لە گوندی مەستەکانی دەشتی #شارەزوور#، کاتی هەڵکەندنی #پەتاتە#یە، وەک جوتیاران باسی دەکەن، ئەو پاتەیەی بەرهەمیان هێناوە جۆری سامتایە و بە تەواویی سروشتییە و لە خواردنیشدا تام و بۆنێکی خۆشی هەیە، دەشڵێن دەتوانن ڕۆژانە 100 تۆن پەتاتە بنێرنە بازاڕەکان، بەمەرجێک هاوکارییان بکرێت.
پەتاتە لە مانگی یەکەوە دەست دەکرێت بە چاندنی، لە هەموو زەوییەکیشدا ناکرێت، زەوییەکەی دەبێت فشۆڵ و شی بێت و نەلکێت بەیەکەوە، هەروەها قوڕ نەبێت و بەرز و وشک بێت، بەپێی خزمەتی پەتاتەکەش لەیەک دۆنم زەویدا، یەک تۆن بڕی نزیکەی 10 تۆن دەبڕێت.
دەشتی شارەزوور دەشتێکی بەپیت و بەرەکەتە و دەکەوێتە سنووری پارێزگای #سلێمانی#یەوە، جوتیاران ئەم سنوورە نیگەرانن کە حکومەت هاوکارییان ناکات، تەواوی ئامێر و پێداویستییەکانیان لەسەر گیرفانی خۆیان دەکڕن، یەک تۆن بنەتۆوی پەتاتەکەشیان بە 1200 دۆلار دەکڕن لە بازاڕدا.
پەتاتە چەندین جۆری هەیە، ئەریزۆنا، بەرشەلۆنە، سامتا و چەندینیتر، بەپێی خزمەتەکەشی بڕی بەرهەمەکەی دەگۆڕێت، بەشێوەی زانستی ئەگەر تۆوی پەتاتەکە ورد بێت، دۆنمێک 600 کیلۆی تێدەکرێت، بەڵام ئەگەر مامناوەند بێت بڕی 900 کیلۆی تێدەکرێت.
ئەو پەتاتەیەی لەگوندی مەستەکان کراوە، تەنها بۆ خواردن بەکاردێت، بۆ دروستکردنی چپس بەکارنایەت، تەواوی بەرهەمەکانیشیان لە ناوخۆی هەرێم و عێراق ساغ دەکەنەوە.
محەمەد عەبدوڵا ماوەی دوانرە ساڵە بەردەوام خەریکی چاندن و بەرهەمهێنانی پەتاتەیە، دەڵێت جۆری ئەو پەتاتەیەی چاندویانە جۆری سامتایە و ناوی زەرد و خواردنی خۆشە، دەشڵێت: ساڵی ڕابردوو 20 تۆن پەتاتەم چاندبوو، ئەمساڵ نزیکەی 90 تۆن پەتاتەم چاندووە، بەڵام حکومەت هیچ هاوکارییەکمان ناکات، تەنها سێ فەردە کوتیان پێداوم، تەواوی تێچووەکانی لەسەر گیرفانی خۆمانە، داواکارییشمان لە حکومەت ئەوەیە هاوکارییمان بکات، بەرپرسەکان بە ئێمەیان دەوت جوتیاران دەمیانکردووەتەوە و چاوەڕێی ئەوە دەکەن حکومەت موچەیان بداتێ.
محەمەد عەبدوڵای جوتیار وەک خۆی باسی دەکات، بە کارەکەی بژێوی 10 خێزان پەیدا دەکات.
سالار محەمەد جوتیارێکی دیکەیە، دەڵێت بەهۆی کارەکەیانەوە ڕۆژانە 30 بۆ 40 کرێکار کاریان بۆ دەکەن، تەنها داواکاریان لە حکومەتی هەرێم ئەوەیە، بەبازاڕکردنمان بۆ بکات و بەرهەمەکانمان ساغ بکاتەوە، کارێکی وانە کات لە مەرزەکانەوە بەقاچاغ بەروبووم لە دەرەوە هاوردە بکات.
سالار دەڵێت ئەگەر بازاڕ هەبێت ڕۆژانە دەتوانن 100 تۆن پەتاتە بخەنە بازاڕەکانی کوردستانەوە، نیگەرانە لەوەی کە دەینێرنە عەلوەکان کیلۆی 200 بۆ 250 دینار دەکات.[1]
#02-06-2020#