بۆ/ هەموو یەکە کارگێڕیی و فەرمانگە پەیوەندیدارەکانی سنوری پارێزگای #سلێمانی#
بابەت/ گشتاندن
پاڵپشت بە بەیانی ژمارە (27)ی ساڵی (2020)ی #وەزارەتی ناوخۆ# لە (16/ 4/ 2020)دا، لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەکانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا بڕیاریدا بە:
1- لەدوای (16/ 4/ 2020)ەوە تا (23/ 4/ 2020)، قەدەغەی تەواوی هاتووچۆ لە سەعات (6)ی ئێوارە بۆ (12)ی شەو بەردەوام بێت.
2- قەدەغەی هاتووچۆ لەنێوان پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆو یەکە کارگێڕییەکانی سنوری هەر پارێزگایشدا بەهەمان ڕێکاری پێشوو تا (23/ 4/ 2020)، بەردەوام بێت و ڕێگەپێدان لەنێوان پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆکان و لەناو پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆکان بەپێی سیستمی ڕێگەپێدانی ئەلکترۆنی دەبێت، کە لەسەر وێب سایتی وەزارەتی ناوخۆ بە ناونیشانی (moi.gov.krd) دانراوەو هاوڵاتی دەتوانێت لە حاڵەتی زۆر پێویست داوای ڕێگەپێدان بکات بەپێی ئەو ڕێنماییانەی کە لەو سیستمە دیاری کراوە، ئەم سیستمە لە (18/ 4/ 2020) کارا دەبێت.
3- لە سەعات (12)ی شەو بۆ (6)ی بەیانی هاتووچۆی پێویست و دیاریکراو بەپێی ڕێکارو ڕێنماییە تەندروستیی و کارگێڕیی و ئارامییەکان لە سنوری شارۆچکەی مەڵبەندی سلێمانی و ناو هەر یەکەیەکی کارگێڕیی سنوری یەکە کارگێڕییەکانی پارێزگای سلێمانی تەنها بۆ ناو خودی سنوری یەکە کارگێڕییەکە، ڕێگەپێدراو دەبێت.
4- جوڵەی کشتوکاڵیی و پێداویستیە کشتوکاڵیی و پەلەوەرو ئاژەڵداریی و پیشەسازییەکان بەهەمان شێوەی جوڵەی بازرگانیی ڕێگا پێدراو دەبێت.
5- دەسەڵات دەدرێت بە هەموو قائیمقامیەتەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی، بەپێی بارودۆخەکە کارو پیشەو کەسابەت و پێداویستی و خزمەتگوزارییەکان بەپێی تایبەتمەندی قەزاکە، لەماوەی نێوان سەعات (12)ی شەو بۆ (6)ی ئێوارەدا ڕێکبخەنەوە، ڕێکاری پێویستیان بەپێی ڕێنماییە تەندروستیی و کارگێڕیی و ئارامییەکان بۆ دیاری بکەن، بەمەرجێک کارنەکاتە سەر قەدەغەی هاتووچۆ.
6- لەناو چەقی شاری سلێمانیدا، بەهیچ جۆرێک ڕێگا بە هاتووچۆی ئۆتۆمبێل نادرێت، ئەو شوێنانەی ڕێگایان پێ دەدرێت لە سەعات (6)ی بەیانی بۆ (4)ی پاش نیوەڕۆ بەپێی ڕێکارو ڕێنماییە تەندروستیی و کارگێڕییەکان لە ڕۆژی (19/ 4/ 2020)ەوە دەکرێنەوە، بەپێی ئەو ڕێکارانەی قائیمقامیەتی قەزای مەڵبەندی سلێمانی دیاریدەکات، ئەم بوارانەی دیاریکراون لە چەقی شارو شوێنە گشتییەکاندا ناکرێنەوەو بریتین لە (عیادە پزیشکیەکان، نۆرینگەکان، تاقیگە پزیشکیەکان، نۆرینگەکانی تیشک و سۆنار، چێشتخانە، چایخانە، کافتریا، قاوەخانە، شەربەتخانە، خواردنگا، ساردەمەنیی، شوێنی دانیشتنی شیرینییەکان، پارکی ئۆتۆمبێل و هەر شوێنێکی تر کە مەترسی لەسەر بەریەککەوتن و تێکەڵاویی هاووڵاتاین هەبێت)و ڕێگا بەهیچ زیادەڕۆییەک نادرێت.
7- کرێکاریی و وەستایی و کاری بیناسازیی و دیکۆرات و هەر کارێکی ئەندازیاریی و چاپخانەکان، وەرشەو پێشانگاکانی کۆمپیوتەرو مۆبایل، پڕۆژەکان و پڕۆژەکانی وەبەرهێنان، پێشانگاکانی مۆبیلیات، ئەلکترۆنیات، بەرهەمە پیشەسازیی و بیناسازییەکان ڕێگەپێدراو دەبن بەمەرجی جێبەجێکردنی ڕێکارو ڕێنماییە تەندروستییەکان، لە سەعات (6-8)ی بەیانی دەتوانن بچنە سەر کارو لە سەعات (4-6)ی ئێوارە لە کارەکانیان بگەڕێنەوە.
8- ناوچەکانی پیشەسازیی بەپێی ئەو ڕێکارانەی قائیمقامیەتی قەزای مەڵبەندی سلێمانی دیاریدەکات دەکرێنەوە، (جگە لە پێشانگاکانی ئۆتۆمبێل).
9- کارگە بچوک و مامناوەندەکان بەپێی ڕێکارو ڕێنماییە تەندروستیی و کارگێڕییەکان دەکرێنەوە، ئەندازیارو کارمەندو پیشەوەران لە سەعات (6-8)ی بەیانی بۆ (4-6)ی ئێوارە ڕێگە بە هاتووچۆکردنیان دەدرێت.
10- کارگە پیشەسازییەکان بەپێی ڕێکارو مەرجە تەندروستیی و کارگێڕییەکانی دیاریکراون، دەکرێنەوە.
11- ئاڵوگۆڕی کەرەستەی بیناسازیی لەنێوان یەکە کارگێڕییەکانی سنوری پارێزگای سلێمانیدا لە سەعات (12)ی شەو بۆ (6)ی ئێوارە ڕێگەپێدراو دەبێت.
12- هەر کەسێک کە بەپێی خاڵەکانی (6، 7، 8، 9، 10، 11، 12) ڕێگەی کارو کەسابەتی پێ دەدرێت، سەرپێچی ڕێکارو ڕێنماییە تەندروستیی و کارگێڕیی و ئارامییەکان بکات، لەلایەن یەکە کارگێڕیی و لیژنەکانی قائیمقامیەتەوە بۆماوەی (هەفتەیەک) دادەخرێت.
13- هێزەکانی ناوخۆو تیمە تەندروستیەکان لە ئەرکەکانیاندا بەردەوام دەبن بۆ چاودێریکردنی قەدەغەی هاتووچۆ و پابەندبوونی خاوەن کارو هاووڵاتیان بە ڕێنماییەکانەوەو، ڕێکارە یاساییەکان بە هەموو شێوەیەک توندو ورد، بەڕێوە دەبەن.
14- ڕێنمایی بەردەوامی هاووڵاتیان بکرێت بۆ خۆپارێزیی و تاکپارێزیی و پابەندبوون بە ڕێنماییە تەندروستیەکانەوە.
15- ڕاسپاردنی بەڕێوەبەری فەرمانگەکانی دەوڵەت لە ئاستی پارێزگاو قەزاکاندا بۆ دیاریکردنی ڕێکاری خۆپارێزیی تەواو بەهەماهەنگیی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستیی پارێزگای سلێمانی بۆ قۆناغەکانی داهاتوو.
د. هەڤاڵ ئەبوبەکر
پارێزگاری سلێمانی
سەرۆکی لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەکانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا
#16-04-2020#