کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان
لە چل و پێنجەمین ساڵیادی دامەزراندنی #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان# و چل و چوار ساڵەی هەڵگیرسانەوەی شۆڕشی نوێی گەلەکەماندا، گەرمترین پیرۆزباییتان لێدەکەین. لەم یادەدا، بانگهێشتتان دەکەین پێکەوە تاوێک لە کاروانی خەباتی نەپساوەی پڕ شەهید و پڕ دەسکەوتی شۆڕشی نوێی گەلەکەمان ڕابمێنین. پێکەوە، سەری ڕێز و وەفا بۆ شەهیدەکانمان نەوی بکەین، کە لەپێناو سەرخستنی باوەڕە نەگۆڕەکانی یەکێتی بۆ ئاشتی و ئازادی، مافی چارەی خۆنووسین، دیموکراسی، مافی مرۆڤ، دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و دابینکردنی ژیانێکی باشتر بۆ خەڵکی کوردستان، گیانی خۆیان بەخشی. پێکەوە بەڵێن بدەین بە کەسوکاری سەربەرزیان، بە پێشمەرگەی مەفرەزە سەرەتاییەکان، بە ڕێکخستنە نهێنییەکان و سەرکردایەتیی ناوەوە و دەرەوەی وڵات، بە پارتیزانەکانی دوای ئەنفال، بە خەباتگێڕانی قۆناغە سەختەکانی خەباتی شاخ و شار، بە دەستەی دامەزرێنەری (ی.ن.ک)، بە ڕۆحی بەرزی سەرۆک #مام جەلال#، کە پابەندبین به و ئەمانەتە گرنگ و ئەرکە مێژووییەی دوای سەرکەوتنی کۆنگرەی چوار خراوەتە سەرشانمان. ئێمە لە سەرۆکایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بەڵێن دەدەین درێژەپێدەری ئەم کاروانە بین، دەسکەوتەکانی بپارێزین و دەسکەوتی زیاتری بخەینە سەر و لەم ساڵیادەدا، بە هەڵدانەوەی لاپەڕەیەکی نوێ، پێداگرتر بۆ دابینکردن و پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلی کوردستان، خەبات بکەین.
کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، هەر بە سروشت پێشەنگە. دوای نسکۆ و بێئومێدی، هیوای بەخشییەوە و شۆڕشی کوردایەتی هەڵگیرساندەوە، بە بڕوایەکی نەگۆڕ، لەپێناو مافی چارەی خۆنووسیندا خەباتی کرد و، تا گەیشتن بە دوا ئامانجیش بۆ هەموو قوربانیدانێک ئامادەیە. وەک چۆن لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕژێمی بەعسی دیکتاتۆردا پێشڕه و بووە، لە شەڕی دژە تیرۆریشدا، ئەوە یەکێتی بوو توانی لە کوردستانی باشوورەوە تا ڕۆژئاوا، شکست بە تیرۆر بهێنێت و هەوڵی داگیرکاری و ئەفسانەکەیان پووچەڵبکاتەوە. لەپێناوی ئایندەی کوردستاندا، یەکێتی هەزاران پێشمەرگە و سەدان فەرماندە و سەرکردەی قارەمانی بەختکردووە، هەربۆیەش لەلایەن کۆمەڵانی خەڵکەوە، نازناوی حزبی شەهیدانی پێ خەڵاتکراوە. بوونی شەهیدانی سەربەرزی یەکێتی لە هەموو پێکهاتە جیاوازەکانی کوردستان، سەلمێنەری باوەڕی ئه و تێکۆشەرانەیە بە داکۆکیی هەمیشەیی یەکێتی لە ماف و ئازادییەکانیان و، نیشاندەری متمانەی کەسوکاریانە، بە ئامانجی ڕەوا و خەباتی ڕوونی یەکێتییەکەتان. ئێمە لە یەکێتی نوێ، بە هیواوە لەگەڵتانین، باوەڕمان بە توانای ژنان و مامۆستایان و پیشەوەر و فەرمانبەران و سەرمایەدار و بازرگان و کاسبکارانی بازاڕ و ڕەنجدەرانی کوردەواری، لاوان و گەنجان و پێگەیشتووانی ئەم گەلە هەیە، کە باری لاری سەرشانی کوردستان ڕاست بکەینەوە و بێ دوودڵی، هەنگاو بەره و سەرکەوتن بنێین. لەم ڕێبازی چەپکە گوڵەشدا، کە هەڤاڵی کۆچکردوومان مام جەلال بۆی جێهێشتووین، دەرگامان کراوەیە بۆ هەر دۆست و دڵسۆزێک، کە بیەوێت لە ڕێی یەکێتییەوە خزمەتی نیشتمانەکەمان بکات. ئێمە دەمانەوێت شوێنی شیاو بە کەسی شیاو پڕبکەینەوە و، ژینگەیەکی کاری حزبی و حوکمڕانیی ئەوتۆ بڕەخسێنین، کە تیایدا گەنجان و خاوەن بڕوانامە و پسپۆڕییەکان، خەڵکانی ئاسایی و دڵسۆز، هەموو چین و توێژەکان بێ جیاوازی و بە یەکسانی، بتوانن دەرفەتی پێشخستنی خۆیان و بەرەوپێشبردنی کوردستانیان بۆ بڕەخسێندرێت و هیوایان بەم نیشتمانە، بۆ بگەڕێنرێتەوە.
هاونیشتمانیانی بەڕێز
لەم ساڵیادەدا، ڕایدەگەیەنین کە دوای کۆنگرە، یەکێتی نوێ، (خەباتی مافەکان)ی بەره و پێشبردووە. ئێمە لە سەرۆکایەتیی یەکێتی دەمانەوێت بە سوود وەرگرتنی تەواو لە بنەما فیکری و دامەزراوەییەکانی سۆشیاڵ دیموکرات و پیادەکردنی لە کۆی سیستمی حوکمڕانی دا، کێشە بنچینەییەکانی ئێستای هەرێمی کوردستان چارەسەر بکەین و، ئه و واقیعە بخوڵقێنین کە ڕۆحی شەهیدان و ویژدانمان ئاسوودە دەکات. کوردستانێک بنیادبنێین، کە تیایدا ماف و ئەرکەکان دادپەروەرانە و بەهاوسەنگی دابەشکرابن. قۆرخی سیاسی و ئابووری نەهێڵین و، حوکمڕانییەکی بەرپرسیار و پارێزەری مافی هاووڵاتی دروست بکەین. ژیانتان ئاسان و خۆشگوزەران بێت و، نەهێڵین چاوچنۆکیی سیاسی، قەیران لە دوای قەیران بنێتەوە. بڕوای تەواومان بەوەیە کە شاڕێی گەیشتن بەم ئامانجانە، دروستکردنی باڵانسی هێزە، ڕێزگرتنە لە پێگەی هاووڵاتی و ماف و لە ئازادییەکان، پابەندبوونە بە دەسەڵاتی دامەزراوەکان و، ملکەچکردنە بۆ سەروەریی یاسا لە هەموو ئاستەکاندا.
تا داڕشتنی دەستوورێکی گەلپەسەند بۆ هەرێم، هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەکان و گەڕاندنەوەی شکۆ بۆ پەرلەمان، کارایی بۆ حکومەت و بە نیشتمانیکردنی هێزە چەکدارەکان، لەم قۆناغەدا جێبەجێکردنی پرۆژەی (لامەرکەزیی ئیداریی و دارایی بۆ کوردستان) بە پێویست دەزانین. هەروەک لەرێکەوتنی سیاسی نێوان یەکێتی و پارتی بۆ پێکهێنانی کابینەی نۆیەم و کارنامەی حکومەتی هەرێمیشدا هاتووە، دەستوور، یاسا، جەماوەر و خواستی زۆرێک لە حزبەکانی تریش پشتیوانی لەم پرۆژەیە دەکەن. هەر بۆیە هەموو ڕێکارێکی سیاسی، یاسایی، ئیداری و مەدەنی بۆ پشتیوانیکردن لە لامەرکەزیی، دەگرینەبەر کە بێگومان دەبێتە هۆی زیادبوونی کارایی حکومەت و بەهێزبوونی هەرێمی کوردستان. بەکردەوە بەڵێنی ئەوەتان بۆ دەسەلمێنین کە یەکێتی حزبی خەڵکە و، بێ لەبەرچاوگرتنی هەڕەشە و گوشار و بەرژەوەندیی تایبەت، بەرگریکردن لە ماف و بەرژەوەندییەکانتان بە ئامانجی باڵای خۆی دەزانێت و بەرپرسیارە، کە خەباتی بۆ بکات. ئێمە لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، دەرگامان کراوەیە بۆ هەموو کەس و حزب و لایەن و جووڵانەوەیەک، تا لەسەر بەرژەوەندییە گشتییەکانی خەڵکی کوردستان، دەست لەناو دەست و لەپێناو ئایندەیەکی باشتر، تێبکۆشین. دەمانەوێت لە ناوخۆی هەرێم لەگەڵ هەمووان کۆدەنگ بین. هەر هێزێکی سیاسی، بۆ بنیاتنانەوەی کوردستان لەگەڵمان بێت، دەستی هاوکاریی دەخەینە ناو دەست.
لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکە، پەیوەندیی دراوسێیەتیی باش درێژە پێدەدەین و، لەگەڵ وڵاتانی پێشکەوتووی جیهان، بۆ پاراستنی مافەکانی گەلەکەمان، کار دەکەین. لەگەڵ هێز و لایەنە عیراقییەکان و پرۆسەی سیاسیی وڵات دەسازێین، بەڵام سازش ناکەین لەسەر ماف و دەسکەوتەکان، کە بە خوێنی دەیان هەزار قوربانی بەدەستهاتوون. یەکێتی بەردەوام دەبێت لە پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان، لە پارێزگاریکردن لە مافە دەستوورییەکانی گەلەکەمان و، لە خاوەندارێتیکردن لە #کەرکووک# و ناوچە دابڕێنراوەکان، بەپێی ماددەی 140 لە دەستووری وڵات خەبات دەکەین بۆ زامنکردنی یەکلاکردنەوەی کوردستانیبوونی چارەنووسیان. ئێمە باوەڕی تەواومان وایە تا کوردێک لە کەرکووک مابێت، یەکێتی دەمێنێت و تا یەکێتیش بمێنێت، بەرگریی دەکات لە کەرکووک و تەواوی خاک و خەڵکی کوردستان. لێرەوە یەکێتی پێداگر و پشتیوانە بۆ سەرخستنی دانوستانەکانی نێوان هەرێم و بەغدا، لەسەر مووچە و بودجەی هەرێم و، لەسەر یەکلاکردنەوەی چارەنووسی خاک و سنوور و دەسەڵاتەکانمان، بە پشتبەستن بە بنەما نیشتمانی و دەستوورییەکان.
ئەندامانی دڵسۆزی یەکێتی
لە چل و پێنجەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتییەکەتاندا، یاد و تێکۆشانی سەرۆک مام جەلال و سەرکردە نەمرەکان و شەهیدەکانمان بەرز دەنرخێنین، پێداگریی دەکەین لەسەر گرنگیی یەکێتیی ناو یەکێتی و دووپاتیدەکەینەوە کە یەکێتی، بە هەمووتانەوە پته و و یەکێتییە. ئەم ڕێگەیەش کە ئێمە لە سەرکردایەتیی نوێ گرتوومانەتە بەر، هەرچەند پڕ هەوراز و نشێو بێت، بەڵام هەرگیز کۆڵنادەین و بەردەوام دەبین. جێی شانازییشە کە لەم کاروانەدا تەنها نین و دەبینین ئەندامە دڵسۆزەکانی یەکێتی، بە خواستیان بۆ چاکسازی و بە پشتگیرییان لە (خەباتی مافەکان)، لەگەڵمانن و بۆ پاراستنی مافەکانی خەڵک و دەسکەوتەکانی کوردستان، تێدەکۆشن. بۆیە دڵنیاین بە پشتیوانیی ئێوە، بە دروستبوونی کۆدەنگیی نێوان هێزە سیاسییەکان و، بە یەکدڵی و یەکڕیزیی خەڵکی کوردستان، ئەم کاروانەش دەگاتە ئەنجام و وەک هەمیشە، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕۆڵی پێشەنگ و مێژوویی خۆی دەگێڕێت.
لەکۆتاییدا تەئکید لە هەڤاڵانی یەکێتی دەکەینەوە کە لەبەر خۆپارێزی و پابەندی بە ڕێنماییە تەندروستییەکانەوە هیچ گردبوونەوە و بۆنەیەکی جەماوەری ساز ناکرێت بە سەردانی مەزاری مامی گەورەشمانەوە. هەڤاڵانی یەکێتی هاوکار و پێشەنگ دەبن لە جێبەجێکردنی ڕێنماییەکان بۆ چاکەی گشتی و پاراستنی میللەتەکەمان. بەتایبەتی لەم شەپۆلی دووەمی نەخوازراوی کۆرۆنادا. هیوا دوارۆژی گەش بۆ هەمووان دەخوازین و دڵنیابن لە ئایندەی نزیکدا یادێکی شایستەی جەماوەری لە حزوری مەزاری سەرۆک مام جەلال دەکەینەوە..
بەرز و پیرۆز بێت یادی 45 ساڵەی دامەزراندنی (ی.ن.ک)
سەرۆکایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
#01-06-2020#