کێشەیەکی کۆمەڵایەتیی گوندی کەژەکی #سیدەکان# بووەتە هۆی ئەوەی هەزاران دار بەڕوو لە دەڤەری برادۆست سپی بکرێن، کە بەهۆیەوە وشکدەبن.
جووتیارێک باسی لەوە کرد کە زیاتر لە پێنج هەزار درەخت سپی کراون؛ جووتیارێکی دیکەش دەڵێ، کێشەکە لەسەر زەوی و زار و دیاریکردنی سنوور بووە، چەند کەسێک دارەکانیان بەم شێوەیە بریندارکردوون.
دارستانەکە بەپێی یاسا موڵکی گشتییە، سپیکردنیان بۆ دیاریکردنی سنوورە لەنێوان چەند بنەماڵەیەکدا. داری بەڕوو، کلیلی پاراستنی سیستەمی ژینگەیی زاگرۆسە، 150 جۆری لە جیهاندا هەیە، حەوت لەوانە موڵکی کوردستانن؛ گرنگترین دارە کە ئۆکسجینی تواوە بۆ گۆی زەوی دابیندەکات.
لێژنەیەکی دارستان و پاوانی #هەولێر# دارستانەکە دەپشکنن، بۆئەوەی بەپێی یاسای ژمارە 10ی ساڵی 2012 ئەنجامدەرانی کارەکە ڕووبەڕووی یاسا بکەنەوە.
عەبدولغەفور تاهیر، بەڕێوەبەری دارستان و پاوانی هەولێر ڕایگەیاند بەپێی جۆر و تەمەنی دارەکان سزادانمان هەیە، لە دوو ملیۆن دینار سزای پێبژاردن بۆ یەک دار دەستپێدەکات تاوەکو شەش ملیۆن دینار، سزای زیندانیکردنیشمان هەیە لە دوو ساڵ بۆ سێ ساڵ بۆ بڕینی هەر دارێک.
دار بەڕوو بەشێوەی خۆڕسک لە هەڵوەرینی بەرەکەیەوە دەڕوێ، لەبری پێویستبوونی بە ئاو، ئاو گلدەداتەوە بۆ زەوی. حەوت جۆر بەر دەگرێت، هەموویان دەچنە خانەی پیشەسازیی دەرمان. بەشێک لە بەرەکەی خۆراکی مرۆڤە، بەشێک لە باڵندە و ئاژەڵە کێویەکانیش لەسەر بەرهەمی ئەم دارە دەژین.[1]
#03-06-2020#