جوابی کۆتایم ئایەتێکی قورئان و شعرێکی (موتەنەبی)یە.
(پەیامێک بۆ دەزگا جاسوسیەکانی پارتی پێش ئەوانیش بۆ کەواسورەکانی بەر لەشکرەکەیان..)
لە 2009 ەوە، هەرچیەکم نوسیبێ یا گوتبێ بەدەنگ و ڕوخساری خۆم بەو پەری ڕاشکاوی و بێمنەتیەوە گوتومە، چەندین دەعوای مەحکەمەم لەسەر بوە تا ئێستا تاکە یەک دەعوام نەدۆڕاندوە.
بە درێژایی ئەو یانزە ساڵە، دەیان و سەدان تۆمەت و هێرشیی شەخصی کراوەتە سەرم بەڵام ئێستاشی لەگەڵدا بێت تاکە یەک بەڵگەی تۆمەت و هێرشەکانیان نەخستە ڕوو..تاکە یەک بەڵگە!
دوجار لە هەڵبژاردنەکاندا چومەتە بەردەم ڕایگشتی خەڵکی پارێزگاکەم و هەردوجار سەرەرای تەزویر و فێڵ لەدەنگەکانم سەربەرزانە لێیدەرچوم، هەمو جارێکیش ڕوبەروی دەیان تۆمەتی بێ بنەما و بێ بەڵگە بومەتەوە، ئەگەر لەخۆم دڵنیانەبومایە هەرگیز موجازەفەی دوجار خۆ کاندیدکردنم نەدەکرد.
لەسەر قەناعەتە سیاسیەکانم سڵم نەک لە یەکێتی و پارتی لە سەرکردەکانیشیان نەکردۆتەوە وبەناو ناوم هێناون و قسەم لەسەرکردون.
ئەوا منم بە ڕەنگ و ڕوخساری خۆم بە ئیرادە و ئیمانی خۆم ڕەخنە لە تاڵانیەکانتان، گەندەڵیەکانتان، کلکایەتی و جاشایەتیەکانتان دەگرم، ئەوە منم بێمنەتانە ئاوێنە ئەدەمە دەستی خۆتان و ئەوانەشی ئاڵای سپیان بۆ هەلکردون تا خۆتان ببینن، ئەوەش ئێوەن کە ئیفلاستان گەیشتۆتە نزمترین ئاست لەپەلاماری شەخصی و تۆمەتی ئەخلاقی بێ هیچ بەلگە و دۆکۆمێنت و سەلماندنێک.
من ڕەخنە لام قەناعەتی سیاسییە ڕوی ڕەخنەم لە دەسەڵات و بکەرە سەرەکیەکانیەتی، ڕەخنە لام وەزن و قافیەی شعر نیە دابەشی بکەم لەترسی تۆمەتی بێبنەما، یا بۆ تێپەراندنی صەفقەی گوماناوی گروپێک لەگەڵ گروپێکی تر ببمە پرد و پەنا، لە ڕابردوشدا زۆر تۆمەتبار کراوم کاتیک هاتۆتە سەر کاتی خۆی ئەو ڕەخنە و زمانەی من پێی دواوم بوهتانچیەکانی ئێستا کە لە پەناوپاسار قسە هەلدەبەستن لە خەویشدا نەیان وێراوە بیریشی لێ بکەنەوە نەک بیڵێن.کاتیش زۆر ڕاستی دەردەخات.
من کە جگە لە خوا و خەڵک، نە عەشرەتم هەیە نە خێل، نەپارەی دزراوی نەوتم هەیە نە پشتم بە تورکیا قایمە نە ڕۆژێک لە ڕۆژان بۆ بەغدای صەدام و بەعث نوشتاومەتەوە، لەو ئایەتە زیاترم نیە پێتان بڵێم بۆئەوەی ڕوی ڕاستەقینەی درۆکانتان بۆ ڕایگشتی دەربخەم:
قُلْ هَاتُوا بُرْهَانَکُمْ إِنْ کُنْتُمْ صَادِقِينَ.
بەلگەکانتان بێنن ئەگەر ڕاست دەکەن.
ئێوە لە پەلامارە شەخصیە بێ بەڵگەکانتان بەردەوام بن و منیش لە فەضحکردنی دەسەڵات و ئەجێندا مەترسیدارەکانتان لەسەر ئێستا و ئایندەی ئەم گەلە بەردەوام دەبم.
موتەنەبی شاعیر دەڵێ:
و اذا أتتک مذمتي من ناقص
فهي الشهادة لي بأني کامل
منیش بەراستی و لە دڵەوە دەڵێم ئەگەر لەسەر زاری ئێوەوە پەلاماربدرێم و قسەم پێگوترێت ئەوا جێگەی شانازی و باشیمە و لە دونیا و قیامەت فەخر و شانازی پێوەدەکەم.
هۆشیار عەبدوڵا
#28-04-2020#
⚠️ تێبینی: ئەم بەڵگەنامەیە کێشەی ڕێنووس و ڕێزمانیی هەیە، کوردیپێدیا بەمەبەست هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!