بەداخەوە سەرو ماڵی جوتیارانمان لە ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم کەوتووەتە بەر ئاگری ڕق و کینە، سوتاندنی گەنمی جوتیارانمان لە مەخمورەوە بۆ #خانەقین# بە پرۆسەیەکی بەرنامە بۆ داڕێژراو دەزانین، کە ساڵانە چەند بارە دەبێتەوە و ڕەنجی ئەو ساڵەیان بە هەدەر دەدرێت.
پێشتریش وەک وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو داوامان لە #وەزارەتی پێشمەرگە# کردبوو سەرو ماڵی جوتیاران لەناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بپارێزن بەپێی گونجاوی شوێنەکان، بەڕێوەبەرایەتیەکانی کشتوکاڵیشمان داوایان لە یەکە ئیداریەکانی ئەو ناوچانە کردووە ڕێکاری پێویست بگرنەبەر بۆ پاراستنی گیان و ماڵی جوتیاران.
هەروەها نوێنەرمان لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵی حکومەتی فیدراڵ داوای کردووە دەغڵ و دانی جوتیاران لەو ناوچانە بپارێزرێت.
لێرەشەوە داوا لە وەزارەتی کشتوکاڵی حکومەتی عێراق و ئیدارەی پارێزگای #کەرکووک# و ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دەکەین و بەرپرسیارەتی پاراستنی سەرو ماڵی جوتیارانیان لەو ناوچانە لە ئەستۆدایە، لەگەڵ قەرەبووکردنەوەی زيانەکان.
وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو
#29-05-2020#