دەقی ڕونکردنەوەکە:
بەرێز ڕێکەوت زەکی ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای #سلێمانی#، لێدوانی داوە گوایە بەرێز (#ئاوات شێخ جەناب#) وەزیری دارایی و ئابوری ڕێگری کردوە لەوەی بەرێوەبەری گەنجینەکانی سلێمانی داتاو زانیاری داهات بدەن بە لیژنەی لامەرکەزی. بە پێویست و گرنگمان زانی ئەم ڕونکردنەوەیە بدەین بۆ ئەوەی ڕای گشتی لێ ئاگاداربێت:
1- لیژنەی لامەرکەزی بەپێی یاسا بە #وەزارەتی دارایی# و ئابوریی نەناسێنراوە، تاوەکو هاوکاری پێویستی بکات و زانیاری بداتێ.
2- بەپێی یاسا، خەزێنەکان و بانکی ناوەندی هەرێم ناتوانن هیچ زانیارییەک بدەن بەهیچ لایەنێک، چونکە بەپێی یاسای پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان ژمارە (3)سالی 2009 هەموارکراو پاڵپشت بە بڕگەکانی مادەی 6 پێویستە نوسراو ئاراستەی وەزارەتمان بکرێت و هەماهەنگی دروست بکرێت، تەنانەت پەرلەمانی کوردستان کە بەرزترین دەزگای یاسادانان و چاودێرییە بەهەمان ڕێسا کاردەکات، واتە ئەبوایە ئەنجومەنی پارێزگا بەهەمان ئاراستە بجوڵێتەوە بۆ ئەوەی هەماهەنگی بکرێت، (بەرێز بەرێوەبەری بانکی ناوەندی هەرێم (سلێمانی)ئەم ڕونکردنەوەی بۆ لیژنە بەرێزەکەتان داوە کە داواکاریەکەتان داوایەکی نایاساییە).
3- جێگای سەرسوڕمانە کە ئەنجومەنی پارێزگا ئاگادارنەبێت کەتەواوی زانیاری لەسەر داهات و خەرجی لە خەزێنەکان و بانکی ناوەندی هەرێم (سلێمانی) نیەو خەزێنەکان تەنها ئاگاداری خەرجیە مەڵبەندیەکانن و زانیاری وردو دروستیان لانیە.
4- پرسی لامەرکەزی لە دوتوێی بەرنامەی حکومەتدایە کە هی هەمو لایەنەکانە بەتایبەت سێ لایەنی پێکهێنەری حکومەت، بۆیە نەداهێنانێکی نوێیەو لیژنەی باڵای جێبەجێکاری بەرنامەکەش ئەنجومەنی وەزیرانە، واتە هەرسێ لایەنی سەرەکی پێکهێنەری حکومەت.
5- ئەنجومەنە بەرێزەکانی هەرسێ پارێزگای #هەولێر# و سلێمانی و #دهۆک# گەواهی ئەوە ئەدەن کە بەرێز وەزیری دارایی و ئابوری داکۆکیکارێکی سەرسەختی پرەنسیپی لامەرکەزیە و هەرلەسەرەتاوە لە کارە لە پێشینەیەکانی بەرێزیانە.
#22-05-2020#