ئەمڕۆ 29ی ئایاری 2020، تەمەنی #تۆڕی میدیایی ڕووداو#ە بووە حەوت ساڵ. بەدرێژایی هەموو خولەک و کاژێرەکانی ئەو حەوت ساڵە، تۆڕی میدیایی ڕووداو لە هەموو بەشەکانی لە ڕادیۆ، تەلەڤزیۆن، پۆرتاڵ و سۆشیالمیدیا بەردەوام زانیارییەکانی کوردستان و ناوچەکە و جیهانی بڵاوکردووەتەوە. بەردەوام زەوینەی بۆ گفتوگۆی نێوان بۆچوونە جیاوازەکان کردووەتەوە، بەردەوام ئازارەکانی خەڵکی گەیاندووە.
هەواڵ و زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی ڕووداو لەسەر بنەمای گواستنەوەی مەیدانی و ڕاستەوخۆی ڕووداوەکان بووە، بەوشێوەیەش ئەو دروشمە پرۆفیشناڵەی خۆی جێبەجێکردووە کە (رووداوی تۆ هەواڵی ئێمەیە). بەوشێوە کارکردنەش ڕووداو بووەتە جێگەی متمانەی بینەر و خوێنەر و بیسەرانی، لە هەمانکاتدا بووەتە سەرچاوەیەکی گرنگی هەواڵەکانی کوردستان و ناوچەکە بۆ ئاژانسەکانی جیهان و ناوەندەکانی بڕیار.
ئەمڕۆش لە ساڵڕۆژی دەستپێکردنی پەخش و بڵاوکردنەوەی تۆڕی میدیایی ڕووداو دا، دووپاتیدەکەینەوە کە ڕووداو بەردەوام دەبێت لەسەر گواستنەوەی ورد و ڕاستەوخۆی ڕووداوەکان و زانیارییەکان، هەروەها لە دروستکردنی زەوینەی پێکەوە گفتوگۆکردنی خاوەن بۆچوونە جیاوازەکان.
رووداو لە ماوەی کارکردنی مەیدانی و ڕاستەخۆدا ڕووبەڕووی سەختی زۆربووەتەوە. هەر لەم ڕۆژەدا و لەو پەیوەندییەدا یادی شەهید شیفا گەردی و ڕۆژنامەڤانی ڕفێندراوی ڕووداو فەرهاد حەمۆ دەکەینەوە.
کاری ڕووداو لە 5ی نیسانی 2008 لە چوارچێوەی کۆمپانیای ڕووداو دا لە دەرکردنی چەند ڕۆژنامەیەک و ماڵپەڕێکدا دەستیپێکرد، لەساڵی 2013دا فراوانبوو بۆ تۆڕێکی مەڵتیمیدیایی، ئەمڕۆش دەزگایەکی ناسراوی میدیاییە لەسەر ئاستی ناوچەکە و جیهاندا. تۆڕی میدیایی ڕووداو لەگەڵ پێشکەوتنە تەکنەلۆژییەکاندا لە بواری میدیاییدا لە نوێبوونەوەی بەردەوامدایە و لە داهاتووشدا ئەو پێشکەوتنانەی دەبینن.
لە چەند مانگی ڕابردوودا ڕووداو دەستیکردووە بە بەکارهێنانی سیستەمی گالەری ئۆتۆمەیشن وەک یەکەمین تەلەڤزیۆنی هەواڵیی لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، وەک تەلەڤزیۆنە پێشکەوتووەکانی ئەوروپا و ئەمریکا، ئەوەش وەک نموونەیەکی سەرکەوتن لەلایەن کۆمپانیا تایبەتمەندەکانەوە پیشاندەدرێت.
تۆڕی میدیایی ڕووداو، ئەمڕۆ بە چاوی ڕێزەوە دەڕوانێتە کار و ماندووبوونی یەک بە یەکی هاوکارەکانی، هەروەها هەموو ئەوانەش کە لە ڕابردوودا بەشداربوونە لە کار و پێشکەوتنی ڕووداو دا. هەروەها سوپاسی هەموو ئەوانە دەکەین کە بە تێبینی و ڕەخنەکانیان هاوکار و بەشدارن لە کاری تۆڕی میدیایی ڕووداو دا.
تۆڕی میدیایی ڕووداو
#29-05-2020#