ئیمپراتۆریەتی عوسمانی و هاوکارەکانی لە ساڵی 1915دا کۆمەڵکوژییان لە دژی مەسیحیە نیشتەجێکانی میزۆپۆتامیاو ئەنادۆڵ ئەنجامدا. ژمارەیەکی زۆری ئێزیدیش بەر ئەو هەڵمەتی کۆمەڵکوژییە کەوتن. لەو قەتڵوعامەدا ڕێکخراوی ئیتیحادو تەرەقی، تەشکیلاتی تایبەت، سوارەی حەمیدییە، سوپای عوسمانی و ئەفسەرەکانی ناو سوپا بەشداربوون. هەموو پێکەوە تاوانێکی گەورەی مرۆڤایەتیان بەڕیوەبرد. بە مەبەستی ڕیشەکێشکردنی مێژوویی و کلتوری گەلانی ئەرمەنی و ئاسوری - سریانی و کلدانی ناوچەکە، کۆمەڵکوژیەکی فراوانیان بەڕیوەبرد. ئەم جینۆسایدە تاوانێکی دژی مرۆڤایەتییە کە هەرگیز ناتوانرێ ئینکار بکرێت.
بەڵگەی ئاشکراو ڕوون سەبارەت بە کۆمەڵکوژیی زیاتر لە ملیۆن و نیوێک مرۆڤ هەن. ئامارو سەرژمێریەکانی خودی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی ئەو ڕاستیە دەسەلمێنن. لە گەلی ئاسوری – سریانی و کلدانی زیاتر لە نیو ملیۆن کوژران. لە گەلی ئەرمەنیش زیاتر لە ملیۆنێک مرۆڤ بە شێوازێکی دڕندانە و لە و شوێنی جیاوازدا کوژران. بە سەدان هەزاریش بە پێی یاسای کۆچکردنی ئەو سەردەمە دوورخرانەوە و بێسەرو شوێن کران. بە دەیان هەزاریش لە ژن و کچ و مناڵ ئەنفالکران و بە زۆر کرانە موسوڵمان و بە شوودران. بە هەزاران خانوبەرەوە و قوتابخانە و کتێبخانە و کڵێسا و کارگە وێرانکران. بڕێکی بێ شومار ماڵ و مڵک دەستیان بەسەردا گیراو تاڵان کران. بە ئاشکرا کوشتوبڕی گەلانی ئاسوری – سریانی و کلدانی و ئەرمەنی و ماڵ و ژیانیان حەڵاڵ کران. ئەمانە هەمووی بە فەرمان و بڕیاری جیهاد بۆ جینۆسایکردنی ئەتنیکی و ئاینی پێکهات.
ئیمپراتۆریەتی عوسمانی خاکی میزۆپۆتامیا و ئەنادۆڵی داگیرکرد و سەدان ساڵ تاڵانی کرد. دواجار لە 1915دا ئەو گەلانەی قەلاچۆکرد. تا ئێستاش خوێن لەو جینۆسایدە ئەچۆڕێت. ئەو کارەساتەی بەسەر ئەو خەڵکە هات، ئەوە 105 ساڵە وەک تراژیدیایەکی مەزن لە یادەوەری نەوە نوێیەکانی ئەو گەلانەدا دەژی. ئێستاش کۆماری تورکیا کە میراتگری دەوڵەتی عوسمانییە دوای 105 ساڵ بە سەر ئەو جینۆسایدەدا هەر ئینکاری دەکات و دان بەو ڕاستیەدا نانێ. ئەمەش واتای ئەوەیە کە تورکیا هاوبەشی ئەو تاوانەیە و درێژە بە جینۆساید دەدات. لە یادی 105 ساڵەی ئەو جینۆسایدەدا داوا لە کۆماری تورکیا دەکەین کە دان بەو تاوانەدا بنێت و داواکاریکانی ئەو قبوڵکردنە بسەلمێنێ.
ئێمە لە کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان – کەنەکە، زۆر بەتوندی جینۆسایدی 1915 شەرمەزار دەکەین. داوا لە هەموو دامودەزگا نێونەتەوەیی و ناوچەییە پەیوەندیدارەکان دەکەین، کە وەک جینۆساید بیسلەمێنن و قبوڵی بکەن.
#24-04-2020#