مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان پێیان نایە مانگی پێنج و هێشتا هیچ مووچەیەکی ساڵی نوێ نەچووەتە گیرفانیان، حکومەتی هەرێم نۆ مووچەی تەواو و 36 مووچەی پاشەکەوتی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان قەرزدارە، کە بڕەکەی دەکات 19 ترلیۆن و 800 ملیار دینار.
لەدوای ساڵی 2014 و بڕینی بەشەبودجەی هەرێمی کوردستان لە عێراق و بڕیاری سەربەخۆ فرۆشتنی نەوت لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە، قەیرانێکی قوڵی مووچە بەرۆکی مووچەخۆرانی هەرێمی گرت، ئێستاش دوورنییە بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت و کێشەکانی نێوان #هەولێر# و بەغداوە، هەمان سیناریۆ جارێکی دیکە بەرۆکی فەرمانبەران بگرێتەوە.
هەرچەندە حکومەتی عێراق مووچەی سێ مانگی یەکەمی ساڵی 2020ی بۆ هەرێمی کوردستان ڕەوانە کردووە، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبری مووچەی سێ مانگی کۆتایی ساڵی 2019 دابەشیکردووە.
ئێستاش بەهۆی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و لێکەوتەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا و دابەزینی بەرچاوی نرخی نەوت، حکومەتی عێراق ڕۆژی 16ی نیسان مانگی ڕابردوو بڕیاریدا ئەو 453 ملیار دینارەی مانگانە بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەینارد، ڕایبگرێت، ئەمەش وایکرد مووچەخۆرانی هەرێم بکەونە بەردەم ئایندەیەکی ناڕوونەوە.
حکومەتی هەرێم چەند مووچەی مووچەخۆران قەرزدارە؟
جگە لەم چوار مووچەیەی ساڵی 2020، حکومەتی هەرێم چوار مووچەی تەواوی ساڵی 2015 و مووچەیەکی تەواوی 2016 قەرزدارە، کە دەکاتە نۆ مووچەی تەواو و بڕەکەی بریتییە لە 7 ترلیۆن و 350 ملیار دینار.
جگەلەوەش مووچەی 36 مانگی پاشەکەوت قەرزدارە، کە لە ساڵانی 2016، 2017، 2018 و بەشێکی 2019 کاری پێدەکرا، ئەوکات تێچووی مووچە لە 880 ملیار دینارەوە کەمببووە بۆ زیاتر لە 550 ملیار دینار، کۆی مووچە پاشەکەوتکراوەکانیش کە حکومەت قەرزداری فەرمانبەران دەکاتە 11 ترلیۆن و 520 ملیار دینار.
حکومەتی هەرێم مانگانە چەند بۆ مووچە دابین دەکات؟
بەپێی داتاکانی حکومەتی عێراق، هەرێمی کوردستان 682 هەزار مووچەخۆری هەیە، لە ساڵی 2019شەوە مانگانە بڕی 453 ملیار دیناری بۆ مووچەی ئەو فەرمانبەرانە ڕەوانە دەکرد، بەڵام بەپیی داتاکانی #وەزارەتی دارایی# هەرێمی کوردستان، یەک ملیۆن و 249 هەزار مووچەخۆر بوونیان هەیە و مانگانەش 880 ملیار دینار پێویستە بۆ دابینکردنی مووچە.
کەواتە هەرێمی کوردستان جگە لەو 453 ملیار دینارەی بەغدا ڕەوانەی دەکرد، مانگانە 430 ملیار دیناری دیکە بۆ مووچە دابین دەکات.
ئەم کێشەیە لە ژمارەی فەرمانبەران یەکێکە لە ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، لەدوایین کۆبوونەوەکانی شاندی هەولێریش لەگەڵ بەغدا، حکومەتی ناوەند داوای داتای تەواوەتیی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی کردووە.
مانگی شوباتی 2020یش یاسای چاکسازیی لە هەرێمی کوردستان پەسەند کرا، کە بەپێی ئەو یاسایە دەبوو مووچەخۆری نایاسایی لە هەرێمی کوردستان بنەبڕ بکرێت، کە بەوتەی شێرکۆ جەودەت، ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، هۆکارێکی سەرەکیی بارگرانیی مووچەن لە هەرێمی کوردستان.
ئێستا هەرێمی کوردستان دەتوانێت مووچەی فەرمانبەران دابین بکات؟
وێڕای ترافیکە دیپلۆماسییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بۆ چارەسەرکردنی کێشەی بڕینی مووچەی فەرمانبەران، بەڵام هێشتا نەگەیشتوونەتە ئەنجامێکی یەکلاکەرەوە و بەغدا لە بەرامبەر ناردنی بەشەبودجەی هەرێم چەند مەرجێکی داناوە، کە سەرەکییترینیان بریتین لە ڕادەستکردنی کۆی داهاتی نەوت و غازی شل و داهاتی خاڵە گومرگیییەکان و فڕۆکەخانەکان، هەولێریش هێشتا ئامادەنییە بچێتە ژێرباری ئەو داواکارییانەوە.
دابەزینی نرخی نەوتیش کاریگەرییەکی گەورەی کردووەتە سەر ئابووریی هەرێمی کوردستان، بەوپێیەی سەرچاوەی سەرەکیی ئابووریی هەرێم پشت بە نەوت دەبەستێت، بەشێوەیەک لە مانگی 3ی ئەمساڵدا داهاتی نەوتی هەرێمی کوردستان 260 ملیۆن دۆلار بووە.
بەوتەی شێرکۆ جەودەت، ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان کە قسەی بۆ ڕۆژنیوز کرد، حکومەتی هەرێم لەو 260 ملیۆن دۆلارەی لە فرۆشتنی نەوت دەستیکەوتووە تەنها 60 ملیۆن دۆلاری بۆ ماوەتەوە و 200 ملیۆن دۆلارەکەی دیکە بەخشیوەتە قەرز و کرێی دەرهێنان و هەناردەکردنی نەوت، کە بەمشێوەیە بووە:
- 60 ملیۆن دۆلار بۆ کۆمپانیای ڕۆ#سنە#فت
- 50 ملیۆن دۆلار بۆ قەرزی تورکیا
- 30 ملیۆن دۆلار بۆ کرێی نەقڵی نەوت
- 60 ملیۆن دۆلار بۆ پشکی کۆمپانیا هاوبەشەکان.[1]
#03-05-2020#