ئەمڕۆ 10ی ئایاری 2020 (هاوسەرۆکایەتی نووسینگەی ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا)، بڕیاریدا کارکردنی هاوکارمان (ڤیڤیان فەتاح) پەیامنێری تۆڕی میدیایی ڕووداو، بۆ ماوەی دوو مانگ لە ئەنجامدانی هەر جۆرە کارێکی میدیایی قەدەخە بکات.
ئەو بڕیارە پێچەوانەی هەموو تێگەیشتنێکی ڕاستەقینەیە لە کاری میدیایی و دژی بنەماکانی ئازادی کاری ڕۆژنامەڤانییە. ئەو پاساوانەی لەو بڕیارنامەیەدا هاتوون و تۆمەتبارکردنی ڤیڤیان فەتاح بە سووکایەتیکردن بە شەهیدان، هیچ بنەمایەکی دروستیان نییە. هەر کەسێکی شارەزای کاری ڕۆژنامەڤانی تەماشای ئەو ڕاپۆرتە تەلەڤزیۆنییەی ڤیڤیان فەتاح بکات کە ئەو هاوکارەمان لەسەری تۆمەتبارکراوە، دەزانێت ئەوە ڕستەیەکی ڕۆژنامەنووسیانەیە لە چوارچێوەیەکی میدیایی دوور لە هەموو مەبەستێکی سیاسی بەکارهاتووە، لەبەرئەوەش ئەو لێکدانەوە سیاسییەی بۆی کراوە تەواو نادروستە.
هاوکارمان ڤیڤیان فەتاح، کە خۆی کچی شەهیدێکی کردەوەیەکی تیرۆریستییە، بە کاری پیشەییانە و ئازایانەی میدیایی لە هەموو بارودۆخە سەختەکاندا، خاوەن خۆشەویستییەکی بەرفراوانی جەماوەرییە لە ڕۆژئاوای کوردستان و بەشەکانی دیکەی کوردستان.
ئێمە لەکاتێکدا داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕیارە دەکەین، لە هەمانکاتدا ئەو بڕیارنامەیەش بە ناوزڕاندن و سووکایەتیکردن بە کاری هاوکارمان ڤیڤیان فەتاح دادەنێین.
پەیوەندییە گشتییەکانی
تۆڕی میدیایی ڕووداو
#10-05-2020#