واجاریکی دیکە لە مانگی ئازاری ئەمساڵدا یادیکی پڕشکۆ و شانازی کە لە دایکبونی حزبە تێکوشەرە کە مانە حزبی شیوعی کوردستان، دەکەینەوە. ئەوەتا لە کۆتایی مانگی ئازاری ئەمساڵدا تەمەنی تێکۆشانی شیوعییەکانی کوردستان و عێراق دەگاتە هەشتاو شەش ساڵ، کە کاروانێکی پڕ قوربانی و گیانفیدایی لە پێناوی بەرژەوەندی و داوا ڕەواکانی گەل و نیشتمان بووە. لەم کاروانەدا هەزارەها تێکۆشەری لێهاتوو و بەتاوانا و کارامە لە بوارە جۆراجۆرەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی، بەرژەوەندی نیشتمان و چینی کرێکار و تەواوی زەحمەتکێشانی گەلیان لە سەروو بەرژەوەندی خۆیانەوە دانا، و لە ئاستی ئەو بەڵێنەدا بوون کە بە جەماوەریان دابوو لەو ڕوانگەیەوە کە حزبیەکەیان حزبی تێکۆشانی نیشتمانی و چینایەتییە، و وەک پێداویستییەکی بابەتی و له پيناو بەرژەوەندی کرێکاران و جوتیاران و هه ژاران و ڕەنجدەرانی بیروبازو لە دایک بووە، و لە پێناوی نیشتمانیکی ئازاد و گەلێکی بەختیاردا خەبات دەکات، و ڕێگای عەدالەتی کۆمەڵایەتی و یەکسانی و سۆشیالزمی وەک هەڵبژاردەیەکی مێژووی دەستنیشان کردوە، و لە بواری کار و کردەوەی و تیۆریدا مارکسیزم و شوناسی نیشتمانی کوردستانی و بەرژەوەندییە باڵاکانی چینە زەحمەتکێشەکان، و داکۆکی لە ئازادییەکانی مرۆڤ و مافی ژنان و دیموکراسیی، ڕێبازی سەرەکی تێکۆشان بووە، و هەردەم لێکدانەوە و شرۆڤەکردنی واقیعی گۆڕاوی کوردستان و عێراق و ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست و جیهان بنەمای داڕشتنی بەرنامە و ئەرکەکانی بووە.
بە پشتبەستن بەم بنەمایانەی باس کران، شیوعییەکانی کوردستان و عێراق لە سەردەمی حوکمی پاشایەتییوە تا ئێستا پێشڕەوی تێکۆشان بوون لە تێکڕای چالاکییە جەماوەرییە جۆراوجۆرەکان و لە مانگرتن و خۆپیشاندان و ڕاپەڕینی جوتیاران و شۆڕشەکانی گەلی کوردستان و عێڕاق و ئەم تێکۆشانەشی بە خوێنی گەشی سەرکردە و کادیر و ئەندام و لایەنگرانی بووە و شەهیدبوونی فهدی سەرکردە و سلام عادیل و جەمال حەیدەری گەواهی ئەم ڕاستییەن.
ئەمرۆ لە ساڵرۆژی دامەزراندی حزبی شیوعی کوردستاندا کە هاوکاتە لە گەڵ ساڵرۆژی دامەزراندنی حزبی شیوعی عێراق دووپاتی پەیامی یەکریزی گەلی کوردستان دەکەینەوە کە بەردی بناغەی مسۆگەرکردنی تێکوشانە لە پێناوی مافی چارەنوس بۆ گەلی کوردستان و دیموکراسی بۆ عێراق، و لەو ڕوانگەیەوە حزبمان پشتگیری داوا ڕەواکانی خۆپیشاندەرانی ئۆکتۆبەری 2019 دەکات کە بە داخەوە تا ئێستا دەستەی حوکمران لە عێراقدا فەرامۆشی کردوە.
ئەمڕو شیوعی و دۆست و لایەنگرانیان لە هەلومەرجێکدا یادی ساڵڕۆژی دامەزراندنی حزبەکەیان دەکەنەوە کە سەرجەم ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆتە چاوگی ململانێی و ناکۆکی، و گۆڕەپانی سیاسی عێراقیش بۆتە بەشێک لە ململانێی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی کە بە پێچەوانەی بەرژەوەندی گەلەکەمان شکاوەتەوە، و لە هەمان کاتدا مەترسی ڤایرۆسی کۆرۆنا فشارێکی گەورەی بەسەر خەڵکی کوردستان کردوە و بۆتە هۆی پەکخستنی ڕێڕەوی ئابوری و جۆڵەی بەرهەمهێنان، لە کاتیکدا کە موچەی سەرجەم فەرمانبەران لە لایەن حکومەتی هەرێمەوە دابین نەکراوە، و ئەمەش لە تەک کۆرونا بێزاری و دڵەڕاوکێی لای جەماوەر درووست کردووە، بەتایبەتی کە نرخی نەوت لە بازاڕی جیهانیدا کەم دەبێتەوە و مەترسی قەیرانی ئابوری جیهانی وەک قەیرانی جیهانی ساڵی 2008 لە ئارادایە.
هاوکات لەگەڵ تێکڕای ئەم ڕەوشەدا ململانی نا ڕەوایانەی نێوان حزبە دەسەڵاتدارەکانی کوردستان بەردەوامی هەیە و هەندێ جار بە شێوازی ململانێی نێوان دەزگا ئەمنییەکان دەردەکەوێت بە عەقلیەتی بەردەوامی لە سەر ڕێبازی زۆنی زەرد و سەوز، و جاری واش هەیە مەترسی سەنگەر لەیەکتر گرتن و پێکدادانی لێدەردەکەوێت، جگە لە شەڕی ڕاگەیاندن، کە تێکڕای ئەم ڕەوشە بێزاری و دڵگرانی لای جەماوەری گەلی کوردستان، درووست کردوە.
لە کاتێکدا حزبمان داوا لە جەماوەری گەلەکەمان دەکات کە پابەندی ڕێنماییە تەندرووستییەکان بن، و دەستخۆشی لە دەزگاکانی تەندرووستی و پۆلیس و ئاسایش و تێکڕای ئەو کەس و ناوەندانە دەکات کە وەک سەربازی وون بۆ پاراستنی تەندرووستی گشتی و زاڵبوون بەسەر ڤایرۆسی کۆڕۆنا کاردەکەن، جەخت لەوە دەکاتەوە کە پێویستە حکومەتی هەرێم بە ئەرکەکانی سەرشانی خۆی هەڵبستێت و دابینی پێداویستی تەندرووستی و بژێوی جەماوەر و موچە بکات، و زەمینەی لەبار بۆ هەماهەنگی خەڵک و حکومەت بۆ تێپەڕاندنی ئەم قەیرانە تەندرووستییە درووست بێت.
حزبمان لەو قەناعەتەدایە کە مرۆڤایەتی بە هاوکاری و هەماهەنگی یەکتر ئەم قەیرانە تەندرووستییە تێدەپەرێنێت، بەڵام بوونی ئەم قەیرانە و لێکەوتەکانی بۆ سەرجەم مرۆڤایەتی ئەوە دەردەخات کە ناکرێ تەندرووستی مرۆڤایەتی بە عەقلیەتی و میکانیزمەکانی ئابوری بازاڕ و قازانجی کۆمپانیا سەرمایەدارەکان، مامەڵەی لەگەڵ بکرێت.
لە هەمان کاتدا نابی تێپەڕاندنی ئەم قەیرانە تەندرووستییە، ئەرکە سەرەکییەکانمان لە کوردستاندا لە بیر بباتەوە کە لە ڕوانگەی حزبمانەوە وەک حزبێکی ئۆپۆزیسونی چەپی دیموکراسی خۆی لە ئەرکی پاراستنی ئازادییەکان و مافی ژنان و گرتنەبەری چاکسازی هەمەلایەن و ڕاستەقینە و پیادەکردنی شەفافیەت لە خستنەڕووی داهات و خەرجی بەتایبەتی لە بواری نەوت و گاز و داهاتی گمرگی وێستگە سنوورییەکان و نەهێشتنی گەندەڵی و کۆتایهێنان بە دیاردەی دوو ئیدارەیی بەتایبەتی لە بواری هێزی پێشمەرگە و ئاسایش و بنیاتنانی دامەزراوەکان و دانانی دەستورێکی دیموکراتی عەلمانی لە کوردستان، دەبینێتەوە، و هاوکات لە گەڵ دانانی سیاسەتێکی ئابوری نوێ بە پێچەوانەی مەرجەکانی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی و بەتایبەتکردنی ڕەها و ئابوری بەرخۆر. هەروەها پێویستەحکومەت ئەرکەکانی خۆی لە بواری خوێندن و تەندرووستی وخزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان و کەمکردنەوی باج ببینێت، و پەرلەمان یاسای کار و بیمەی کۆمەڵایەتی و یاسای بیمەێ تەندرووستی و یاسای وەبەرهێنانی بیانی هەموار بکات، وشەفافیەت لە بوارە جۆراجۆرەکانی سیاسەتی نەوت وگاز مسۆگەر بکرێت.
لە سەر ئاستی سیاسەتی دەرەکیدا حزبمان جەخت لەسەر سیاسەتێکی دەرەکی سەربەخۆ ویەکگرتووی کوردستان دەکاتەوە لەسەر بنەمای بریاری نیشتمانی سەربەخۆیی کوردستانی دوور لە جەمسەرگیری، و هەر ئەم سیاسەتەش لە سەر ئاستی هەرێمی کوردستان ولە سەرئاستی هەموو بەشەکانی کوردستان ڕێگا لە ناکۆکی لاوەکی و شەری ناوخۆیی دەگرێت.
لە ساڵرۆژی لە دایکبوونی حزبمان سڵاوی ڕێز و وەفاداری خۆمان بۆ خێزانی شەهیدانی حزبی شیوعی کوردستان و حزبی شیوعی عێراق، و خێزانی سەرجەم شەهیدانی کوردستان و شەهیدانی بزوتنەوەی دیموکراتی عێراق ڕادەگەیەنین، وبەلێنی بەردەوامبونی تێکۆشانی حزیمان دووپات دەکەینەوە، و بە هەمان شێوە سڵاوی تێکۆشان وهاوسەنگەری خۆمان بۆ پێشمەرگە قارەمانەکان داکۆکیکەری خاکی کوردستان، دەنێرین.
هەشتاو شەشەمین ساڵرۆژی لە دایکبوونی حزبی شیوعی کوردستان و حزبی شیوعی عێراق بەرز و بەرێز بێت.
مەکتەبی سیاسی
حزبی شیوعی کوردستان
کۆتایی ئاداری 2020
جێگای ئاماژەیە 31/ئازاری 1934 حزبی شیوعی عێراق دامەزراوە و لە ساڵی 1993-ش حزبی شیوعی کوردستان دامەزرا، دواتر بڕیاردرا 31/ئازار وەک ساڵیادی دامەزراندنی حزبی شیوعی عێراق و کوردستان دەستنیشان بکرێت.
31-03-2020