- جەماوەری خۆڕاگرو وڵاتپارێزی کوردستان...
- حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان...
جارێکی دیکە ڕژێمی تورکیا سنوری خاکی باشووری کوردستانی بەزاندو بەدڕندانەترین شێوە لە ڕێگەی فرۆکەی جەنگی و فرۆکەی بێ فرۆکەوان زینی وەرتێ و کەمپی پەنابەرانی باکووری کوردستانی لە #مەخموور# بۆردومان کرد، که بەهۆیەوە ژمارەیەک هاوڵاتی شەهیدو برینداربوون.
پەلا ماردان و تۆپبارانکردنی تورکیا لەکاتێکدایە کوردستان و هەموو جیهان سەرقاڵی خۆپارێزی و ڕوبەڕوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنان، بەڵام تورکیا لەم کاتانەشدا دڕندەیی و دوژمنداری خۆی دەرهەق بە کوردستان ئەنجامدەدا، هەر له و کاتەدا بەشێک لە حزبە دەسەڵاتدارەکانی کوردستان شەڕێکی ڕاگەیاندنی فراوانیان له دژی یەکتر دەست پێکردووە، ئەمەش کارێکی نەخوازراوە، لەبەر ئەوەی وڵاتەکەمان لەبەردەم هەڕەشەی گەورەدایه و ئەم شەڕی ڕاگەیاندنە دەبێتە هۆی لێکترازانی نیشتمانی و تەنها لەبەرژەوەندی دەوڵەتانی داگیرکەردایە، بۆیە پێویستە هەرچی کێشە و جیاوازی نێوان لایەنەکانە بە دانوستان و گفتوگۆ چارەسەر بکرێ و ڕێگە نەدرێ زمانی شەڕ بەسەر زمانی دیالۆگدا زاڵبێ و پرۆسەی سیاسی و دەزگا نەتەوەییەکانمان بکەونە بەر هەڕەشه، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە دەوڵەتانی ناوچەکە لەرێگەی ئەم ناکۆکیانەوە دەست لە کاروباری وڵاتەکەمان وەربدەن و ئەزموونە سیاسییەکەمان دووچاری پاشەکشێ و گەڕانەوە بۆ شەڕ ببەن، بێگومان تا ئێستاش دوژمنانمان بە وردی کار لەسەر قوڵکردنەوەی ناکۆکی نێوان لایەنە ساسییەکان له هەموو کوردستان دەکەن، بۆیە پێویستە حزبە دەسەڵاتدارەکان و سەرجەم هێز و لایەنەکان بەپەلە ڕێگە لە تەشەنەکردنی ئەم ناکۆکییانە بگرن، تا دۆخەکە ئاڵۆزتر نەبووە و کێشەکان نەچوونەتە ئاستی مەترسیدارتر، لەبەر ئەوەی ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان و بەرپرسیارییەتی پاراستنی ئەم ئەزموونە لە ئەستۆی هەموومان و بەتایبەت لایەنە دەسەڵاتدارەکاندایە.
ئێمە له یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان YNDK بە توندی ئیدانەی هێرشەکانی تورکیا دەکەین و داوا لەکۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین سنوورێک بۆ هێرش و پەلامارەکانی تورکیا دابنێن و، داوا لە سەرجەم هێز و لایەنه سیاسییە کان و سەرۆکایەتی هەرێم و حکومەت و پەرلەمانی کوردستان دەکەین، کەوا مەترسی سنوور بەزاندن و هێرشەکانی تورکیا بۆ باشووری کوردستان بەهەند وەربگرن و، لەهەمان کاتدا له ڕوانگەی بەرپرسیارییەتیەوە ڕێگری له شەڕی ڕاگەیاندن و تۆمەت بە یەکتری فرۆشتنی لایەنەکان بکەن، بۆئەوەی بەهەموو لایەکمان بەردەوامبین لە پاراستنی گەلەکەمان له شەڕ و پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا کە حکومەتی کوردستان هەنگاو و ڕێکاری خۆپارێزی تەندروستی باشی پیادەکردووەو هەنگاوی گرنگی ناوە بۆ پاراستنی خەڵکی کوردستان، لێرەدا جێگەی خۆیەتی سوپاسی هەموو بەڕێزان لە دکتۆر و کارمەندانی تەندروستی و هێزەکانی ناوخۆ و ئاسایش و پۆلیس و زێرەڤانی بکەین، کە لە بەرەی پێشەوەی بەرەنگاربوونەوەن لەدژی ئەم ڤایرۆسە کوشندەیە و شەونخونی دەکەن بۆ پاراستنی هاووڵاتیانی کوردستان.
- سەربەرز ی و سەرکەوتن بۆ گەلی کوردستان.
- مردن و ڕوورەشی بۆ دوژمنان و داگیرکەرانی کوردستان.
- سەربەرزی بۆ شەهیدانی ڕێی ئازادی و سەربەخۆیی کوردستان.
مەکتەبی سیاسیی
یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان YNDK
16 / 4 / 2020 #هەولێر#- باشووری کوردستان