دوای ئەوەی پەرلەمانتار #سۆران عومەر# لە دەزگاکانی ڕاگەیاندنەوە چەندین تۆمەتی ناڕاست و بێ بنەمای ئاراستەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد. سەرۆکی داواکاری گشتی داوای کردووە کە پەرلەمانتاری ناوبراو بەڵگەی پێویست لە بارەی تۆمەتەکانی، ڕادەستی لیژنەی مافی گشتی لە سەرۆکایەتی داواکاری گشتی بکات و ڕاستی تۆمەتەکانی بسەلمێنێ، ئەگینا تۆمەتەکانی دەچنە خانەی بوختان و ناوزڕاندن و سەرەنجام ڕووبەڕووی یاسا دەکرێتەوە. بەڵام دوای چەندین جار ئاگادار کردنەوە، ناوبراو هیچ بەڵگەیەکی لەسەر تۆمەتەکانی پێشکەش نەکردووە و خۆی دەدزێتەوە، بۆیە داوا لە سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان کراوە کە بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، ڕێکارەکان بگیرێتەبەر تا ڕاستییەکان ڕوون ببنەوە و سنوورێکیش بۆ ناوزڕاندن و تۆمەت هەڵبەستنی ناوبراو دابنرێت.
خەڵکی کوردستان دەزانن سەرۆکی حکومەت لە ڕابردوودا چەند پشوودرێژ بووە بەرامبەر ناوزڕاندن و تۆمەتی بەشێک لە پەرلەمانتاران، بەلام خەریکە ئەم بابەتە دەبێتە دیاردەیەک کە لە پەنای کاری پەرلەمانتاری، بۆ مەبەستی سیاسی ڕای گشتی چەواشە دەکرێت.
بۆ ئاگاداری هەموو لایەکیش بابەتی هەڵگرتنی پارێزبەندی پەرلەمانی لە ڕووی یاساییەوە ڕێگەپێدراوە و بە واتای لێسەندنەوەی ئەندامێتی پەرلەمانی نییە، بەڵکو پرۆسەیەکی یاسایی و مەدەنییە و هەر کاتێک پەرلەمانتار یاسا پێشێل بکات، بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان ماددە (24) پارێزبەندیی لە سەر هەڵدەگیرێت تاکو دداگا بتوانێت لە ڕووی یاساییەوە ڕێکار و ڕێچکەی خۆی بگرێتەبەر و کەسی پێشێلکار ڕووبەرووی یاسا بکرێتەوە.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری
حکومەتی هەرێمی کوردستان
#04-05-2020#