#پژاک# داوا لە هەموو هێز و لایەنە کوردستانیەکان دەکات لە بەرامبەر داگیرکەران بە تایبەت ڕژیمی فاشیستی ئاکەپە-مەهەپە خاوەن هەڵوێست بن و ڕایدەگەینێت: نابێت هیچ لایەنەک لاواز کردنی بزوتنەوەی ئاپۆیی وەکو و ئامانجێک بۆ خۆی بزانێت.
مەجلسی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان- پژاک بەرخودانی گەریلا و #شەڕڤان#انی ئازادی لە باشوور و ڕۆژاوای کوردستان لە بەرامبەر چەتەکانی #داعش# بەبیردێنێتەوە و ڕایدەگەینێت: هەر کات هێزە کوردیەکان یەکگرتن نزیک دەبنەوە، پیلانی داگیرکەران بۆ پارچەکردنی گەلی کورد و هەرەوەها هاندان بۆ شەڕی ناوخۆیی دەستپێدەکات.
لەسەر سیاسەتی پەیوەندی پارتی و دەوڵەتی داگیرکەری توک هاتووە: پارتی دیموکرات لەم ساڵانەی دوایی و لە دوای ئەوەی کە نەیتوانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی بگەینێتە ئەنجامێک، لە بواری سیاسی، سەربازی و دیپلۆماسیدا لاواز بووە، بۆیەش خۆی لە دەوڵەتی داگیرکەری تورک نزیک کردوتەوە، لە ئەنجامدا بووەتە هاوکاری داگیرکەرانی کوردستان.
لە بەردەامی ڕاگەیەندراوەکەی پژاک هاتووە: لاواز کردنی بزوتنەوەی ئاپۆیی بە واتای ئاستەنگ کردنی گەلی کوردە، نابێت هیچ لایەنێک لاواز کردنی بزوتنەوەی ئاپۆیی وەکوو ئامانجێک بۆ خۆی ببینێت، وەها هەڵسوکەوتێک لە درێژخایەندا داگیرکەران بەهێزتر دەکات و زیانی ستراتژی و مێژوویی بۆ گەلی کورد هەیە، هەر جۆرە هەڵسوکەوتێک لە خزمەتی داگیرکەرانی کوردستان بە تایبەت بلۆکی فاشیستی ئاکەپە-مەهەپە لە دژی گەلی کورد پێویستە لێپرسینەوەی لێبکرێت.
پژاک، ئاماژە بەوە دەکات کە جموجۆڵی سوپای داگیرکەری تورک لە باشوری کوردستان بەبێ ئاگاداریی و ئەرێکردنی پارتی ناکرێت و ڕایدەگەینێت: لە ئەنجامی ئەو داگیرکاریەدا دەیان هاوڵاتی و گەریلای ئازادی شەهید بوون و گورز لە ڕۆحی نەتەوەیی دراوە، داگیرکاری دەوڵەتی تورک بۆ هەموو باشوری کوردستان مەترسیەکی گەورەیە.
پژاک ئاماژە بە هێرش لە دژی گەریلا بە ڕێگای هاوکاری میت و پاراستن دەکات و ڕایدەگەینێت: جموجۆڵی پارتی لە زینی وەرتێ و شەهید بوونی گەریلا ئەو هاوکارییە دەسەلمێنێت، لە هەمان ڕۆژیش فرۆکەکانی سوپای داگیرکەری تورک هێرش دەکەنەسەر کامپی پەنابەرانی #مەخموور# و سێ ژن لەوێ شەهید دەکەن، ئەوە نزیک 10 مانگە کامپی شەهید ڕۆستەم جودی لە مەخموور لەژێر گەمارۆی هێزەکانی حکومەتی هەرێمدایە، سەرەڕای هەموو هەوڵەکان هەتا ئێستا ئەو سیاسەتە هەڵەیە بەردەوامە.
پژاک، جەخت دەکاتەوە: گەمارۆدانی کامپی مەخمور و هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک لێک جودا نیین، دەبێت دەستوبرد حکومەتی هەرێم بەرپرسیارێتی خۆی بۆ کۆتاییهێنان بە دۆخەکە بەجێ بێنێت و لەمە زیاتر هەست و نەستی نەتەوەیی گەلەکەمان بریندار نەکرێت.
پژاک، دەستنیشانی دەکات کە دەبێت گەلەکەمان و هەموو ڕێکخراو و پارتەکان لە بەرامبەر هەڵسوکەوتێک کە خزمەت بە گەل ناکات خاوەن هەڵوێست بن و تێبکۆشن.
لە کۆتاییدا پژاک ڕایدەگەینێت: وەک هەموو کات ئامادەین بۆ تێکۆشانی ئازادی و دیموکراسی هەموو بەرپرسیاریەتیەک لە ئەستۆ بگرین، سەرەخۆشی لە بنەماڵەی شەهیدان لە زینی وەرتێ و کامپی مەخمور دەکەین و داوامان بۆ یەکیەتی نەتەوەیی دوپات دەکەینەوە.[1]
#17-04-2020#