وەک پارێزگاری #سلێمانی# و لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەکانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا پشتیوانی لە یاداشتی یەکێتی سەندیکاکانی کرێکارانی کوردستان لقی سلێمانی دەکەین، کە لە ڕۆژی 8/ 4/ 2020دا دەرچووه و لە 19/ 4/ 2020دا پێشکەشی پارێزگای سلێمانیان کردووە، بەناوی پارێزگای سلێمانیەوە سوپاس و پێزانین و پشتیوانیی خۆمان بۆ کرێکاران و خاوەنکارانی بەڕێزی سنوری پارێزگای سلێمانی دەردەبڕین، کە لەگەڵ ئەوەی زەرەرمەندترین پێکهاتە کۆمەڵایەتیەکانی کۆمەڵگاکەمان بوون، هۆشمەندانه و دانایانە پابەندی تەواوی ڕێنمایی و ڕێکارە تەندروستیی و کارگێڕیی و ئارامییەکان بوون.
بۆیە هەموو لایەک ئاگادار دەکەینەوە بەپێی یاسا کارپێکراوەکان پێویستە خاوەنکار لە 14/ 3/ 2020وە تا ماوەی (دوو مانگ) کرێی تەواوی کرێکارەکانی بدات و لەم دۆخەدا مافی دەرکردنی هیچ کرێکارێکیان نیە تەنها لە بارێکدا نەبێت کە بە ڕێکاری یاسایی و کارگێڕیی و بازرگانیی و پیشەسازی سەلمابێت کە پڕۆژەکە شکستی هێنابێت.
پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان قەرەبووی دارایی کرێکارانی بیناسازیی ڕۆژانە بکاتەوە کە یاسای خانەنشینیی و دابینکردنی کۆمەڵایەتیی نایانگرێتەوە.
هەروەها حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاربدات لەسەر هەڵگرتنی باج و ڕسوماتی ئەمساڵ لەسەر پڕۆژه و خاوەن موڵکە بچوک و مامناوەندەکان و ڕاگرتنی پێدانی دەستەبەر لەلایەن خاوەن کارو کرێکارانەوە تاکو ئاسایی بوونەوەی ئەم دۆخانە بۆئەوەی یارمەتیدەری خاوەنکاران بێت بە پێدانی کرێی کاری (دوو مانگ)و غەرامەکردنیان له و ماوەیەدا کە دامودەزگای دەوڵەت لە پشووی زۆرەملێی تەندروستیدا بوون.
داوا لە بەڕێز ئەنجومەنی باڵای دادوەری هەرێمی کوردستانیش دەکەین، دادگای کار دەست بە دەوامکردن بکەنەوە بۆ ئەوەی هەر کرێکارێک هەڕەشه و ترسی لەسەرکار دەرکردنی لەسەربێت داوای یاسایی تۆمار بکات لەماوەی دیاریکراوی یاساییدا، لە حاڵەتی نەکردنەوەی ئەم دادگا بەڕێزەدا، بەشی یاسایی یەکێتیی سەندیکاکانی کرێکاران ڕاسپێردراون بە پڕکردنەوەی فۆڕمێکی تایبەت بەم بابەتە وەک دۆکیۆمێنتێکی بەڵگەدار تا ئەوکاتەی دادگاکان دەستبە کارکردن دەکەنەوە، بۆ ئەوەی مافی کرێکاران پارێزراو بێت بەپێی یاسا.
ڕۆژی 20/ 4/ 2020 پارێزگاری سلێمانی ئەم یاداشتەی یەکێتیی سەندیکاکانی کرێکارانی کوردستانی گەیاندۆتە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتیی و خوازیارین لەپێش 14/ 5/ 2020دا بڕیاری پێویست لەسەر ناوەڕۆکی یاداشتەکەیان بدرێت بۆئەوەی کێشه و بارگرانیی ئابووریی نوێ نەیەتە کایەوه و شاڵاوی بێکاریی و لە کار دەرکردن نەبێتە هۆکاری زیانگەیاندن به و سەرکەوتنەی بە هیممەت و پلانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتە خۆجێیەکان و خەڵک و کەرتی تایبەت لە ڕزگاربوون لە پەتای کۆرۆنا هاتۆتە کایەوە.
د.هەڤاڵ ئەبوبەکر
پارێزگاری سلێمانی
#21-04-2020#