شاندی پارتەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کورد و ئەنجومەنی نیشتیمانی کورد ئەنەکەسە کۆتاییهاتنی قۆناغی یەکەمی گفتوگۆکانیان بۆ یەکڕیزی کورد لە ڕۆژئاوا ڕاگەیاند.
ئەمڕۆ کۆتایی بە قۆناغی یەکەمی گفتوگۆی پارتەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کورد و ئەنەکەسە لە ڕۆژئاوای کوردستان لەسەر بنەمای تێڕوانینی سیاسی هاوبەش بە سەرکەوتوویی کۆتاییهات.
بەپێی بەیاننامەیەکی هەردوولا کە بڵاویانکردووەتەوە، ڕێککەوتننامەی ساڵی 2014ی #دهۆک# کراوەتە بنەمای پەیوەندی گفتوگۆکانی نێوانیان کە ئەمەش دەقەکەیەتی:
لە 16ی حوزەیرانی 2020 ئەنەکەسە و پارتەکانی یەکێتی نیشتیمانی کورد لە شاری #حەسەکە# قۆناغی یەکەمی گفتوگۆکانیان لەپیناو یەکڕیزی کورد کۆتایی پێهێناو هەردوولا گەیشتنە تێڕوانینێکی سیاسی هاوبەش و پابەند و لێکتێگەیشتنی سەرەتایی، لەسەر بنەمای ڕێککەوتنی 2014ی دهۆک لەبارەی بەڕێوەبردنی هاوبەش لە ئیدارە و پاراستنی ئەمن لەسەربنەمای گفتوگۆی بەردەوام لە نێوان هەردوولا، بە ئامانجی گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی گشتگیر لە ئایندەیەکی نزیکدا.
هەردوو شاندەکە جەختیان لە گرنگی هاوکاری و یەکڕیزی کورد لە سوریا و پاراستنی دەستەکەوتەکان کردەوە، کە هەنگاوێکی مێژوویی گرنگ بوو بۆ لێکتێگەیشتنی گەورە و هاوکاری ڕاستەوخۆ کە گەلی کورد لە سوریا و سورییەکان بە هەموو پێکهاتەکانەوە سودمەندبوون لێی، پێداگریشیان لەسەر ئەوە کردەوە کارەکانیان وەفایەکە بۆ قوربانیدانی کوڕان و کچانی سوریا بەتایبەت شەهید و بریندارەکانی ڕۆژئاوای کوردستان و خێزانەکانیان کە بە گیانی خۆیان قوربانییان لەو ڕێگایەدا بەخشی بۆ پاراستنی جیهان لە دژی داگیرکارییەکانی #داعش#.
ئەم لێکتێگەیشتنانە یەکەمین هەنگاوی گرنگە کە بە سەرپەرشتی یاریدەدەری جێگری نوێنەری تایبەتی ئەمریکا لە هاوپەیمانی نیودەوڵەتی ولیام ڕوباک و فەرماندەی گشتی #قەسەدە# مەزڵوم کۆبانێ بەردەوام دەبن، شاندی هەردوولا سوپاسی مەزڵوم کۆبانێیان کرد لەسەر ئەو دەستپێشخەرییە بۆ یەکگرتنی کورد لە سوریا و پاڵپشتییەکانی نیچیرڤان بارزانی و #مەسعود بارزانی#، هەروەها سوپاسی ویلایەتە یەکگرتووەکانیش دەکەن بۆ پاڵپشتییەکان لەبارەی یەکڕیزی کوردو هەوڵدان بۆ ئاییندەی سوریایەکی دیموکرات و فرە ڕەنگ لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لەهەموو پێکهاتەکان.[1]
#17-06-2020#