کۆما جڤاکێن کوردستان - #کەجەکە# وردەکاریی شەهیدبوونی سێ گەریلای #هەپەگە# لە بۆردوومانەکەی زینی وەرتێ بڵاودەکاتەوە و ڕایدەگەیەنێت: لە خاڵی جێگیربوونی هێزەکانی پارتییەوە زانیاریی لەسەر شوێنی ئەو سێ گەریلایەمان ئاشکرابووە.
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ کۆما جڤاکێن کوردستان - کەجەکە بەیاننامەیەکی دەربارەی بارودۆخی زینی وەرتێ و بۆردوومانەکانی 15ی ئەم مانگەی دەوڵەتی تورک لە زینی وەرتێ و کامپی مەخمور بڵاوکردەوە.
کەجەکە لە بەیاننامەکەدا، وردەکاریی چوونی گەریلاکانیانی بۆ زینی وەرتێ و چۆنییەتی شەهیدبوونیان ڕووندەکاتەوە و هاتووە: تیمێکی سێ گەریلاییمان چووبوونە خاڵی جێگیربوونی هێزەکانی پارتی لە زینی وەرتێ و پێیان وتبوون، کە مانەوەیان لەو ناوچەیە ڕاست نییە و داوایان لێکردبوون ئەو ناوچەیە جێبهێڵن، دواتر ئەو تیمە لە نزیک بارەگای هێزەکەی پارتی جێگیرببوون.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی کەجەکە، هیچ بارەگایەکیان لە زینی وەرتێ نەبووە تا شوێنی گەریلاکانیان ئاشکراببێت و هاتووە: ڕۆژێک دوای ئەو سەردانە فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورک بۆردوومانی خاڵی جێگیربوونی ئەو تیمەی گەریلایان کرد و هەرسێکیان شەهیدبوون، ئەو هێرشەش لە ئەنجامی زانیاریی هەواڵگرییدا پێکهاتووە، لەو شوێنەی سێ گەریلاکەی ئێمەی لێبووە نە بارەگا هەبووە نە هیچ شتێک، بۆیە بۆمان ڕوونبوونەوەتەوە کە لە خاڵی هێزەکانی پارتییەوە زانیاریی لەسەر ئەو سێ گەریلایەمان ئاشکرابووە.
هەر بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی کەجەکە، ئەو سێ گەریلایەی لە زینی وەرتێ شەهیدبوون خەڵکی باشور، ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای کوردستانن.
کۆما جڤاکێن کوردستان جێگیربوونی هێزەکانی پارتیش لە نزیک ئەو شوێنەکانی گەریلا بە ڕاگەیاندنی شەڕ دژ بە گەریلا ناودەبات لەلایەن پارتییەوە و دەڵێت: لەڕاستیدا جێگیربوونی هێزی پارتی لە زینی وەرتێ ڕاگەیاندنی شەڕە لەدژی گەریلا، لەسەر داواکاریی تورکیاش پارتی فشاری 'لێرە دەربچن' لە گەریلا دەکات.
کەجەکە هەر لەو بەیاننامەیەشدا ئاشکرایدەکات، کە پارتی و تورکیا ڕێککەوتوون بۆ گەمارۆدانی #قەندیل# و دەڵێت: پارتی و تورکیا ڕێککەوتوون لەسەر گەمارۆدانی قەندیل و چاوەڕوان دەکرێت لەکاتێکی گونجاودا دەوڵەتی تورک هێرش بکاتە سەر قەندیل، بۆیەش پارتی هێزەکانی لەنزیک شوێنەکانی گەریلا زیادکردووە.
ئەمە لەکاتێکدایە ڕۆژی 15ی نیسان فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورک لە دوو کاتی جیاوازدا هێرشی ئاسمانییان کردە سەر زینی وەرتێ و کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی، بەهۆی ئەو هێرشانەشەوە سێ گەریلا لە زینی وەرتێ شەهیدبوون و سێ ژنی مەدەنیش لە کامپی مەخمور شەهیدبوون.[1]
#17-04-2020#