پاش نیوەرۆی ئەمڕۆ (10-05-2020)، ئەنجومەنی سەرکردایەتی #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان# بەئامادەبوونی هاوسەرۆکان، لەشاری #سلێمانی# کۆبۆوە.
لەکۆبوونەوەکەدا تاوتوێی دۆخی سیاسی کوردستان و عێراق و بەتایبەتی ژیان و گوزەرانی دژواری هاوڵاتیانی کوردستان، کاروباری ئۆرگانەکان کرا.
لەسەر پرسی پەرلەمانی کوردستان، کۆبونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پێی وابوو کۆبوونەوەی ڕۆژی (07-05-2020) لەپەرلەمانی کوردستان پێشهاتێکی مەترسیدارە بۆ تێکدانی یەکریزی نیشتمانی و تەبایی سیاسی نێوان هێزەکانی پێکهێنەری پەرلەمان و پرۆسەی سیاسی کوردستانیشی خستەژێر پرسیارەوە، بەتایبەتی تێوەگلاندنی کۆتای پێکهاتەکان لەپرسی زۆرینە و کەمینەی دیموکراسی دا، کە ئەمە بەتاڵکردنەوەی ناوەڕۆکی مافی پێکهاتەکانە لەجەوهەری بەشداری دیموکراسی و نوێنەرایەتی ڕاستەقینەیان لەدامەزراوەی تەشریعیدا کە (ی.ن.ک) بڕوای پتەو و جێگیری هەیە بەو مافانە و پێداگریان لەسەر دەکات.
لەبەر ڕۆشنایی ئەو پێشهاتانەدا ئەنجومەنی سەرکردایەتی بڕیاریدا بە هەماهەنگی و ڕاوێژ لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان هەڵوێستی هاوبەش گەڵاڵە بکرێت بۆ ڕێگری کردن لە (ئینفیراد) و تاکڕەوی و بەکارهێنانی دامەزراوەیەکی دیموکراسی و نیشتمانی وەک پەرلەمان بۆ بەرژەوەندی تەسکی حزبی.
لەبەشێکی تری کۆبونەوەکەدا، هەڵسەنگاندنی ئیجابی کرا بۆ ڕاپۆرتەکانی: تیمی یەکێتی لە حکومەتی هەرێم و وەفدی دانوستانکاری حکومەتی هەرێم لە بەغدا، هەردوو فراکسیۆنی یەکێتی لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و پەرلەمانی کوردستان و هەروەها ڕاپۆرتی مەکتەبی پەیوەندییەکان لەسەر پەیوەندی کوردستانی و عێراقی و گفتوگۆی تێروتەسەلی لەبارەوە کران، سەرکردایەتی ڕاسپاردە و ڕێنمایی پێویستی پێدان بۆ ئەرکەکانی داهاتوویان.
جێگای باسە بەشی زۆری کۆبوونەوە تەرخانکرا بۆ دۆخی بژێوی و گوزەرانی نالەباری هاوڵاتیانی کوردستان بەتایبەت لەهەلومەرجی دواکەوتنی مووچە و دەرهاویشتەکانی دوای پەتای (کۆرۆنا) و قۆناغی کەرەنتینەکردن کە بوونە ئەرکی سەربار لەسەر ژیانی مووچەخۆران و توێژی کاسبکارانی کوردستان.
ئەنجومەنی سەرکردایەتی وێڕای دەستخۆشی لە ئیدارەی خۆجێیی شارەکان و دەزگا پەیوەندیدارەکانیان و خۆراگری هاوڵاتیان و پابەندبوونیان بەرێکارەکانی خۆپارێزی کە بوە هۆی تێپەڕاندنی تا ڕادەیەکی زۆری مەترسییەکانی پەتای (کۆرۆنا)، دووپاتیکردەوە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان شایستەی ژیانێکی باشترن، کە بارتەقای خۆڕاگری و پابەندبوونەکەیان بێت.
لەتەوەرێکی تری کۆبوونەوەکەدا، ئەنجومەنی سەرکردایەتی بەبایەخەوە هەڵوەستەی جدی کرد لەسەر پرسی (لامەرکەزییەتی ئیداری) هەروەک لەرێکەوتنی سیاسی نێوان یەکێتی و پارتی بۆ پێکهێنانی کابینەی نۆیەم و کارنامەی حکومەتی هەرێمیشدا هاتووە و ئێستایش بۆتە خواستێکی میللی و گشتگیر لەسەرانسەری هەرێمی کوردستاندا و پێویستە هەرچی زووە بچێتە بواری جێبەجێ کردنەوە.
ئەنجومەنی سەرکردایەتی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
#10-05-2020#