکوژییەدا دادەنەوێنین و خۆمان بە بەشداری خەم و ئازار و ژانی کەسوکاری قوربانیی ئەو کۆمەڵکوژییە دەزانین.
هەدەپە لە کۆتایدا ئەوەشی خستەڕوو بۆ ئەوەی جارێکیتر ئەنفال و هەڵەبجە ڕوو نەدەنەوە، داوا لە هەمووان دەکەین، کە بەرامبەر بە کۆمەڵکوژییەکان بێدەنگ نەبن و گوێی لێ نەخوێنن و فەرامۆشیان نەکەن.[1]
#14-04-2020#