دیسان قەیرانە و کێشە لە دوای کێشە بەرۆکی خەڵکی بێپشتیوان و داماوی کوردستانی گرتووەتەوە. پێ ناچێت ئەم گەلە بەش مەینەتە جارێ بەم زووانە ڕووی خۆشی و بەختەوەری بە خۆوە ببینن.
بەرپرسانی دەمودەزگاکانی جێبەجێکار، بەتایبەت پارێزگاری هێژا و کاربەدەستانی فەرمانگەی پارێزگ، هەروا کە ئاگادارن ڤایرۆسی کۆڤید 19 سەرلەنوێ دەرکەوتووەتەوە و لە شەپۆلی دووەمدا بە نیشانەگەلێکی جیاوازتر و نادیارتر و بە هێزێکی کوژێنەرتر خۆی نواندووە. ئەم ڤایرۆسە ئەگەرچی لە شەپۆلی یەکەمدا توانی زەربەیەکی تا ڕادەیەک خراپ لە جەستەی کوردستان بدات، لە شەپۆلی دووەمدا و لە ئێستادا خەریکە بە تێکڕا لەنێومان دەبات و بەر بووەتە گیان و ماڵی هەموومان، بەتایبەت لە شاری #سنە#. لەم شارەدا کۆرۆنا هێڵە سوورەکانی بەزاندووە و خەریکە بە سنووری کارەسات نزیک دەبێتەوە. بەڵام داخەکەم هێشتا بەرپرسانی حوکمی و دەوڵەتی لە خەودان و نایانهەوێت بێدار ببنەوە.
یەککێ لە سەرەتاییترین ئەرکەکانی دەوڵەت پاراستنی ماڵ و حاڵی خەڵکە لە کاتی قەیران و کارەساتەکاندا. ڕاگەیاندنی دابڕگە و دابینکردنی مووچە و کەلوپەلی پێویست بەم دۆخە لە سەرەکیترین ئەرکەکانی دەسەڵاتە کە بەداخەوە نەک جێبەجێ نەبووە، سەرجەم بڕیارەکان یارمەتیدەری بڵاوبوونەوەی زیاتری کۆرۆنا بووە.
دوای بیستنی هەواڵی ڕۆژانەی مردنی نزیک بە 20 کەس لە ڕۆژدا تەنیا لە شاری سنە، هیچ کارێک بۆ پێشگرتن بە نزیکبوونەوە بە کارەسات ناکرێت و کەس نازانێت دەوڵەت چاوەڕوانی چییە. خەڵکی هەژار و بێدەرەتانی کورد دوای ئەم هەمووە نەهامەتییە، نابێ ئەمە وەڵام و چارەنووسیان بێت. بۆیە ئێمە وەکوو لایەنە مەدەنییەکانی کوردستان بە ئەوپەڕی جیددییەتەوە داوا لە بەرپرسانی پێوەندیدار دەکەین کە بە شێوەی فەرمی دابڕگە ڕابگەیەنن و مووچەی یەک مانگی کرێکاران و چینی هەژاری کۆمەڵگا لە سەرچاوەی بودجە گەڕاوکانی پارێزگا کە لە سەردەمی پارێزگارە پێشووەکان گەڕاوەتەوە بۆ ناوەند، دابین بکەن و تەواوی کاروباری پێویست بەم دابڕگە لە پێش بگرن تا لانیکەم خەڵک بتوانن بۆ یەک مانگ لە ماڵدا بمێننەوە و لەم کارەساتەدا خۆ بپارێزن.
ئەم داواکارییە بە ئەوپەڕی جیددییەتەوە شوێنی دەگرین تا بگاتە ئاکام.
ئەگەر دەوڵەت توانای پاراستنی خەڵکی لەم دۆخەدا نییە، ئەوە دەبێ بە شێوەی فەرمی ڕایبگەیەنن و پاشکەشە بکەن تا خەڵک دەست بکەن بە بەڕێوەبردنی خۆیان و ڕێگەچارەیەک بدۆزنەوە لە دۆخی تەشەنەسەندنی ڤایرۆسی کۆرۆنا. لە ئەگەری گوێ نەگرتنی بەرپرسانی پێوەندیدار، خەڵکەکەمان ئاگادار دەکەینەوە لە بڕیاری نادڵسۆزانەی بەرپرسان.
هەروەها داوا لە خەڵکی خۆشەویستمان دەکەین کە ڕەچاوی ڕێنوێنییە تەندروستییەکان بکەن تا بتوانین پێکەوە زۆرترین هەوڵمان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم پەتایە دابێت.
#18-06-2020#