رۆژی هەینی 17ی 4ی 2020، کەجەکە لە بەیاننامەیەکدا لەسەر بابەتی زینی وەرتێ، کۆمەڵێک تۆمەتی بێبنەمای ئاراستەی #پارتی دیموکراتی کوردستان# کردووە. وێڕای ئەوەی سەرلەبەری ئەو تۆمەتانە بە توندی ڕەت دەکەینەوە جەختیش لەوە دەکەینەوە کە ئەو هێزانەی کە لە زینی وەرتێ جێگیرکراون هێزی پێشمەرگەی سەر بە #وەزارەتی پێشمەرگە#ی حکومەتی هەرێمی کوردستانن و لە چوارچێوەی ئەو ڕێوشوێنانە لەوێ جێگیر کراون، کە حکومەتی هەرێم بۆ ڕێگەگرتن لە بڵاوبوونی پەتای کۆرۆنا بڕیاری لەسەردا بوو و وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان جووڵەی بەم هێزانە کردووە. ئەم هێزانە هێزی پارتی نین بەڵکو هێزی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستانن کە ئەرکی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی گەلی کوردستان جێبەجێ دەکەن.
پارتی دیموکراتی کوردستان هەمیشە بە چاوی ڕێزەوە سەیری خەباتی هەموو حزب و ڕێکخراوەکانی دیکەی کوردی کردووە و پشتیوانی داواکارییە سیاسی و مەدەنییەکانی گەلی کورد بووە. جێگەی سەرسووڕمانێکی زۆرە کە #پەکەکە# ئەو مافە بە خۆی بدات لە هەر شوێنێک کە پێی خۆش بێت هێز بنێرێت و دەست لە کاروباری ناوخۆی هەرێمی کوردستان وەربدات، بەڵام بەلایەوە ئاسایی نەبێت کە حکومەتی هەرێمی کوردستان مومارەسەی دەستەڵاتەکانی خۆی لەسەر خاکی خۆی بکات.
بەداخەوە ئەو ڕەفتارەی پەکەکە ئێستا و لە ساڵانی ڕابردوو لەدژی هەرێمی کوردستان ئەنجامی داوە، ڕەفتاری سەرەڕۆییانە و شەڕفرۆشانە بووە و هیچ ڕێزێکی لە دامودەزگاکان و سەروەری و ئاساییش و ئاسوودەیی و ژیانی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستانی نەگرتووە. بەهۆی ڕەفتارەکانی پەکەکە سەدان گوندی هەرێمی کوردستان ئاوەدان نەکراونەتەوە و ڕێگە لە ژیانی هەزاران هاووڵاتیی گیراوە و بەهۆی پەکەکەوە خەڵکی هەرێمی کوردستان باجی زۆر گەوەرەی مرۆیی و ماددیان داوە.
ئەوەی تا ئێستایش لە پەکەکە قبوڵ کراوە بە هۆی سینگفراوانی پارتی و هەرێمی کوردستان بووە، کە چاوپۆشییان لە زێدڕەۆییەکانی پەکەکە کردووە. حەقیشە سەرانی پەکەکە تەقدیرییان بۆ ئەم هەڵوێستەی خەڵکی کوردستان هەبا و ڕەچاوی بارودۆخی هەرێمی کوردستانیان کردبا و لانیکەم ڕێزی دامودەزگای هەرێم و هاووڵاتیانیان گرتبا، کە ساڵانێکی دوور و درێژە تەحەمولی بوونی پەکەکەیان لەسەر خاکی هەرێم کردووە.
کێشەی پەکەکە لەگەڵ تورکیایە و باشتریشە لەبری شەڕفرۆشی و دروستکردنی سەرئێشە و گرفتی زیاتر بۆ خەڵکی کوردستان، بچن کێشەکانیان لەگەڵ تورکیا چارەسەر بکەن. گۆڕەپانی کاری ئەوان تورکیایە نەک هەرێمی کوردستان.
مەکتەبی سیاسی
پارتی دیموکراتی کوردستان
#17-04-2020#