دەستەی دەستپاکیی #کەرکووک#، چوار دۆسیەی لەسەر سەرۆکی پێشووی زانکۆی کەرکووک به تۆمەتی گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی گشتی کردووەتەوه، دادگای تێهەڵچوونەوەی کەرکووک بڕیاری بۆ دەستگیرکردنی دەرکردووە.
سەرۆکی زانکۆی کەرکووک تۆمەتبارە بە گەندەڵی لە 88 پسوڵەی خەرجکردن کە نزیکەی 12 ملیار دینارە، پێشتریش لەسەر دوو دۆسیەی دیکە دەستگیرکرابوو، بە کەفالەتی 100 ملیۆن دینار ئازادکرا، سەرۆکی زانکۆی کەرکووک ئێستا لە تورکیایە و هەموو ئەو تۆمەتانەش ڕەتدەکاتەوە.
کەیسەکەی سەرۆکی زانکۆی کەرکووک شەش مانگە لە دادگای کەرکووکە و لە 3ی ئەم مانگەوە فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرکراوە.
د. ڕێبوار مەحە ممەد، یاریدەدەری ڕاگر بە تۆڕی میدیایی ڕووداوی ڕاگەیاند ''کە دۆسیەکان وردبینییان لێ کرا، زۆربەی پسوڵەی خەرجی بوو لە کڕین و ئامادەکردنی پێداویستییەکانی خوێندن لە زانکۆ، چاودێریی دارایی دەڵێت بەهەدەردانێکی زۆر کراوە لە سامانی گشتی و خەرجیی زیادە کراوە، دکتۆر عەباس دوو جار بانگهێشتی دادگا کراوە و نەچووە تاوەکو لەنێو ڕاگەیاندنە کان و لایەنەکان باسکرا کە بڕیاری دەستگیرکردنی بەپێی ماددەی 340 دەرچووە و دەبێ بێتەوە و بچێتە دادگا، پێشتریش بە کەفالەت ئازاد کرابوو.
تۆمەتێکی دیکەی سەر عەباس تەقی، دروستکردنی کافتریا و یانەی وەرزشییە لەسەر زەویی شارەوانی لەنێو زانکۆی کەرکووک، ئەوەش بەبێ ئاگادارکردنەوەی شارەوانی و #وەزارەتی خوێندنی باڵا#ی عێراق و دواجار بەکرێدانی به کەسانی وەبەرهێن، لەسەر ئه و دۆسیەیەش شارەوانیی کەرکووک سکاڵای تۆمارکردووە.
ئیسماعیل جەلال، بەرپرسی پرۆژەکان لە شارەوانیی کەرکووک دەڵێ ''زانکۆ هەڵساوە به سەرپێچیکردن له و ڕێکارەی زەویەکەمان پێداون بۆ دروستکردنی زانکۆ، ئەوان قۆستیانەوە بۆ ئامانجی بازرگانی دەستەبەر کردنی پارە و کێشەیەکیان لەنێو خۆیاندا دروستکرد، ئێمە لە بنەڕەتدا لەنێو کێشەکە نەبووین، دادوەر داوایلێکردین کە ئاخۆ ئێوە سکاڵاتان دەبێ لەسەر ئه و زیادەڕەویانەی کردوویانە و خۆیان پشتڕاستیان کردووەتەوە، ئێمەش گوتمان بەڵێ سکاڵامان هەیە، چونکە زیادەڕەوی لەسەر زەویی ئێمەش کراوه.
عەباس تەقی حەوت ساڵ لەسەر پشکی تورکمان سەرۆکی زانکۆ کەرکووک بوو، بڕیاری دەستگیرکردنەکەی بەپێی ماددەی 340ی سزادانی عێراقییە.