15ی ئایار ڕۆژێکی پرشنگدارە لەمێژووی هاوچەرخی کوردستاندا، دامەزراندنی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان بەر لە پەنجاو هەشت ساڵ ئاماژەیەکی ئەرێنییە بۆ بزوتنەوەی زانستخوازی و پێشکەوتنی کۆمەڵی کوردەواری.
ئێمە لەمڕۆژەدا ڕێزی بێ پایانمان بۆ تەواوی مامۆستایانی کوردستان دەردەبڕین و دەنگمان دەخەینە پاڵ دەنگیان بۆ داکۆکیکردن لەسەرجەم مافەکانیان و فەراهەمکردنی سەرجەم پێداویستییەکانیان.
مامۆستایانی کوردستان بەگشتی و ڕێکخراوە تێکۆشەرەکەیان لەسەرجەم وێستگە مێژووییەکانی دۆخی میللەتەکەماندا ڕۆڵی پێشەنگیان بینیوە و هەمیشە بەزانست و پەرروەردەیەکی خەباتکارانە ڕۆڵەی کوردیان گۆشکردووە.
ئێمە لەیەکێتی نیشتمانی کوردستان، خۆمان بەپشتیوان و خەمخۆری ڕاستەقینەی مامۆستایان و پەروەردەکارانی کوردستان دەزانین و دەنگمان دەخەینە پاڵ سەرجەم داواکارییە ڕەواکانیان، پێشمان وایە دەبێت ڕۆڵی زیاتر بەمامۆستایان بدرێت و زیاتر خزمەت بکرێن، چونکە بنەمای هەموو پێشکەوتنێک لە وڵاتدا زانستە، زانستیش بەهۆی مامۆستایانەوە بۆ نەوەکانمان دەگوازرێتەوە.
لە ئێستاشدا وێڕای سەرجەم ئه و قەیران و کێشانەی بەرۆکیان بە وڵاتمان گرتووە، پەروەردەکاران ڕۆڵی پێشەنگ دەگێڕن و لەخەمی داهاتووی نەوەکانمان کەرتی پەروەردەیان بەبەهێزی هێشتۆتەوە کەئەمە جێگای ستایش و پێزانینە.
ئەگەرچی لەرابردووشدا، سەدان مامۆستای تێکۆشەر لە ڕێی زانست و خەباتدا ڕۆحی خۆیان بەم خاکە بەخشیوە و ڕووبەڕووی زیندان و ئەشکەنجە و سێدارە بوونەتەوە، لە دوای ڕاپەڕینیش بە دروشمی مامۆستایان سەری بەرزیان بۆ موچە نەوی ناکەن، داینەمۆی بەردەوامی سیستمی پەروەردە بوون لە کوردستاندا، بەڵام لە ئێستادا کە دۆخ و سەردەم گۆڕاوە، دەبێت هەرچی زووە حکومەت بەدەم داخوازییە ڕەواکانی مامۆستایانەوە بێت و سەرجەم داوا شایستەکانیان جێبەجێ بکات.
پیرۆزە یادی پەنجاو هەشت ساڵەی دامەزراندنی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان.
سەرۆکایەتی #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان#
#15-05-2020#