لە ساڵی 2006ەوە سەرمایەدارانی کوردستان 46 ملیار دۆلاریان لە پرۆژەکانی ناو هەرێمی کوردستاندا خەرجکردووە، بەپێی داتای دەستەی وەبەرهێنان ئەو سەرمایەدارانەی پارەی خۆیان بۆ ئاوەدانی و پێشخستنی کوردستان تەرخانکردووە 50%یان خەڵکی پارێزگای #هەولێر#ن و 50%ی دیکەش سەرمایەدارانی #سلێمانی# و #دهۆک#ن.
لە ساڵی 2017 دا 11 ملیاردێر و 5 هەزار ملیۆنێر لە کوردستان هەبوون. زۆربەیان پرۆژەی نیشتەجێبوونیان دروستکردووە، ئێستا سەرمایەدارێکی کوردستان باخچەی ئاژەڵانی لە هەولێر دروستکردووە. پرۆژەکە لەسەر 200 دۆنم زەوی بە بڕی 95 ملیۆن دۆلار دروستکراوە، 180 جۆر ئاژەڵ و باڵندەی تێدایە.
لە ماوەی دە ساڵدا 70٪ی پرۆژەکە تەواو بووە و 5 ساڵی دیکەش پرۆژەکە هەمووی تەواودەکرێت. هێرش خۆشناو کە خاوەنی پرۆژەکەیە زیاتر لە 30 ساڵە لە ناوخۆ و دەرەوەی هەرێمی کوردستان سەرمایەگوزاری دەکات و هەلی کاری بۆ نزیکەی 400 کەس ڕەخساندووە.
هێرش خۆشناو، سەرمایەداری دانیشتووی هەولێر و خاوەنی باخچەی ئاژەڵان ئەگەرچی بەشێکی زۆری سەرمایەکەی لە کوردستانە بەڵام بە سەبەتەیەکی ترسناک ناویدەبات و بە تۆڕی میدیایی ڕووداوی ڕاگەیاند: باوەڕمان بەوە هەیە هەموو هێلکەکان لە سەبەتەیەک نەبێ، چونکە سەبەتەی عێراق بەگشتی و کوردستانیش کە بەشێکە لە عێراق بەڕاستی ترسناکە، زۆر ترسناکە، دیتیشمان زۆر لە سەرمایەداران و وەبەرهێنەران تووشی شکستی گەورە بوون. هەبوو خۆی کوشت هەبوو تووشی ئیفلاس بوو، هەبوو بەداخەوە ڕایکرد. پێویستە حکومەت سەیری سەرمایەداران وەک بەشێک لە حکومەت بکات.
پرۆژەکانی نیشتەجێبوون یەکێکن لە بژاردە سەرەکییەکانی سەرمایەگوزاران لە هەرێمی کوردستان بۆ سەرمایەگوزاری، چونکە زۆربەیان پێیانوایە لەم کەرتەدا سوودی سەرمایە زووتر دەگەڕێتەوەو هەمیش سەرمایەکە پارێزراوترە.
خاوەنی پرۆژەیەکی نیشتەجێبوون لە زیاتر لە 57 پرۆژەی جیاجیادا سەرمایەگوزاری کردووە. لە کۆی پرۆژەکانیدا زیاتر لە 300 کەس کار دەکەن.
سەردار سابیر، سەرمایەدارێکی هەرێمی کوردستان دەڵێت: من وەکو بازرگانێک دەتوانم بڵێم 100%ی سەرمایەکەی من لە کوردستانە، هیچ بازرگانییەکم نییە لە دەرەوەی وڵات. تەنها پرۆژەیەکی دیکەم لە کەربەلا هەیە کە پرۆژەیەکی گەورەیە، ئەویش لەپاش ئەوەیکە لە کوردستان پێدانی مۆڵەت ڕاوەستا.
لە هەرێمی کوردستان ئاماری فەرمی لەبارەی سەرمایەداران و قەبارەی سەرمایەکانیان ڕانەگەیەندراوە، فەتحی محەممەد ڕاوێژکار لە #وەزارەتی بازرگانی# و پیشەسازی بە ڕووداوی ڕاگەیاند: ئەوانەی کە لە کوردستان سەرمایەکەیان گەورە بێت لە 100 سەرمایەدار زیاتر بوون. ئەو پرۆژانەی کە ئەنجامیانداوە هەروەکو ئاماژەم پێکرد، پرۆژەی نیشتەجێبوون بوو وەک نمرە یەک، دووەم کەرت کە ئەنجامیانداوە پرۆژەکانیان لە بوواری پیشەسازی بووە، سەرمایەدار هەبوو لە کازاخستان و ئەرمینیا پرۆژەی گەورەی نیشتەجێبوون و هەروەها هوتێلی ئەنجامداوە.
بەگوتەی گوتەبێژی یەکێتی وەبەرهێنەران، لەساڵی 2017، 11 ملیاردێر و 5 هەزار ملیۆنێر هەبوون. بەپێی توێژینەوەیەک لە هەمان ساڵدا، 5 ملیۆنێر هەن کە سامانەکەیان دەگاتە سەرووی 400 ملیۆن دۆلار. ئەم ژمارەیەش زیاترە لە ژمارەی ئەو سەرمایەدارانەی کە لە هەر یەک لە وڵاتانی ئیتاڵیا و هۆڵەندا خاوەنی ئەو قەبارەیە لە سەرمایەن.
بەپێی توێژینەوەکە، 50٪ی سەرمایەدارانی هەرێمی کوردستان دانیشتووی شاری هەولێرن و دهۆک و سلێمانیش بە پلەی دووەم و سێیەم دێن. ئامارەکانی دەستەی وەبەرهێنان دەریدەخەن لە ساڵی 2006ەوە تا ئێستا، سەرمایەدارانی ناوخۆیی بە بەهای 46 ملیار دۆلار لە نزیکەی 844 پرۆژەی جیاوازدا سەرمایەگوزارییان کردووە.[1]
#04-06-2020#