لە کاتێک کە جیهان لە گەڵ مەترسییەکان و لێکەوتە ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا COVID19 بەرەو ڕووە، ڕژێمی داگیرکەری تورکیا، دەستی لە دەستدرێژکاری بۆ سەر هەرێمی کوردستان هەڵنەگرتووە، بێ سڵەمینەوە بە فڕۆکە بۆردومانی ناوچە سنووریەکان و کەمپی مەخمور دەکاو هاوڵاتیان شەهید و برینداردەکات. هاوکات گرژی سیاسی و شەڕی ڕاگەیاندنی ڕاستەوخۆ و ناراستەو لە نێوان لایەنە سیاسییەکانی کوردستان لە زیادبوون دایە، کە ئەگەر پێشی پێ نەگیرێ، ئاکامی مەترسیداری لێ دەکەوێتەوە و ئەمەش هۆکارێکە بۆ دەستوەردانی زیاتری وڵاتانی داگیرکار بۆسەر هەرێمی کوردستان.
ئێمە لە لیژنەی کاری هاوبەشی سێ لایەنی کوردستانی وێڕای مەحکوم کردنی دەستدرێژکاری تورکیا بۆ سەر باشووری کوردستان، پێمانوایە بۆ ڕووبەڕووبونەوەی پیلانگێڕی و سیاسەتی داگیرکاری دەوڵەتە داگیرکارەکانی کوردستان لە ئێستا و لە داهاتوو پێویستمان بە هەبوونی ستراتیژێکی هاوبەشی کوردستانی هەیە.
هەروەک لە ڕوانگەی هەستکردن بە بەرپرسیاریی نیشتمانی، بۆ پاراستنی هەرێمی کوردستان، داخوازی لە هێزە کوردستانییەکان دەکەین، لە ڕێگەی دیالۆگەوە کێشەکان چارەسەر بکەن و ڕەچاوی دۆخی هەستیاری باشووری کوردستان بکەن و هەموو تواناکان تەرخان بکرێ بۆ دەربازکردنی گەلەکەمان لەو دۆخە دژوارەدا.
لیژنەی کاری هاوبەشی
- حزبی شیوعی کوردستان.
- بزووتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان.
- حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان.
#16-04-2020#