1ی ئایار ڕۆژی تێکۆشانە دژی زوڵم و زۆریی و چەوسانەوە
بەرزو و پیرۆزبێت ڕۆژی کرێکاران
بەبۆنەی 1ی ئایار، جەژنی کرێکارانی جیهان، پیرۆزباییەکی گەرم لە کرێکارانی کوردستان و جیهان دەکەین، ئێستا یەکی ئایار لە جیهاندا بووەتە سیمبولی بەرخودان و کۆڵندەدانی کرێکاران لە پێناو بەدیهێنانی ماف و ڕەنجی ماندوویەتی و خەبات و بەرخودانیان. مۆدێرنیتەی سەرمایەداری گەرچی بانگەشەی ئازادی و دیموکراتی و دادپەروەری دەکات، بەڵام لە هەر سەردەمێ زیاتر زوڵم زۆر لە کۆمەڵگە دەکات، بە تایبەتی چینی کرێکار و ژنان، تەنانەت هەڵپە ناڕەواکانی کارێکی وای کردووە لە پێناو بەرژەوەندی دەسەڵاتدا هەمو نرخ و بەهایەکی کۆمەڵایەتی ژێر پێ بخات، تەنانەت لەبەر هەڵپەی قازانجدا هەمو هەل و مەرجێکی تەندروستی خراپ بکات کۆمەڵگە دووچاری گەورەترین قەیرانی تەندروستی و ئابووری و بێکاریی بکات، لەم سەردەمی مۆدێرنیتەدا ژینگە بە جۆرێک پیس بووە ئەوەش لە دەرنجامی ئەو هەموو زیادەڕۆیی بە دەستخستنی قازانج دا کۆمەڵگەی دووچاری چەندین نەخۆش کردووە، مۆدیرنیتەی سەرمایەداری کە بەرهەمی عەقڵیەتی دەسەڵاتخوازی و پاوان کردنە، کە زۆربەی زۆری کۆمەڵگە ئەبنە قوربانی بەرژەوەندییە تایبەتیەکانی چینی سەردەست. بە درێژایی هەزاران ساڵە کۆمەڵگە تێکۆشان دەکات دژی چینی سەردەست، بەڵام بێ ئەنجام بووە، چونکە چارەسەری تەنها لە گۆڕینی دەسەڵاتدا بینیوە و گەڕاوەتەوە بۆ باوەشی دەسەڵات.
تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان کە بە فیکر و فەلسەفەیەک دەستی بە تێکۆشان کردووە کە لە پێناو بنیات نانی سیستەمی کۆنفیدراڵی دیموکراتی لە دەرەوەی دەسەڵات، کە ئەمە تاکە ڕێگەیە بۆ ڕزگار بوون لە سیستەمی دەسەڵاتداری و بندەستیی، بە تایبەتی چینی کرێکار کە چەوساوەترین چینی کۆمەڵگەیە، بەم ڕێبازە دەتوانی سیستەمی سەرمایەداری لە ڕیشەوە بگۆڕێ و چارەسەری هەموو کێشەکان بکات.
بەبۆنەی ئەم ڕۆژەوە بانگەوازیی بۆ هەموو چین و توێژە چەوساوەکانی کۆمەڵگە دەکەین کە هێزی خۆیان یەک بخەن و دەست بە تێکۆشان بکەن، ئەم هەلومەرجە باشترین دەرفەتە بۆ ڕوبەڕوبونەوەی سیستەمی دەسەڵاتداریی، لەم قۆناغی بڵاوبونەوەی نەخۆشی کۆرۆنا لە باتی هاوکاری خەڵک بکەن کەچی بە پێچەوانەوە خەڵکیان دوچاری گەورەترین نەهامەتی کردووە، موچەخۆرانیان بێ موچە کردووە، زۆرترین قوربانی بێ موچەکردن خەڵکی زەحمەتکێش و کەم دەرامەتە، دەیانەوێ پاساوی هەمو خراپە و گەندەڵیەکانیان بخەنە ئەستۆی حکومەتی عێراق، سەرەڕای ئەوەی هیچ ڕێگایەکی دەربازبونیان لەبەردەمدا نەماوە، بەڵام واز لە دەسەڵاتی بنەماڵەیی ناهێننن، ئیتر کاتی ئەوەیە خەڵکی چەوساوەی هەرێمی کوردستان بێدەنگ نەبن و سووربن لەسەر بە دەست هێنانی هەمو مافە ڕەواکانیان.
01-05-2020