کەس و کاری سەربەرزی شەهیدان
خەڵکی خۆڕاگر و تێکۆشەری دۆڵی خۆشناوەتی
33 ساڵ لەمەوبەر لە 16 / 4 / 1987 ڕژێمی بەعسی لەناوچوو تاوانێکی تری خستە سەر ئەو تاوانانەی کەلە چوارچێوەی کۆمەڵکوژی و لەناوبردنی گەلی کوردستان جێبەجێی دەکرد، لەو ڕوژەدا ڕژێمی لەناوچوو بەچەکی قەدەغەکراوی کیمیاوی گوندی شێخ وەسانان و بالیسان و گوندەکان دۆڵی خوشناوەتی چەند جارێک بۆمباران کرد و لەئەنجامدا چەندین قوربانی شەهید و برینداری لێکەوتەوە.
هەر ئەوکات ژمارەیەک لە بریندارەکان دوور لەهەموو بەهایەکی مرۆڤایەتی لەلایەن ڕژێمەوە زیندەبەچاڵکران کە لە دوای ڕوخانی ڕوفاتی ژمارەیەک لەو شەهیدانە لە گۆرێکی بەکۆمەڵدا لەکارگەی قیری #هەولێر# دۆزرانەوە و گەرێندرانەوە زیدی باوک وباپیرانیان و بەخاک سپێردرانەوە.
بەشێکی زۆری بەرکەوتووانی چەکی کیمیاوی ئەو ناوچانەش کە ڕزگاریان بوو تائێستاش ئاسەواری ئەو چەکە بە جەستەیانەوە ماوە و کاریگەری لەسەر تەندرووستیان درووستکردووە.
خەڵکی خۆراگری بالیسان و شیخ وەسانان و دوڵی خۆشناوەتی.
مێژوو شاهیدی خۆراگری و قوربانیدانی ناوچەکەتان دەدات کەهەردەم پشتیوان و پاڵپشتی شۆرشەکانی گەلی کوردستان بوون و لەمێژووی کوردایەتیدا لاپەرەی ڕەنگین بەخوێنی قوربانیدانتان نەخشاندوە.
بەرگری و خۆڕاگریتان لەبەرانبەر مەترسیدارترین چەکی کۆکوژی کیمیاوی شکستی بە پیلانی دوژمنان هێنا و ئێوەش سەربەرزانە لە سەر خاکەکەی خۆتان مانەوە.
ئێمە لە وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان خزمەتی زیاتری کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و ئەنفالکراوان و بەرکەوتوانی چەکی کیمیاوی و تاقانەکانی جینوساید لەو سنوره و هەموو کوردستان بە ئەرکی سەرشانمان دەزانین.
کەسوکاری سەبەرزی شەهیدان
لە کاتێکدا ئێمە یادی 33 ساڵەی بەرکەوتووانی کیمیابارانی ناوچەکەتان دەکەینەوە کوردستان لە قۆناغی خۆپارێزی لە مەترسییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنادایە و لەبەر پابەندبوون بە ڕێکار و ڕێنماییە تەندرووستییەکان نەتوانرا وەک ساڵانی
پێشوو مەراسیمی شایستە بۆ یادی شەهیدەکانمان بکەینەوە، لەگەڵ ئەوەی بۆ هەمیشە یادی شەهیدانمان بەرز ڕادەگرین هەوڵەکانی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان بەرێگار و شێوازی تر بەردەوامە بۆ ئەوەی ئەو تاوانانەی بەرانبەر گەلی کوردستان کراون لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بناسرێن.
درود بۆ ڕوحی پاکی شەهیدانی بالیسان و شیخ وەسانان و دوڵی خۆشناوەتی و سەرجەم شەهیدانی کوردستان
سەربەرزی بۆ کەسوکاریان
وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان
#16-04-2020#