حکومەتی ئەردۆگان دوێنێ 15ی گوڵان، شارەوانییەکانی سیرت، ئیدر (ئیگدر)، میسریج (کورتالان)، خانە هەوێل(بایکان)و ڤارتینیس(ئاڵتونۆڤا)ی داگیرکرد. بەم هەنگاوەش ئەوەی دووپات کردەوە کە کۆدێتای دەستبەسەراگرتنی ئیرادەی گەلی کوردستان بەردەوامە. بەو شێوەیە لەو شارەوانیانەش قەیومەکانی خۆی دانان. دوای هەڵبژاردنەکانی 31ی ئازاری 2019، کە خەڵکی کوردستان بە دەنگی خۆیان قەیومەکانیان دەرپەڕاندن، جارێکی دی ئەردۆگان و هاوکارەکانی کەوتنە جووڵە. لە 19ی ئابی 2019دا دەستیان بەسەر شارەوانیی شارە گەورەکانی وەک #ئامەد# و وان و #ماردین# دا گرت. دوای ئەوەش ئەم سیاسەتە هەر بەردەوام بوو، بەش بەش دەستی بەسەر شارەوانییەکانی تردا گرت. بە داگیرکردنی شارەوانییەکانی سیرت، ئیدر (ئیگدر)، میسریج (کورتالان)، خانە هەوێل(بایکان)و ڤارتینیس(ئاڵتونۆڤا)، ژمارەی ئەو شارەوانیانەی دەستیان بەسەراگیراون گەیشتە 45 شارەوانیی. ئەم ڕەفتارەی حکومەتی ئاکەپە، ئەم بڕیارەی وەزیری ناوخۆ، ئەم سیاستە دوژمناکارییەی ئەردۆگان، جارێکی تر ڕق و کینەی قووڵی دەوڵەتی تورکیا بەرامبەر خەڵکی کوردستان دەرئەخات.
ئەو شارەوانیانەی لە 2016دا حکومەتی ئەردۆگان داگیری کردن و قەیومەکانی لێ جیگیر کردن، لە هەڵبژاردنی 31ی ئازاری 2019دا بە دەنگی بڵندی خەڵک ڕزگار کرانەوەو کۆتایی بە تاڵانییەکانی قەیومەکان هێنرا. دیاربوو قەیومەکانی ئەردۆگان لەو ماوەی سێ ساڵەدا شارەوانییەکانیان تالان کردبوون. ماڵ و مڵکی خەڵکی کوردستانیان بۆ کەیف و سەفاکانی خۆیان بە فیڕۆ دابوو. خەڵکی کوردستان لە هەڵبژاردنی 31ی ئازاری 2019دا، کۆتاییان بەو ناڕەواییەی ئەردۆگان هێناو جارێکی دی شارەوانییەکانیان خستەوە خزمەتی خەڵک. ئەردۆگان و باخچەلی هاوکاری، بەرگەی ئەو شکستەیان نەگرت و جارێکی تر پەلاماری شارەوانییەکان داو داگیریان کردن.
لە ئێستادا کە دنیا لە بەرامبەر پەتای کۆرۆنا بەرخۆدان ئەکا. ڕۆژەڤی سەرکیی مرۆڤایەتی گەڕانە بە دوای چارەسەری ئەم دەردە کوشندەیەدا. کەچی ڕێک لەم کاتەدا ڕۆژەڤی سەرەکیی دەوڵەتی تورکیا، بە خراپ سوود وەرگرتن لەم دۆخە، هێرشکردنە سەر خەڵکی کوردستانە. لە ڕاستیدا ماوەیەکی درێژە حکومەتی ئەردۆگان لە هەموو ڕوویەکەوە هێرشێکی دڕندانەو بێسنووری لە زەوی ئاسمانەوە، بۆ سەر خەڵکی کوردستان دەستپێکردووە. بێگومان ئەم هێرشانەی تورکیا هەر بە باکوری کوردستانەوە نەوەستاون. ئەوەتا ڕۆژانە هێرش ئەکاتە سەر ڕۆژاو و باشووری کوردستانیش. ئەگەر بۆیان بچێتەسەر لە هەوڵی ئەوەدان هەموو باشوور و ڕۆژاوای کوردستانیش داگیربکەن. لەبەر ئەوە پێوستە کوردان ئەم هەڕەشانەی ئەردۆگان و باخچەلی بە جددی بگرن. پێکەوە و یەکڕیز ڕێگا لەم هەوڵەی ئەوان بگرن.
ئەم ڕەفتارانەی حکومەتی ئەردۆگان بە هیچ جۆرێک قبوڵ ناکرێن. ئەردۆگان و باخچەلی شەریکی، هەڵمەتی لەناوبردنی گەلی کوردستانیان دەستپێکردووە. لەهەرچیگایەک کورد نوێنەری خۆی بێت، ئەبێتە ئامانجی هێرشەکانی حکومەتەکەی ئەردۆگان. ئەم هێرشەی دواییشیان بۆسەر شارەوانییەکانی سیرت، ئیدر (ئیگدر)، میسریج (کورتالان)، خانە هەوێل(بایکان)و ڤارتینیس(ئاڵتونۆڤا)، هێرشکردنە بۆسەر هەموو خەڵکی کوردستان. ئەم سیاسەتەش ئەوە دەرئەخات کە لە پەیڕەکردنی هەنگاوە نادیموکراسی و نامرۆڤایەتییەکانیان بەردەوام ئەبن.
ئەم هێرشانە هەر بۆ سەر خەڵکی کوردستان نین. بەڵکو هەڕەشەیەکیشە لەسەر بزووتنەوەی دیموکراتیخواز لە تورکیادا. لەبەرئەوە پێویستە هەموو دیموکراتخوازنی تورکیا، شانبەشانی خەڵکی کوردستان لەدژی ئەم سیاسەتەی ئەردۆگان- باخچەلی بە هەڵوێست بن و بەرامبەر ئەم هێرشە فاشستانەیە ڕاوەستن.
با ئەردۆگان و باخچەلی ئەو ڕاستییە بزانن کە قەیومەکانیا بە هیچ شێوەیەک جێی ڕەزامەندیی نین. سەرۆک شارەوانیە ڕەواکانی شارەکانی کوردستان، هەر ئەوانەن کە لە هەڵبژاردنەکانی 31ی ئازاردا، بە دەنگی بەرزی خەڵک هەڵبژێردراون.
کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان هەروەها داوا لە دنیای دیموکراتیش ئەکات خەڵکی کوردستان بە تەنیا جێنەهێڵن. بەرامبەر ئەم ناڕەوایەتیەی ئەردۆگان و باخچەلی بێدەنگ نەبن و گوشار بخەنە سەر حکومەتی ئەردۆگان. ئەو ڕاستییە ببینن کە دەوڵەتی تورکیا، بە تایبەتیش حکومەتی ئەردۆگان، هۆکاری نائارامی و ناسەقامگیری و شەڕە لە ڕۆژەهەڵاتی ناوەڕاستا.
هەروەها کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان داوا لە خەڵکی کوردستان ئەکات، بە هەموو ڕێگایەکی ڕەواو دیموکرات، لە دژی ئەم سیاسەتە چەپەڵە ناڕەزایەتییەکانیان دەربڕن و لە ئیرادەی خۆیان و شارەوانییەکانیان خاوەنداریی بکەن.
#16-05-2020#