ئەمڕۆ ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل- #هەپەگە#، کەسێکی وەک سیخوڕ ئاشکرا کرد، کە ناوی جوتیار موحسینە و لە بادینان دەستگیرکراوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەی هەپەگەدا هاتووە:کەسێک بە ناوی جوتیار موحسین تاوانی سیخوڕی ئەنجامداوە و زانیاری لەبارەی جێگەی گەریلاکانمانی داوەتە دەوڵەتی تورک و فڕۆکەکانیش هەرێمەکەیان بۆردوومان کردووە و لە لایەن گەریلاکانمانەوە دەستگیرکراوە، ئێمە وەک هێزەکانی فیدایی #پەکەکە#ی گەلی کوردستان بۆ پاراستنی ئازادی، دیموکراسی، دادپەروەری و بەها بنەڕەتیەکان تێدەکۆشین، با گەلە هێژاکەمان لە باشووری کوردستان باش بزانێت کە ئێمە کەسە بێتاوانەکان دەستگیرناکەین و بێهۆکار زیان بە کەس ناگەیەنین، هەڵوێستمان هەموو کاتێک بە گوێرەی دڵسۆزی و ڕاستی گەلی کوردە.
وەها بەردەوامیی پێدراوە:بەڵام هەندێک کەسی لاوازی وەک جوتیار موحسین بۆ چەند قوڕوشێک دەستیان بە خوێنی گەریلا سوور دەکەن و ڕاستیەکانی پێچەوانە دەکەنەوە، بەرپرسیاری ئەو دۆخەی جوتیار موحسین دەکەوێتە ئەستۆی ئەو کەسانەی کە کاری سیخۆڕیان بەسەردا سەپاندووە و خستوویانەتە ناو ئەم کارە قێزەونە، خانەوادەی جوتیار و کەسوکاری و گەلی هێژای بەهدینان کە لەم دۆخە نیگەرانن، پێویستە لێپرسینەوە لەو کەسانە بکەن کە جوتیاریان خستووەتە ناو ئەم دۆخە و یەخەی ئەوان بگرن، جوتیار موحسین لە هۆزی بەرواریە، چەندین ساڵە ئێمە و هۆزی بەرواری لەناو یەکتریداین و هیچ کاتێک خراپەمان لەوان نەبینیەوە، بەڵام هەندێک کەس کە لەگەڵ میتی تورک کار دەکەن، هەوڵ دەدەن گەنجان بکەنە سیخوڕ، گەلی هێژای بەهدینان و هۆزی بەرواری پێویستە بەو کەسانە هەڵنەخەڵەتێن و خاوەنداری لە گەنجەکانیان بکەن، ئەو ڕاوکەرانەی مرۆڤ لەبەرانبەر پارە، دەستیان بە خوێنی گەنجانی کورد سوور دەکەن، گەلی بەهدینانمان کە لە خەبات و تێکۆشانی ئازادی کورددا باجی گەورەیان داوە، پێویستە ئاگاداری ئەو کەسانە بن و ڕۆڵەکانیان لەناو چنگی ئەو کەسانە ڕزگار بکەن.
لە کۆتاییدا هاتووە:پێویستە گەلی هێژای باشوری کوردستان لەدژی ئەو کەسانەی هاوکاری دوژمنی داگیرکەر و قڕکەر دەکەن، کاری هەواڵگیریان لەگەڵدا دەکەن، لە بەرانبەر پارە خۆیان دەفرۆشن و سیخۆڕی لەسەر ڕۆڵەکانی ئەم گەلە دەکەن و کورد بە دەستی کورد بە کوشتن دەدەن، خاوەن هەڵوێست بن.[1]
#11-05-2020#