بەڕێزان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان
پڕۆژەی فراکسیۆنی گۆڕان بۆ دابینکردنی موچە و دەربازبون لەم دۆخە.
هەرکاتێک قەیرانێک دروستببێت، دەرگایەک بۆ دەربازبون هەیە، بەڵام کردنەوەی ئەم دەرگا ئیرادەی پێویستە.
بۆ دابینکردنی موچە لە ئێستاداو بوژانەوەی ئابوری لە ئایندەدا، ئەم پرۆژەیە دەخینە بەردەستی بەڕێزتتان.
یەکەم: خاڵە سنورییەکان
1. چاکسازی لە کاری ئەو کۆمپانیایانەی لە خاڵە سنورییەکاندا دەکرێن و دراوە بە ژمارەیەک کۆمپانیا، لە هەر خالێکی سنوری بە (دە) ڕێگا پارە وەردەگیرێت و داهاتی مانگانەیان نزیکەی 50 ملیۆن دۆلارە (وردەکاری ئەمەمان دیاریکردوەو ڕادەستی جەنابتانمان کردوە).
2. ڕێگریکردن لە قاچاخچێتی لەسەرجەم خاڵە سنورییەکاندا، هەندێک مانگ زیاتر لە 25 ملیۆن دۆلار قەبارەی ئەم قاچاخچێتیە بوە (وەردەکاری ئەو دەرگاو ڕێگایانەمان دیارکردوە کە قاچاخی پێدا دەکرێت و بەجەنابتانمان ڕاگەیاندوە).
3. کۆنترۆَڵکردنی عەفوی گومرگی و ترانزێت کە لە ڕابردودا زیانی گەورەی داوە.
شەفافانە مانگانە لە ڕاپۆرتێکدا داهاتی سەرجەم خاڵە سنورییەکان بخرێتە بەردەست پەرلەمانی کوردستان
دوەم: دۆسیەی باج
1. وەرگرتنی باج لەسەرجەم کۆمپانیاکان لە کوردستان، بەتایبەت ئەو کۆمپانیایانەی تاوەکو ئێستا باجیان نەداوە، لەوانە: کۆمپانیا جیهانی و ناوخۆییەکانی نەوت، پێداچونەوە بە باجی کۆمپانیاکانی ئەنتەرنێت و پرۆژە نیشتەجێبونەکان و خزمەتگوزارییەکانیان و سکویریتی......هتد.
2. پێداچونەوە بە هەمو ئەو لێخۆشبون و داواخستانەی باج، کە لە پێشوتردا بەدەر لە یاسا کراون.
3. وەرگرتنەوەی 190 ملیار دینار قەرز لە کۆمپانیای پەیوەندی مۆبایل، کە لە زیادەی فرۆشتنی کارتی مۆبایل دەستی کەوتوەو دەبو ڕاستەخۆ بیداتە حکومەتی هەرێم و بە نایاسایی بۆی کراوە بە قیستی 200 مانگ!
سێیەم: ڕسومات و کرێیی خزمەتگوزاری
پێداچونەوە بە هەمو ئەو ڕسوماتانەی کە بۆ خزمەتگوزاری گشتین و لە دەرەوەی بنەماکانی کێبڕکێ و پێویستی دراوە بە ژمارەیەک کۆمپانیا، لەوانە: خزمەتگوزاری عەریزە نوسەکانی دادنوس و فەرمانگەکانی هاتوچۆو و وەرگتنی کرێی تابلۆی بازرگانی و کۆکردنەوەی پارەی ئاو و پارەی خشاک، ئەمانە ئەرکی حکومەتن نەک کۆمپانیاو پێویستە وەربگیرێتەوە.......هتد.
چوارەم: دۆسیەی نەوت
1. کۆی ئەو پارانەی لە ڕابردودا داهاتی نەوت بون و چونەتە بانکی ئەهلی وردبینی بکرێت و ئەوەی خەرحنەکراوە بگەڕێندرێتەوە بانکی چ پارەکانی بەخشینی کۆمپانیاکانی نەوت (شیرینی).
ئەو پارانەی نەوت کە بەناوی پرۆژەوە تەرخانکراون و پرۆژەکان جێبەجێنەکراون.(لیستی پرۆژەکانمان ڕەوانەی ئەنجومەنی هەرێمی نەوت و غازکردوە کە بەهای دو ملیار دۆلار بۆ پرۆژە تەرخانکراوەو پرۆژەکان خەرحنەکراوە.(لە ڕاپۆرتێکدا وەردەکاری ئەم پارانەمان بۆ ئەنجومەنی هەرێمی نەوت و گاز ڕەوانە کردوە).
2. پرۆژەی پاڵاوتنی نەوت لە ناوخۆدا دەستپێبکات و لە ئێستادا دەتواندرێت نزیکەی 150 هەزار بەرمیل لە ناوخۆدا بپاڵێورێت، ئەو داهاتەی لە فرۆشتنی بەرهەمە نەوتییەکان دەستدەکەوێت بەتایبەت (بەنزین و گازوایل و نەوتی سپی) زۆر زیاترە لە فرۆشتنی نەوتی خاوی هەرێم بەم نرخەی ئێستا، ئەمە جگە لەوەی هاوڵاتیان لە ڕوی نرخ و کوالێتیەوە سودمەند دەبن. هیچ گرفتێکیش بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ عێراق دروستناکات، عێراق ئێستا ڕۆژانە زیاتر لە یەک ملیۆن بەرمیل نەوت دەپاڵێوێت و بۆیە دەکرێت هەرێمی کوردستانیش نزیکەی 150 هەزار بپاڵێوێت.
3. ڕێککەوتن لەگەڵ عێراق، حکومەتی هەرێم کۆی ئەو نەوتەی جگە لە پاڵاوتنی ناوخۆ دەمێنێتەوە لە بەندەری جیهان ڕادەستی سۆمۆی بکات، لە بەرامبەر شاسیتە داراییەکانی هەرێمی کوردستان.
4. پێداچونەوە بە کۆی خەرجییەکانی نەوت، کە بە فیڕۆدان و قۆرخکاری و نادادی زۆری تێدایە.
پێنجەم: دۆسیەی قەرزەکان
حکومەت 800 ملیار دیناری قەرزی لای بازرگانەکانە، وەرگرتنەوەی ئەم قەرزانە لە ئێستادا کارێکی پێویستە، بەپێی بڕیاری حکومەت دەبێت تاوەکو 21/5/2020 ئەم قەرزانە وەربگیرایتەوە.
شەشەم: دۆسیەی کۆمپانیاکانی سکویریتی:
سەرباری ئەو ژمارە زۆری هێزی پێشمەرگەو ئەمنی هەرێمی کوردستان، 64 کۆمپانیای سکویریتی لە هەرێمی کوردستاندا هەیە، تەنانەت پاسەوانی کێڵگەکانی نەوت و غازی هەرێمی کوردستانیش دراون بە کۆمپانیای سوکیوریتی و ئەمەش مانگانە چەندین ملیۆن دۆلار لە داهاتی نەوت دەبات.
حکومەتی هەرێمی دەتوانێت خۆی ئەم ئەرکە بەڕێوەببات.
حەوتەم: دروستکردنی کۆمپانیای گشتی.
لە عێراقدا حکومەت دەتوانێت بەیاسا کۆمپانیای کەرتی گشتی دروستبکات و لە چەندین بواری جیاوازدا کاربکات و سود لە میلاکی زیادەی فەرمانبەرانی هەرێم ببێنێت، ئەمەش دەبێتە هۆکاری سەرچاوەیەکی گەورەی داهات.
هەشتەم: جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی لە موچەی خانەنشینی
هەوڵبدرێت لە زوترین کاتدا ئەو ماددانەی یاساکە کە چارەسەری نادادی گەوەری تێدایەو پەیوەستە بە چاکسازی لە لیستی خانەشینانی ئەمنی و سەربازی و پلە باڵاکان و لیستی شەهیدان و کەمئەندامی سەنگەر... هتد بچێتە بواری جێبەجێکردن.
کۆی ئەم خاڵانە پێشنیاری واقعین، لە ڕابردودا بەدواداچونی وردمان بۆ سەرجەم ئەم خاڵانە کردوە، باوەڕمان وایە، بەجێبەجێکردنی ئەم پرۆژەیە هەرێمی کوردستان لەم دۆخە دەربازی دەبێت، بۆ ئایندەش چەندین پایەی بەهێزی ئابوری دروستدەبێت و دەتوانین ژێرخانی ئابوری ببوژێنینەوە.
فراکسیۆنی گۆڕان
#26-04-2020#